لە پێناو پاراستنی ژینگە، چالاکییەکی هۆشیاریی بەڕێوەچوو

بەهۆی ئەوەی ژینگە بەردەوام پیس دەکرێت، ڕێکخراوە حکومی و مەدەنییەکان لە سلێمانی چالاکییەکی ژینگەییان ساز کردو تیایدا بە چەندین ڕێگای جیاواز هۆشیارییان بۆ پاراستنی ژینگە بڵاوکردەوە.

سلێمانی

سەرلە بەیانی ئەمڕۆ ٣١ی ئادار، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی بە هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی، تۆڕی زەوی، ڕێکخراوی پاکۆ بۆ پاراستنی ئاژەڵان، چالاکییەکی ژینگەیی، تەندروستی و ئاژەڵدۆستی لە پارکی ئازادی ڕێکخست.

 

چالاکییەکە لە کۆمەڵێک چالاکی وەک وێنە کێشان، بینینی ئاژەڵ، ئەنجامدانی شانۆگەری پێکهاتبوو، کە کۆی گشتی ئامانج لێی گەیاندنی پەیامی ژینگە دۆستی و پاراستنی ژینگە بوو.

 

پزیشک لاڤین وەهاب، وەک نوێنەری ڕێکخراوی پاکۆ باسی لە گرنگی چالاکی لەم شێوەیە کردوو وتی: "ئامانجمان هۆشیارکردنەوەی منداڵانە بەرامبەر بە ژینگە و ئاژەڵان هەروەها پێدانی ڕێنمایی بە منداڵان دەربارەی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵدا و ڕێگریکردن لە توندوتیژی بەرامبەر ئاژەڵان".

 

باسی لەوەکرد هەریەک لە لایەنەکان کە بەشداربوون بە چەندین چالاکی جیاواز و پێدانی ڕێنمایی بەشدارییان کردووە لە پێناو هۆشیارکردنەوەی گشتی لەناو کۆمەڵگەدا.

 

"گرنگە ژینگە بپارێزین لە پێناو هەبوونی ژیانێکی تەندروست"

نزا ئاری یەکێکە لەو خوێندکارانەی لە کۆمەڵگەی پەروەردەیی کوردجینیەسەوە بە ئەنجامدانی شانۆگەرییەک بەشداری کردووە، خوێندکاری پۆلی شەشەی سەرەتاییە و دەربارەی بەشداریکردنیان و شانۆگەرییەکەیان دەڵێت: "کۆی گشتی شانۆییەکەمان گەیاندنی پەیامی ژینگە پاراستنە، چونکە پێویستە هەمووان گرنگی بە ژینگە بدەن، لە شانۆییەکەدا دوو گروپین و دژی یەکین بەڵام دواجار ئەو گروپەی ژینگە پارێزن سەردەکەون و بە گشتی بانگەوازی بۆ پاراستنی ژینگە دەکەین".

 

تابلۆکانیان پەیامی پاراستنی ژینگە دەگەیەنێت

لانی سەربەست، خوێندکاری خوێندنگەی دیاربەکرە بەشداری کردووە لە چالاکییەکەدا بە کێشانی وێنەیەک کە باس لە پاراستنی ژینگە دەکات ئەویش لە ڕێگای چەند ڕێنماییەکەوە کە لە وێنەکەیدا دەیکێشێت.

 

هەروەها ژیلیا سەنگەر خوێندکاریکی دیکەیەو دەڵێت: "ئێمە ژینگەمان زۆر پیس کردووە بۆیە پێوستە ئەم کارە مەترسیدارە بوەستێنین"، ئاماژەی بەوەشدا ٢٠ خوێندکارن وێنە دەکێشن، باسی لە وێنەکەی کرد کە وێنەی زەوی کێشاوە دوور لە پیسبوونی ژینگە کە چەند دیمەنێکی جوان و تەندروست نیشان دەدات.