وشکەساڵی ڕووبەڕووی سەیرانگای کونەماسی بووەتەوە

کونەماسی یەکێکە لە سەیرانگا ناوازەکانی ناوچەی شارباژێڕ، ناوچەیەکی گەشتیارییە و ساڵانە هاوڵاتیان سەردانی دەکەن بە مەبەستی بەڕێکردنی کاتەکانیان، بەڵام ئەمساڵ ژمارەی سەردانیکەران کەمی کردووە بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوەکەی و وشکەساڵییەوە.

 

شنیار بایز

سلێمانی- کونەماسی یەکێکە لە سەیرانگا دڵگیرەکانی گوندی کونەماسی کە کەتووەتە ناحیەی گاپیڵۆن لە ناوچەی شارباژێڕ سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە ڕووی جوگرافیاوە کونەماسی لە باکور هاوسنورە لەگەڵ گوندی دۆڵبێشکی شێخان، لە باشور لەگەڵ گوندی کارێزە و لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ گوندی بەردەشینی خواروو، هەروەها لە ڕۆژئاوا لەگەڵ گوندی باڵخ یەکدەگرێتەوە.

 

ساڵانە و بەتایبەت لە وەرزی هاویندا هاوڵاتیان سەردانی ئەم سەیرانگایە دەکەن، بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش لە خێزان و هاوڕێکانیاندا، لەمساڵیشدا وەک هەموو ساڵێکی دیکە هاوڵاتیان سەردانی کونەماسیان کردووە، بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمتر، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونەوەی ئاوەکەی.

 

بەهۆی وشکەساڵییەوە ئاوی کونەماسی کەمیکردووە

بە هۆی کەمی باران، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، وشکەساڵییەوە، زۆر ناوچە ڕووبەڕووی بێ ئاوی بوونەتەوە، کونەماسیش یەکێکە لەناوچانە، ساڵانە بەهۆی زۆری ئاوەکەیەوە هاوڵاتیان بە وریاییەوە دەچوونە نزیکی و چەندین جاریش هەواڵی خنکانی هاوڵاتیان لەکاتی مەلەدا بڵاوبووەتوە، بەڵام ئەمساڵ بە جۆرێک ئاوەکەی کەمی کردووە بنکی ئاوەکە بە ئاسانی دەبینرێت.

 

ت.پ