خۆرگیران لە هەرێمی کوردستان ڕوویدا

ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان و بەشێکی جیهان دیاردەی خۆرگیران ڕوویدا، لە هەرێمی کوردستانیش لە پاش نیوەڕۆ کاتژمێر ١:٠٠ خۆرگیرانەکە دەستیپێکرد و ماوەی زیاتر لە دوو کاتژمێری خایاند و ڕێژەکەشی ٪١٤ بۆ ٪٥١ دەبێت.

سلێمانی

 

خۆرگیران کاتێک ڕوودەدات کە مانگ دەکەوێتە نێوان خۆر و زەوی، بەم شێوەیە سێبەری مانگ دەکەوێتە سەر بەشێک لە گۆی زەوی و تاریکی دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە خۆر و مانگ و زەوی بکەونە سەر یەک ھێڵی ڕاست و ڕیز ببن.

 

لە خۆرگیرانی تەواودا ناوەڕاستی خۆر بە شێوەی بازنەیەکی ڕەش و دەوروبەرەکەی ڕووناک دەردەکەوێت، ڕێژەی خۆرگیرانیش تاوەکو بەرەو نیوەگۆی باکووری زەوی بڕۆیت ڕێژەکەی زیاد دەکات و دەبێتە خۆرگیرانێکی تەواوەتی و لە نیوەگۆی باشووری زەویش خۆرگیرانەکە کەمدەکات و دەگاتە نزیکەی ٪١٥.

 

دیاردەی خۆرگیران زۆر دەگمەنە، بە پێی داتا گەردوونیەکان خۆرگیرانی تەواو بۆ ئەوەی لە هەمان شوێن دووبارە بێتەوە دەیەها ساڵی پێدەچێت، هەندێک جار ٣٠٠ ساڵی دەوێت بۆ ئەوەی جارێک لە هەمان شوێن دووبارە ببێتەوە، واتە ئەگەر مرۆڤ لەشوێنی خۆی نەجوڵێت و شارەکەی خۆی بەجێ نەهێڵێت، ئەوا ئەگەری بینینی خۆرگیرانی تەواوی زۆر کەم دەبێت لە ماوەی ژیانیدا.

 

خۆرگیرانی نیمچەیی لە هەرێمی كوردستاندا ڕوویدا

خۆرگیرانێكی نیمچەیی لە ئاسمانی هەرێمی كوردستان پاش نێوەڕۆی ئەمڕۆ دەستیپێکرد، یەکەم حاڵەتی خۆرگیران لە کاتژمێر ١٢:٥٦ی نیوەڕۆ لە زاخۆ ڕوویدا و لە کاتژمێر نزیکەی ٢:٠٠ی پاش نیوەڕۆ لە شاری سلێمانی خۆرگیرا.

 

پێوانە فەلەكییەكان، خۆرگیران بە ڕێژەی ٪١٤ بۆ ٪٥١  لە هەرێمی کوردستان ڕوویدا بۆ ماوەی زیاتر لە دوو کاتژمێر بەردەوام دەبێت، لە كاتژمێر ٣:٣٠ی پاش نیوەڕۆ دیاردەی خۆرگیرانی نیمچەیی لە هەرێمی كوردستان بەتەواوی كۆتایی پێدێت، بەهۆی دیاردەی خۆرگیرانەکەشەوە دەوامی فەرمی لە پاش نیوەڕۆدا لە ناوەندەکانی خوێندنی هەرێمی کوردستان ڕاگیرا.

 

دواجار لە هەرێمی کوردستان خۆرگیرانی تەواوەتی لە بەرواری ١١ی ئابی ساڵی ١٩٩٩ ڕوویدا، جێی ئاماژەیە خۆرگیرانی تەواو لە کوردستان جارێکی تر تاوەکو بەرواری ٣ی ئەیلولی ساڵی ٢٠٨١ ڕووناداتەوە.