ئاگر کەوتنەوەی گەورە نزیکە لە بوونە کارەساتێکی جیهانی

کەوتنەوەی ئاگری گەورە لە وڵاتاندا نزیکە لە بوونە کارەساتێکی جیهانی و سنوری وڵاتەکانی بڕیوە، هەریەک لە وڵاتانی ئیتاڵیا، ئیسپانیا، یۆنان و تورکیا لە ئاگردا دەسووتێن و پلەی گەرما بەرز بووەتەوە بۆ زیاتر لە ٤٠ پلەی سەدی کە بە خراپترین شەپۆلی گەرما دادەنرێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا.

 

بێریڤان کەمال

ئاگرکەوتنەوەی گەورە واتە سووتانی ڕووبەرێکی سروشتی گەورە لە دارستانەکان و سەوزایی، کە بە دیاریکراوی ناتوانرێت هۆکارەکەی دیاریبکرێت و ٪٥٠ ئاگرەکان هۆکارەکەی نەزانراوە، هەندێک کات سروشتییە یاخود بەهۆی چالاکیی مرۆڤەوە ڕوودەدات.

 

هۆکاری بەرزبوونەوەی مەترسی بۆ ڕوودانی ئاگرەکان، کەشوهەوای وشک و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بوونی بای بەهێزە، کە ئەو ئاگرانە دەبێتە هۆی تێکدانی هۆکارەکانی گواستنەوە، پەیوەندییەکان، خزمەتگوزاری غاز، ئاو و کارەبا.

هەروەها دەبێتە هۆی تێکچوونی کەشوهەوا و زیادبوونی ڕێژەی ئۆکسیدی کاربۆن، کە دەبێتە زیادبوونی پلەی گەرمای جیهان و لەدەستچوونی بەرووبوم و کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ.

 

ئاگرە گەورەکان و بورکانەکان لە نێوان ساڵەکانی ١٩٩٨-٢٠١٧ دا کاریگەری کردووەتە سەر ٦.٢ ملیۆن کەس و ٢٤٠٠ گیان لەدەستدان لە سەرتاسەری جیهاندا بەهۆی خنکان، برینداربوون و سووتان تۆمار کراوە، بەڵام قەبارە و فراوانی ئاگرەکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە ڕوو لە زیاد بوون دەکات.

ئاگرکەوتنەوە لە ئامازۆن-٢٠٢٠

هەموو کەسێک لەسەر ئەم هەسارەیە سوود لە تەندروستی ئەمازۆن وەردەگرێت، کە دارەکانی سەرچاوەی سەرەکی زیادبوونی ئۆکسجینە لەسەر زەوی، لە ساڵی ٢٠١٩دا ئاگر لە دارستانەکانی ئامازۆن کەوتەوە و بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بە سروشت و کەشوهەوای جیهان کەوت، کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ بوونە قوربانی و کاریگەرییەکی خراپی کردە سەر تەندروستی جیهان، زیاتر لە ٨٠ هەزار ئاگرکەوتنەوەی گەورە بوو کە ٪٨٠ زیاتر بوو بە بەراورد بەساڵی ٢٠١٨، ٩٦٠،٠٠ هێکتار زەوی و ٢.٣ ملیۆن ئاژەڵ سووتان.

 

ئاگرکەوتنەوەکان لە ساڵی ٢٠٢١

تورکیا

لە ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕابردوو ئاگر لە ١٤٩ ناوچە و دارستانی جیاواز لە باکوری کوردستان و تورکیا کەتووەتەوە، بە تایبەت ناوچە گەشتیارییەکانی ئەنتاڵیا و کەناراوەکانی دەریای ئیجە لە موگلا، مێرسین و دێرسیم.

هەرچەندە لەلایەن حکومەتەوە بەردەوام هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکان دەدرێت، ڕۆژانە بە نزیکەیی پێنج هەزار تیمی بەرگری شارستانی، ١٦ فڕۆکە و ٨٢٨ ئۆتۆمبێلی ئاگر کوژێنەوە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن، بەڵام ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە، زیانێکی گەورە بە سروشت و ئابووری تورکیا کەوتووە، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان زیان بە کێڵگە و بەروبومی ئاژەڵی و کشتوکاڵیان کەوتووە.

ئەمریکا

ساڵانە لە سەرانسەری ئەمریکادا، دارستانەکانی بە ئاگری گەورە دەسوتێنرێت، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان لەو شوێنەدا دەژین کە مەترسی گەورەی لەسەر دروستدەبێت، لە ساڵی ٢٠١٨دا زیاتر لە ٥٨ هەزار ئاگر کەوتووەتەوە و نزیکەی نۆ ملیۆن دۆنم لە سەرانسەری ئەمریکادا سووتاوە، لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٣٢ هەزار و ٥٩ ئاگر بە گشتی ٢.١ ملیۆن دۆنمی سوتاندووە.

 

زیاتر لە ٩٥٪ ی ڕۆژئاوا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وشکە ساڵیدایە، پلەکانی گەرما لە ئاستێکی بەرزدایە، لە ساڵی ٢٠٢١ لە سەرانسەری ئەمەریکادا ٣٧ هەزار و ٨٠٣ ئاگر کەوتووتەوە، زیاتر لە ٣ ملیۆن دۆنم زەوی سووتاون، زیاتر لە٢٢،٣٠٠ ئاگرکوژێنەوە و تیمەکانی بەڕێوەبردنی ڕووداو بەشداری دەکەن لە شەڕکردن لەگەڵ ئاگرەکاندا.

ئێران

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دارستانەکانی زاگرۆس سووتاون و بەشێکی زۆریشی لەناوچوون، لە ئێستادا دوای چەند ڕۆژێک بەشێک لە دارستانەکانی زاگرۆس لە گەرووی هایقار لە فیروز ئاباد سووتاوە و هەتا ئێستا ئاگرەکە کۆنتڕۆل نەکراوە.

لە دوای ئاگرکەوتنەوەکانی دارستانەکان زۆرێک پێیان وایە ئاگرەکە بەمەبەست کراوەتەوە، تا ئێستا حکومەت هیچ ڕێوشوێنی بۆ کوژاندنەوەی نەگرتووە بەر، ژینگەپارێزان و ڕای گشتیش بە خۆبەخشانە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن.

وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا

یۆنان

بەهۆی بڵاوبوونەوەی خێرای ئاگرێکی گەورەوە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لە دوورگەی ئیڤیای یۆنان، ناچار بوون بە بەلەم هەڵبێن، لە کاتی بڵاوبوونەوەی ئاگرەکەدا ماڵەکانیان وێران بوو، بەهۆی گڕی ئاگرەکەوە ئەو دوورگەیە لە باکوری ئەسینا، گوندەکانی ناچار کرد چۆڵی بکەن، ئاگرکەوتنەوەکان بووەتە هەڕەشە لە دەوروبەری پایتەختی یۆنان.

 

ئیتاڵیا

شاری پێسکارا لە ئیتاڵیا، شارێکە لەسەر دەریا بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرەوە و وێرانکردنی ناوچەکە دانیشتوانەکەی ناوچەکەیان چۆڵکرد و ٥ کەسیش برینداربوون، ٨٠٠ کەس ماڵەکانیان چۆڵکرد و ئاگرەکە بووەتە هۆی سووتانی نزیکەی ٥٣ هێکتار لە زەوی، تا ئێستاش ئاگرەکە بەردەوامە لە ناوچەکانی دیکە.

خزمەتگوزاری ئاگرکوژێنەوەی نێودەوڵەتی ئیتالیا ڕایگەیاند، کە لەم هەفتەیەدا زیاتر لە ٨٠٠ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراوە کە بە شێوەیەکی سەرەکی دەکەوێتە ناوچەکانی باشور.

ئیسپانیا

لە ئیسپانیا، دەیان کارمەندی ئاگرکوژێنەوە کە لە ڕێگەی فڕۆکەی ئاو بەردانەوە هەوڵی کوژاندنەوە دەدەن، لە شەڕدان لەگەڵ ئاگرێکی گەورەدا کە پاش نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە لە نزیک عەمبارەکەی سان جوان،٧٠ کیلۆمەتر دوور لە ڕۆژهەڵاتی مەدرید، لە هەوڵی کوژاندنەوەدابوون.

کارمەندانی ئاگرکوژێنەوەکان وتیان یەکشەممە ئەوان توانیوویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام دەسەڵاتدارانی ناوچەکە خەڵکیان ئاگادارکردەوە کە دوور کەونەوە لە کۆگاکە، کە شوێنێکی بەناوبانگە بۆ دانیشتوانی پایتەختی ئیسپانیا.

 

فینلەندا

فینلەندا بەردەوامە لە شەڕ لەگەڵ خراپترین ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی لە نیو سەدەدا و لە ماوەی هاوینێکی زۆر گەرمدا نزیکەی ٣٠٠ هێکتار لە دۆڵێکی باکوری ڕۆژئاوا وێران بوون، ئاگرەکە ڕۆژی دووشەممە نزیکەی ٢٥ کیلۆمەتر لە باشووری شارۆچکەی بەندەری بچووکی کالەجۆکی کەنداوی بۆتنیا دەستیپێکرد، کە نزیکەی ٥٠٠ کیلۆمەتر لە باکوری هێلسینکی پایتەختەوە دوورە.

بە بەردەوامی تیمەکانی ئاگر کوژێننەوە لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدان، تا ئێستا ٢٥٠کەس کە لەنێویاندا سەربازی سوپا و چوار هەلیکۆپتەریش هەن کار بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەکەن.

 

ت.پ