پڕۆژەی "ژیان" جێگای بەرهەمی کولتووری دایکە

شەڤین محەمەد، وتەبێژی کۆمیتەی ئابووری کۆنگرەی ستاری کانتۆنی قامیشلۆ، سەبارەت بە ئامانجی پڕۆژەی ژیانی کولتووری کە لە دێرک گەشەی پێدراوە، وتی: "ئامانجمان لەم پرۆژەیە ئەوەیە کە ژنان ببنە خاوەن کار و بەرهەم و بگەڕێنەوە سەر خاکەکەیان".

ڕۆژ هۆزان

 

قامیشلۆ-دەستکەوتەکانی ژنان لە بەرهەمهێناندا ڕوو لەزیادبوون دەکات، ژنان بە ڕۆحێکی درەوشاوە و بە هەموو ڕەنگ و هەوڵێکەوە بەشدارن تێیدا، داهێنانی ژنان پێش مێژوو ئەمەی سەلماندووە و ئەمڕۆ لە سەدەی ٢١دا بە ڕەنج و بەرهەمهێنانی ئەو ژنانەدا دەژین.

 

لە شاری دێرک لە کانتۆنی قامیشلۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پرۆژەی "ژیان" لە لایەن کۆمیتەی ئابووری کۆنگرەی ستارەوە پەرەی پێدرا، کە پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی تایبەتە بە ژنانی دێرک و بەردەوامن لە کارکردن تێیدا.

 

ئەم پڕۆژەیە دەکەوێتە گوندی مەلەمەرزێ لە ڕۆژئاوای شاری دێرک و نزیکەی ٦٠ ژن بەشدارن ، هەموو جۆرەکانی کشتوکاڵ لە کێڵگەی گەنم و جۆ و نۆک و سەوزایی بە هەموو جۆرەکانییەوە لەخۆدەگرێت، لەم دواییانەدا چوار هەزار دار لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا چێندران.

 

"ئێمە بڕوایەکی بەهێزمان بە سەرکەوتنی پڕۆژەی ژیان هەیە"

شەڤین محەمەد، وتەبێژی کۆمیتەی ئابووری کۆنگرەی ستاری کانتۆنی قامیشلۆ سەبارەت بە گەشەپێدانی ئەم پڕۆژەیە وتی: بڕیارماندا و خستمانە جێبەجێکردنەوە، شاری دێرکمان بۆ پڕۆژەکە کردە بنەما، چونکە زەوییەکەی بۆ کشتوکاڵ گونجاوە، بێگومان ئێمە بڕوایەکی بەهێزمان بە سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە هەیە و بەرهەمی باشمان لێوەرگرتووە، ناوی پڕۆژەکەش ویستمان ئاماژە بە ژنان بکات کە هەموو وشەیەکی ژیان پەیوەندی بە ژنانەوە هەیە، ژنان و خاکیش هاوڕێیەتییەکی پتەویان لەگەڵ یەکتر هەیە، ئەم پڕۆژەیە لەسەر بنەمای بۆچوون و پێشنیاری ژنان بووە کە خۆیان دەتوانن پەرەی پێبدەن و گرنگی پێبدەن، هیوایەکی بەهێزمان بە ژنان داوە و ئێستا ژنان ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان لەم پڕۆژەیەدا بەرز دەکەنەوە.

 

چوار هەزار دار لەسەر ١٢٠ دۆنم زەوی چێندران

شەڤین محەمەد، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە گوندی مەلەمەرزێی سەربە دێرک-یان بۆ پرۆژەکە هەڵبژاردووە و وتیشی: ئەم گوندە بە دەوڵەمەندی زەوی و ئاو ناسراوە هەروەها بەقوربانیدانی ژنانی دێرک و خۆشەویستیان بۆ کشتوکاڵ بەناوبانگە، پڕۆژەکە سەرەتا وەک ئەزموونێک بۆ چاندنی کێڵگەی گەنم و جۆ و نۆک و نیسک دەستیپێکرد و لە ڕاستیدا بەرهەمەکەی زۆر باش بوو، سودی بە ژنان و ئابووری کۆمەڵگە بەخشی، دواتر سەوزەی هاوینەمان وەک تەماتە و باینجان  و بیبەر و بامێ و چەندین جۆری تر چاند و وەرزەکە زۆر باش بوو، تا ڕادەیەکی زۆر پێداویستیەکانمان دابینکرد،  ئەمساڵ بە جیاوازییەکی نوێ دەمانویست ئەم پڕۆژەیە پەرە پێبدەین و چوار هەزار داری میوە بەسەر ١٢٠ دۆنم زەویدا دابەش بکەین، وەک بینیمان ژنان دیسان بە کاری پیرۆزەوە بەشدارییان لەم پڕۆژەیەدا کرد و داری میوەی خۆیان وەک زەیتون و ترێ و هەنجیریان چاند، نزیکەی ٦٠ ژن بەشداری ئەو پڕۆژەیە دەکەن، ئامانجمان ئەوەیە کە ژنان ببنە خاوەنی کار و بەرهەم و بگەڕێنەوە سەر خاکەکەیان، کولتووری دایکانیش زیندوو بکەینەوە.

 

"ئێمە پاراستنی کۆمەڵگە بە ئابووری بەهێز دەکەین"

شەڤین محەمەد، تیشکی خستە سەر ئەو خراپییەی کە لە ئەنجامی شەڕەکاندا کاریگەری لەسەر ژینگە کردووە و وتیشی: هێزە دەسەڵاتدارەکان لە کاتی هێرشکردنە سەر وڵاتاندا هێرشی زیاتر دەکەنە سەر ژنان، ئەمڕۆ دەبینین کە چۆن هێرشەکانی سەر هەرێمەکەمان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کاریگەری لەسەر سروشت هەیە، ئەگەر بە ورییایەوە کار نەکەین سروشت هیچ بەرهەمێکمان ناداتێ، ئەمەش مەترسی لەسەر ئابووری کۆمەڵگە دروستدەکات و بارودۆخەکانی وەک گرانی نرخ و برسێتی سەرهەڵدەدات، بۆیە ئێمە وەک ژنان گەشە بە ئابووری خۆمان دەدەین، بۆ ئەوەی بتوانین وەڵامی هەموو هێرشەکانی سەر کۆمەڵگەکەمان بدەینەوە و بە ئابوورییەکی بەهێز کۆمەڵگە بپارێزین.