هۆشداری لە سێ گازە زیانبەخشەکەی بەرگەهەوای گۆی زەوی دەدرێت
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات و ئاماژە بەوەدەکات کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا هەر سێ گازە زیانبەخشەکەی بەرگەهەوای گۆی زەوی گەشتوونەتە بەرزترین ئاست.
ناوەندی هەواڵ
ئەو گازانە کە دووانەئۆکسیدی کاربۆن و میسان و نایترۆس ئۆکسایدن، مەترسییان لەسەر چینی ئۆزۆن دروستکردووە، زانایەکی ئەو بوارە لە ڕێکخراوی کەشناسی جیهانی ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە زیادبوونی گازی میسان لە ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ بەراورد بە ٣٠ ساڵی ڕابردوو، گەیشتووەتە بەرزترین ئاست.
لەو بارەیەوە د. ئۆکسانا تاراسۆڤا، زانای باڵا لە ڕێکخراوی کەشناسی جیهانی دەڵێت، "ئەگەر سەیری زیادبوونی گازی میسان بکەین، بەرزترین ئاستی تۆمارکردووە لە مێژووی چاودێریکردنمان ئەگەر بەراوردی بکەین بە ٣٠ ساڵی رابردوو کاتێک دەستمانکرد بە تۆمارکردنی زیادبوونی گازی میسان، ئەوەی لەماوەی ٢٠٢٠ تا ٢٠٢١ بینیمان بەرزترینە لەوەی لە ڕابردوو بینیومانە."
بەوتەی ڕێکخراوی کەشناسیی جیهانی، گازی نایترۆس ئۆکساید ئەگەر بچێتە بەرگەهەوای ستاتۆسفێر، چینی ئۆزۆن لاواز دەکات، ئەو چینەی هاوسەنگیی گەرمی و ساردیی گۆی زەوی ڕاگرتووە و ژیانی زەوی لە تیشکە زیانبەخشەکان پاراستووە.
بەگوێرەی پێوانەکردنی ڕێکخراوەکە، لە ساڵی ١٧٥٠ەوە چڕی گازی دووانەئۆکسیدی کاربۆن لە هەوادا بە ڕێژەی ٥٠٪ زیادیکردووە، گازی میسان بە ڕێژەی ١٦٢٪و نایترۆس ئۆکسایدیش بە ڕێژەی ٢٥٪.
ڕێکخراوی کەشناسی جیهانی ئاماژەی بەوەشکردووە کە وڵاتانی "G20" بەتەنیا بەرپرسن لە ٨٠٪ی ئەو گازە زیانبەخشانەی بە جیهاندا بڵاویدەکەنەوە، چین بەتەنیا ٣٠٪ی هەموو گازی دووانەئۆکسیدی کاربۆن بە ژینگەدا بڵاودەکاتەوە، ئەمریکاش بە پلەی دووەم دێت و ١٤٪ی ئەو گازانە بڵاودەکاتەوە.