بەرزترین قەڵای لمین لە دانیمارک دروستکرا

بەرزترین قەڵای لمین لە جیهاندا لە شارۆچکەی بلۆخۆس لە دانیمارک دروستکرا، لە ئێستادا گەشتیاران دەتوانن سەردانی بکەن و تا هاتنی وەرزی زستان بەو شێوەیە دەمێنێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرزترین قەڵای لمین لە جیهاندا لە شارۆچکەی بلۆخۆس لە دانیمارک دروستکرا، بە پێی دیزاینەکەی نزیکەی ٥٠٠٠ تۆن لمی تێدا بەکارهێنراوە و بەرزییەکەی ٢١.١٦ مەترە کە توانی ڕیکۆردێکی نوێ لە کتێبی گینیسدا تۆمار بکات، کە ٣.٥ مەتر بەرزترە لە تۆماری قەڵای پێشووتر لە ئەڵمانیا کە ١٧.٦٦ مەتربوو و ٤٨٦٠ تۆن لمی تیادا بۆ بەکارهێنراوە کە لە ساڵی  ٢٠١٩ دروستکراوە.

 

 

قەڵاکە بۆ دوورکەوتنەوە لە داڕمان و ڕووخان وەک ئەوەی لە پێشووتردا هەبووە لەسەر شێوەی سێگۆشە دروستکراوە، بنیاتێکی دارین لە دەوریدا دروستکراوە بۆ ئەوەی ڕێگە بە هونەرمەندان بدات کە وێنە سەرسوڕهێن و سەرنجڕاکێشەکانیان لە ناو لمەکەدا بنەخشێنن.

ئەوەش وەک هەڕەمێک بووەتە یادەوەرییەک بۆ شارۆچکەی بچووکی بلۆخوس لە کەنار دەریا.

 

ویلفرێد ستیجگەری هۆڵندی قەڵا لمینەکەی دروستکردووە هەروەها لەلایەن ٣٠ لە باشترین پەیکەرتاشەکانی لمی جیهانەوە هاوکاری کراوە، ویلفرێد باسی لەوە کردووە کە ویستوویەتی قەڵاکە نوێنەرایەتی ئەو هێزە بکات کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی هەیبووە.

 

هەروەها ستیجگەری دروستکەری قەڵا هەڕەمییەکە ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو ڤایرۆسە لە هەموو شوێنێک ژیانی خەڵکی بەرێوەبردووە و وایکردووە خەڵکی لە خێزانەکانیان دووربکەونەوە و نەچنە شوێنە خۆشەکان  و هەروەها چالاکی ئەنجام نەدەن و لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە.

 

 

بەمەبەستی پتەوی و زیاتر پێکەوە هەڵچنین، لمەکە نزیکەی ١٠٪ قوڕو توێژێک لەگڵی تێدا بەکارهێنراوە بۆئەوەی دوای تەواوبوونی  بتوانێت خۆی لەباری ساردو بای پاییز و زستاندا ڕابگرێت، پێشبینیش دەکرێت قەڵاکە بە ڕاوەستاوی بمێنێتەوە هەتا مانگی شووبات یان ئازاری داهاتوو تا ئەو کاتەی کە سەهۆڵ و بەستنی سەخت لە خۆ دەگرێت.

 

دانیشتوانی بلۆخوس دڵخۆش بوون بە بینینی یەکگرتنەوەی تایبەتمەندیەکانی شارۆچکەکەیان لە ناو قەڵا لمیینەکەدا، وەک: خانووەکانی کەناردەریا و خانووەکانی ڕووناکی ، هەروەها وێناکردنی چالاکییە بەناوبانگەکانی وەک خلیسکێنەی سار ئاو و کۆلارەی ناو ئاو.