کاریگەرییەکانی خەڵوز لەسەر ژینگە و تەندروستی مرۆڤ

خەڵوز یەکێکە لەو مادانەی لە ئێستادا جیهان بە ڕێژەیەکی زۆر بەکاریدەهێنێت، لە کوردستان و وەرزی بەهاردا بە مەبەستی خواردن دروستکردن بەکارهێنەرێکی زۆری هەیە بێئاگا لەوەی زیانی مەترسیدار دروستدەکات لەسەر ژینگە و تەندروستی مرۆڤ.

ناوەندی هەواڵ

 

یەکێک لەو مادانەی زۆرترین بەکارهێنەری هەیە لە وەرزی بەهار و دەستپێکی نەورۆزدا، خەڵوزە، خەڵوز بە ڕێژەیەکی زۆر لەلایەن گەشتیاران و سەیرانکەران لە وەرزی بەهار بەکاردەهێنرێت بۆ کردنەوەی ئاگر و دروستکردنی خواردن، سەرەڕای ئەوەی هاوکارێکە بۆ دەستکەوتنی ئاگر، بەڵام زیاد بەکارهێنانی خەڵوز زیانی هەیە و جێگرەوەشی بەکارهێنانی داری وشکبووە بۆ کردنەوەی ئاگر و دەستکەوتنی گەرمی.

 

خەڵوز خودی خۆی بریتییە لە پاشماوە ڕووەکییەکان، کە بە گەرمی و گۆڕانی پەستان هەروەها تێپەڕبوونی کاتێکی زۆر بەسەریدا گۆڕانی جیۆلۆجی بەسەرداهاتووە، بووەتە کۆکراوەیەکی ڕەق و کیمیای گۆڕاو و بەشی زۆری لە کاربۆن و بە ڕێژەی ٪٧٠ لە کاربۆناس پێکدێت.

 

خەڵوز بە شێوەیەکی سەرەکی دەبێتە هۆی پیسبوونی، ئاو، هەوا و گەرمبوونی زەوی.

کاتێک خەڵوز دەسوتێت ژمارەیەک ژەهری هەوایی و پیسکەر بڵاودەکاتەوە کە بریتین لە "جیوە، لید، دی ئۆکسیدی سولفۆر، ئۆکسیدی نایترۆجین و کانزای جۆراو جۆری دیکە"، ئەم ماددە ژەهراوییانە زیانی ژینگەیی و تەندروستیشی دەبێت، هەندێک کات کاریگەری خراپ دەخاتە سەر ڕووەکەکان یاخود دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی نەخۆشیەکانی هەناسەدان، جگە لەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی زیان لەسەر مێشک، دڵ، نەخۆشییە دەماری و شێرپەنجەییەکان و هۆکارە بۆ مردنی پێشوەختە.

 

بە سووتانی خەڵوز خۆڵەمێشی لێ بەرهەمدێت، کە لە ماڵ یان لە کاتی گەشتدا، یاخود لە کارگەکان کە ساڵانە زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن تەن خۆڵەمێشی خەڵوز لە کارگەکانەوە بەرهەمدێت، بەکاردێت، ئەم خۆڵەمێشە لە دوای تێکەڵبوونی بە هەوا دەگەڕێتەوە بۆ گۆم و دەریاچەکان، بە تێپەربوونی کات دەتوانێت ئاوەڕۆکان و پێداویستیەکانی ئاوی خواردنەوە پیس بکات، کاریگەرییەکانی تری خەڵوز لەسەر ئاو، بریتین لە ئاوەڕۆی ترش لە کانە خەڵوزەکان، لە ناوبردنی جۆگەی چیاکان و دۆڵەکان، و پێکدادانی وزەی ئاو بە ڕووەکەکانی دیکەدا.

 

سوتانی خەڵوز کاریگەری لەسەر پلەی گەرمی جیهان دەکات

خەڵوز دەبێتە هۆی گۆڕانی ئاو و هەوا، کە مەترسیدارترین و درێژخایەنترین کاریگەری لەسەر پلەی گەرمی جیهان دروستدەکات، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی خەڵوز کە کاربۆنە، چونکە لەوکاتەی دەسوتێت لەگەڵ ئۆکسجین لە هەوادا کارلێک دەکەن بۆ بەرهەمهێنانی دی ئۆکسیدی کاربۆن، ئەویش گازێکی گەرمکەرە، کاتێک لە کەشوهەوادا بڵاودەبێتەوە، دی ئۆکسیدی کاربۆن وەک بەتانی کاردەکات، زەوی لەسەر دۆخی ئاسایی خۆی زیاتر گەرم دەکاتەوە.

 

لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی گەرمبوونی جیهان و چەندین دەرئەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە وەک، وشکەساڵی، بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا و لافاو، ڕێژەی مەترسی ئەو دەرئەنجامانە بەستراوەتەوە بە ڕێژەی بەکارهێنانی خەڵوز و سوتاندنی.

 

بۆیە پێویستە خەڵوز بە ڕێژەیەکی کەمتر بەکاربهێنرێت و زیاد لە پێویستی خۆی بەکارنەهێنرێت، تا ژینگە و ژیان نەکەونە بەر مەترسی خواستی مرۆڤەکان.

 

ت.پ