خۆڵبارین بووەتە هۆی دیاردەی پەنابەری ژینگەیی

بەپێی وتەی زانایانی کەشناسی بە شێوەیەکی گشتی لە زۆربەی شوێنەکانی جیهاندا خۆڵبارین ڕوودەدات بە تایبەت لە باکوری ئەفریقا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکا، عێراق و هەرێمی کوردستانیش، ئەگەرچی هێشتا بەهارە چەندین جار شەپۆڵی چڕی خۆڵبارین ڕووی تێکردووە.

بێریڤان شاهۆ

 

سلێمانی- دیاردەی خۆڵبارین یان هەوجانی خۆڵ بریتییە لە دیاردەیەکی کەشناسی بەردەوام لە ناوچە بیابانەکان ڕوودەدات، کاتێک کە بەرەیەکی گەردەلوول یان هێزی ڕەشەبا لە بڕی گونجاو دەبێتە هۆی هەڵگرتنی گەردەلوولی خۆڵ، بەتایبەتی ئەو دەنکە خۆڵانەی کە زۆر بچووکن لە سەر ڕووە وشکانییەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی دابڕانی دەنکە خۆڵەکە لەسەر ڕووی زەوی لە هەندێک شوێن و کۆبوونەوە و نیشتنەوەی لە هەندێ شوێنی دیکە.

 

بەڵام ئایا دیاردەی خۆڵبارین بە تەنیا دیاردەیەکی سروشتییە؟ مرۆڤەکان چەندە هۆکارن بۆ هاتنەئارای ئەم دیاردەیە؟ گرتنەوەی ئاوی ڕووبارەکان چەندە کاریگەری هەیە لەسەر بە بیابان بوون و خۆڵبارین و دیاردەی پەنابەری ژینگەیی؟

 

لە ئێستادا بەهۆی شەڕە بێ کۆتاکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بڕینەوە و تاڵانکردنی دارستانەکان و کەمبوونەوەی سەرچاوەی ئاوی سروشتییەوە زەوی تووشی وێرانکاری گەورە بووەتەوە، بە تایبەت دروستکردنی چەندین بەنداو لەسەر ڕووبارەکان و گرتنەوەی ئاوی ڕووبارەکان وەک فشار لەسەر ئەو وڵاتانەی ڕووباریان بەناودا تێپەڕ دەبێت و سەپاندنی هەژموونی خۆیان، کە پێشبینی دەکرێت شەڕی داهاتووی جیهان لەسەر ئاو بێت.

 

دیاردەی پەنابەری ژینگەیی

بەو هۆکارانەی باسکران، ژیان و ژینگە و دانیشتووان ڕووبەڕووی هەڕەشەی لەناوچوون دەبنەوە، هەروەها زیادبوونی کارگەکان و گرتنەوەی سەرچاوە ئاوییەکان کاریگەری لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان دروستدەکات و بە بیابان بوون ڕوودەدات و زریانی خۆڵبارین دروستدەبێت، هەروەها ئەو ناوچانەی کە ڕووبەری سەوزایی و سەرچاوەی ئاوی کەمە و ژمارەی دانیشتووان و بنیادنانی کەمە، "دیاردەی پەنابەری ژینگەیی" تێدا دروستدەبێت.

 

عێراق، وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە یەکێک لەو وڵاتانەیە ڕووبەڕووی زۆرترین شەپۆلی خۆڵبارین بووەتەوە، ئەم دۆخەش هۆکار گەلێکی زۆری لە پشتەوەیە، لەوانە بەکارهێنانی ڕێژەیەکی بەرچاو جوڵەی ئەتۆم و چەکی قورس و زیانبەخش و دروستبوونی شەڕ تێیدا، کە وایکردووە ڕادەی پتەوی و ئەستوری خاک کەمببێتەوە، هەروەها دروستکردنی بەنداو لەسەر دیجلە و فورات و گرتنەوەی ئاوی ڕووبارەکان لەسەر عێراق لەلایەن هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران ٪٥٠ ئاوی عێراقی کەمکردووەتەوە، بەمەش ڕێژەی سەوزایی عێراق کەمبووەتەوە و ساڵانە ١٠٠ هەزار دۆنم (٢٥٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە" زەوی کشتوکاڵی لەدەستدەدات.

 

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕایگەیاندووە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ لە عێراق دار خورما بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بۆ نمونە ٣٠ میلۆن دار خورما بۆ ١٠ میلیۆن دار خورما کەمبووەتەوە، ئەوەش بەشێکە لە هۆکاری زیادبوونی با و خۆڵبارین.

 

ڕێژەی خۆڵبارین لە عێراقدا زیاد دەکات

عێراق تا دێت زیاتر زریانی خۆڵبارینی تێیدا سەرهەڵدەدات، کەمتەرخەمی و نەبوونی پلانێکی تۆکمە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە هۆکارە بۆ چارەسەر نەکردنی ئەم دۆخە، بەمەش ژیانی خەڵک پشتگوێخراوە، وەک چارەسەریش بۆ ئەم دۆخە کۆتاییهێنانە بە شەڕ و ئاڵۆزییەکان، کەمکردنەوەی کارگە زیان بەخشەکان، پاکڕاگرتنی ژینگە، دروستکردنی کەمەری سەوزایی لە ناوچە وشکانییەکان و سەوزکردنەوەی دارستانەکانە.

 

ماوەی چەن ڕۆژێکە شەپۆلێکی زۆری خۆڵبارین چەندین پارێزگای عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کردووە، ئەم گەردەلوولە خۆڵبارینە بووەتە هۆی زیان گەیاندن بە ژینگەی ناوچەکە و تەندروستی هاوڵاتیان، پێنجشەممە ٥ی ئایاری ئەمساڵ، وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، لە پارێزگاکانی عێراق ٥ هەزار حاڵەتی تەنگەنەفەسی و یەک حاڵەتی مردن بەهۆی خۆڵبارینەوە تۆمارکراوە .

 

کاریگەرییەکانی خۆڵبارین لە سەر تەندروستی مرۆڤەکان:

-دەبێتە هۆی هەستیاری و وادەکات پێڵوی چاوەکان سوور ببنەوە و تووشی خوران بن.

-ئەو کەسانەی نەخۆشی تەنگەنەفەس و ڕەبۆیان هەیە لەگەڵ ئەم خۆڵبارینەدا حاڵەتەکانی زیاد دەکات.

-زۆرجار دەبێتە هۆی خۆرانی پێست و سوربوونەوەی نەخۆشی ئەکزیما.

-فشاری خوێن و خوێن بەربوون و هەوکردنی گوێچکەی ناوەڕاست زیاد دەکات.

 

ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە بەرامبەر خۆڵبارین:

-داخستنی دەرگا و پەنجەرەکان و پاککردنەوەی شوێنی خۆڵبارین.

-لە کاتی چوونە دەرەوە دەمامک ببەسرێت و ڕووپۆشی خۆت و شوێنی مانەوە بکەی بە بەردەوامی.

-زۆر خواردنەوەی شلەمەنی بەتایبەت لە کاتی شۆفێری و چوونە دەرەوەدا.

-خواردنی میوە و سەوزە بە بەردەوامی.