چالاکوانانی ژینگەپارێز لەگەڵ هاتنی بەهاردا دەستیان بە چالاکییەکانیان کرد

چالاکوانانی ژینگەپارێز لە سەرەتای بەهارەوە دەستیان بە چالاکییەکانیان کرد و لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکار لە دامێنی چیای ئاویەر ڕاهێنانی دۆستایەتی سروشتیان ئەنجامدا و نەمامیان چاند.

سنە

 

لەگەڵ دەستپێکی بەهاردا بە هاوکاریی چالاکوانانی ژینگەپارێز، ژن و پیاوی ژینگەدۆست، چاندنی نەمام لە شاخەکانی سنە دەستپێدەکەن و خۆبەخشانە خزمەتی سروشتی شارەکە و نەمامەکان دەکەن، بە هاوکاری ژینگەدۆستان ڕۆژانە ئاوی نەمامەکان دەدەن و خۆشەویستی سروشتیان کردووە بە ڕۆتینی ژیانی خۆیان.

 

 سوهەیلا سولی و هاوکارەکانی، کۆمەڵێک چالاکوانی شاری سنەن لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهاردا دەست دەکەن بە چالاکییەکانیان، گەنجان فێری نەمام چاندن دەکەن و ساڵانە ژمارەیەک خوێندکار کە ئارەزووی نەمام چاندن دەکەن دەبەنە دڵی سروشت و ئاسانکاری و ڕاهێنانی پێویست بۆ نەمام چاندنیان بۆ دابین دەکەن.

 

شەممە، ١١ی ئادار، ژمارەیەک خوێندکار بە هاوکاری ئەم چالاکە ژینگەپارێزانە، بۆ فێربوونی چاندنی نەمام چوونە چیای ئاویەر (گوێزە کوێر) و دەستیان بە چاندنی نەمامەکان کرد، بەمەش خۆشەویستی  سروشت لەواندا دروست دەبێت و ڕەنگە لە داهاتوودا ئەوانیش ببنە یەکێک لەم چالاکوانە ژینگەپارێز و سروشتدۆستانە.

 

سوهەیلا سولی، چالاکوانی ژینگەپارێزی باسی لەوەکرد کە ئەرکیانە زەوی بەهێز و زیندوو ڕابگرن، چونکە درەختەکان بە سییەکانی هەناسەدانی زەوی دادەنرێت، وتی: دەبێت بزانین کام دار بۆ کام ناوچە گونجاوە، چاندنی نەمام ئاسانە، بەڵام مەرجی سەرەکی چاودێری و بەرپرسیارێتی دوای ئەوە، لە نیوەی دووەمی مانگی ئایارەوە ئاودان دەستپیدەکات و پێویستە هەفتەی دوو جار ئاو بدرێت، جەخت لەسەر ئاودێری دەکەینەوە بۆ خوێندکاران، چونکە ئێمە بەرپرسیارین لەو دارانەی کە دەیچێنین.

 

سوهەیلا سولی باسی لەوەکرد دارەکانی شاخی ئاویەر بادەم و گوێز و گوێزی کێوین و وتی: ئەم ناوچەیە بۆ درەختە کێوییەکان گونجاوە و تێیدا گەشە دەکەن، لێرەدا درەختی سروشتی لێیە کە سودی بەروبومی نییە، بەڵکو زیاتر ڕووپۆشی ناوچەکەی سەوز و سیمایەکی جوانی پێبەخشیوە، هەروەها پێویستی بە ئاودێری نییە و گەشەکردنی خێرایە، هەروەها چاندنی دار و نەمام و دواتر بەجێهێشتنی دەبێتە هۆی لەناوچوونی سروشت، بەمەش تەنها چاڵێک لە دڵی سروشتدا دروستدەکرێت و نەبووەتە هاوکارییەک بۆ ناوچەکە.

 

لە چالاکییەکەدا کە بۆ پەروەردەی منداڵان و دۆستایەتیان لەگەڵ سروشتدا ڕێکخرابوو، خوێندکاران نەمامی گەورە و بادەمی کێوییان بە هاوکاری چالاکوانی ژینگەپارێز لەو چاڵانەی ئامادەیان کردبوو، چاند و ناوی خۆیان لەسەر دانا، وەک پاڵنەرێک بۆ زیاتر خۆشەویستی سروشت و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر ژینگە.