عێراق مەترسی ٣٠٠ زریانی خۆڵبارینی لە ساڵێکدا لەسەرە

عێراق وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، یەکێکە لەو وڵاتانەی ڕووبەڕووی زۆرترین ڕێژەی خۆڵبارین بووەتەوە و گۆڕانی کەشوهەواش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کردووە، لە کۆتا شەپۆلی خۆڵبارینیشدا ٥٠٠٠ کەس تووشی تەنگەنەفەسی بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

عێراق وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ساڵانە ڕووبەڕووی چەندین گەردەلولی خۆڵبارین دەبێتەوە و زیانی گەورە بەر ژینگە و سروشتەکەی دەگات، کاریگەری لەسەر سێکتەرەکانی تەندروستی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و ژینگەیی دروستکردووە، شەپۆلەکانی خۆڵبارین لە عێراقدا بەهۆی گەردەلولی بیابانەکانەوە دروستدەبێت و شەقامەکان، خانوو و دارەکانی شار یەک پارچە دەبێتە بلۆکی خۆڵین.

 

پێنجشەممە، ٥ی ئایار، وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند ٥ هەزار حاڵەتی تەنگەنەفەسی و یەک حاڵەتی مردن بەهۆی خۆڵبارینەوە تۆمارکراوە، هاوکات وەزیری ژینگەی عێراق لە لێدوانێکیدا زریانی خۆڵبارینی بە "دیاردەی پەنابەری ژینگەیی" بەناوکردووە، چونکە دانیشتووانی دەرەوەی شار و ناوچە کشتوکاڵی و بیابانییەکان ناچاربوون بەهۆی زریانەکەوە ناوچەکانی خۆیان بەجێبهێڵن.

 

ئەو وەزیرە هۆکاری دروستبوونی زریانی خۆڵبارینی گەڕاندەوە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاوی ڕووبارەکان، هەرچەندە وەزیر باسی لە پلانی وەزارەتەکەی کرد بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی خۆڵبارین، بەڵام ئاماژەی بەوەشدا کە عێراقییەکان باوەڕیان بە پلانەکانی وەزارەتی ژینگە نییە، بەهۆی کەمتەرخەمی و کەموکوڕی ڕابردووی وەزارەتەکە لە بواری ژینگەدا.

 

ڕاپۆرتێک؛ ٢٠ ساڵی داهاتوو ٣٠٠ زریانی خۆڵبارین لە ساڵیکدا ڕوودەدات

عێراق تا دێت زیاتر زریانی خۆڵبارینی تێدا سەرهەڵدەدات، هۆکارەکانیشی گۆرانی کەشوهەوا، وشکەساڵی، کەمبوونەوەی سەرچاوەی ئاویی و نەبوونی پلانی حکومەتە بۆ ژینگەی عێراق، هەروەها بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لەبارەی عێراقەوە ئاماژە بەوەکراوە کە عێراق لەنێوان ١١ وڵات دایە کە زیانی زۆری بەردەکەوێت بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، لە ڕاپۆرتەکانی ساڵانی ڕابردووی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا باس لەوەکراوە، لە ماوەی ٢٠ ساڵی داهاتوودا عێراق مەترسی ٣٠٠ زریانی خۆڵبارینی لە ساڵێکدا هەیە کە ڕووبدات.

 

لەلایەکی دیکەوە دوێنێ، ٧ی ئایار، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕێنماییەکی لەسەر پێرستی گۆڕانی ئاو و هەوا بڵاوکردەوە بۆ بەرزکردنەوەی لێکۆڵینەوەکان لەسەر کێشەکانی کەشوهەوا و دەستنیشانکردنی کاریگەرییان لە عێراق لە ڕێگەی تێڕوانینێکی ستراتیژیی یەکخراوەوە.