دووبارە بەرهەمهێنانەوەی تێڕوانینی باوکسالاری لە زمان و هۆنەری کولتووریدا

زۆر جار گۆرانییەکان و ئەدەبی کولتووری، چەمکەکانی دژی ژنان لە ژێر پەردەی پێکەنین یان پێداهەڵگوتندا دووبارە بەرهەم دەهەنەوە، کە تێڕوانینێکە ژنی بێ هاوژینی تەنها لە چوارچێوەی پەیوەندیی بە پیاوەوە دەناسێنێت، ئەمەش دەبێتە چەسپاندنی هاوکێشە باوکسالارییەکان.

سارا پورخەزری

 

کرماشان ـ لە سایەی سیستەمی باوکسالاریدا کە واتای وشەکان دەگۆڕێت، ڕستەی "ژنی بێ هاوژین" بەکاردێت بۆ پێاسەوکردنی ژنێک کە هاوژی ەکەی لەدەستداوە، لە کولتووری پیاوسالاریدا ئەم تایبەتمەندیە واتایەکی دەبێت کە لە دۆخی کۆمەڵایەتیی خۆی تێدەپەڕێت.

 

وشەکانی "ژن" و "کچ" لە زماندا تەنها ئاماژەن بۆ ڕەگەزی مێینە، بەڵام لە کولتووری پیاوسالاریدا، ئەم وشانە واتای جیاواز بەدەستدەهێنن، "کچ" لەم کولتوورەدا بە واتای کچی پاکیزە دێت، واتە بوونەوەرێک کە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی خێزانەکیدا دەمێنێتەوە، بەهای لە پاراستنی پاکیزەییدا دیاری دەکرێت، لە بەرامبەردا، "ژن" ئەو کەسەیە کە هاوسەرگیری کردووە و پاکیزەیی خۆی لەدەستداوە و بووەتە خزمەتکاری کەسێک کە پێی دەوترێت هاوژین.

 

فەریدە. خ، کە ڕۆژنامەنووسێکە لە کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وتی: ژنی بێ هاوژین لە کۆمەڵگەی باوکسالاریدا بە ژنێکی بێپشت و پەنا دادەنرێت، هەروەها باوەڕی باو لەنێو زۆرێک لە پیاواندا ئەوەیە کە ژنی بێ هاوژین باڵاترین پلەی بەدبەختی و مەینەتی بۆ دروست دەکات، ئێستا خەیاڵ بکە کە ئەم نیشانە قەدەغەکراوە لە کارێکی سەپێندراودا کە دەبێت هونەری بێت، لە ناکاو دەگاتە پلەی پێداهەڵکوتن و ستایش.

 

ڕوونیکردەوە، کە ئەم دژایەتییە ڕوونە پرسیارێکی بنەڕەتی دەخاتە ڕوو، بۆچی دەبێت وشەیەک کە هەمیشە بە بێڕێزیکردن و پەراوێزخستنەوە بەستراوەتەوە، لە ناکاو لە پێگەی بەرزکردنەوەدا دەركەوێت؟ وەڵامەکە ڕوونە؛ ئەم ستایشە ڕوکەشە تەنها ڕەنگدانەوەی تێڕوانینی کاڵاگری و ئامرازیی بێ هاوژینەکان، سیستەمی باوکسالاری، لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئەو وشە دژە ژنانانە بەڵام لە چوارچێوەیەکی جوان و شاعیرانەدا؛ هەوڵدەدات زەمینە خۆش بکات بۆ ئازاردانی ئەم ژنانە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر سەیری ناوەڕۆکی زۆرێک لەو هۆنراوانە بکەین کە نووسراون و ئاراستەی ژنی بێ هاوژین کراون، ئەوا شوێنەپێی قووڵی تێڕوانینە باوکسالارییەکان لە چینە وشەییەکانیدا دەبینینەوە، بۆ نموونە، لە یەکێک لە هۆنراوەکاندا گوێم لە پێناسەکردنی ژنی بی هاوژین بوو کە وەک ”بەکارهاتوو” ناوی دەبرد، بە باخچەیەکی بێ باخەوان ناساد کە هەر کەسێک دەتوانێت بەرهەمەکانی بدزێت، ئەم ڕستانە بە دەنگێکی گاڵتەجاڕانە و بە پێکەنینەوە دەوتران، بەڵام لە ڕاستیدا وێنەیەکی بێڕێزی و دژە ژنیان دووبارە بەرهەم دەهێناوەتەوە، ئەم چەشنە ناوەرۆکانە نەک تەنها شایەنی ڕەخنەی جدیین، بەڵکو دەبێت زۆر بە جدی و بە توندی مامەڵە لەگەڵ نووسەر و گۆرانیبێژەکانیشیان بکرێت.

 

کاتێک ڕق لێبوونەوەی ژنان لە زمانی ژیانی ڕۆژانەدا خۆی دەشارێتەوە

یەکێک لە ڕێگاکانی چەسپاندنی سیستەمی باوکسالاری بریتییە لە دووبارە کردنەوەی تێڕوانینەکانی دژی ژنان لە زمانی ژیانی ڕۆژانە و زمانی زارەکیدا، کە پرۆسەیەکە زمان دەگۆڕێت بۆ ئامرازێک بۆ دووبارە بەرهەمهێنانی جیاکاری و داڕشتنی کولتووری گشتی، زۆرێک لە وشە و هۆنراوە و دەقەکانی دژی ژنان لە بۆشایی ئەلیکترونی و ڕاگەیاندنەکاندا بێ هیچ ڕەخنە و پێداچوونەوەیەک دووبارە بڵاو دەکرێنەوە، زۆر جار ئەم تێڕوانینە ڤێڕێزییەگ ئەوەندە نهێنی و فێڵبازانەیە کە زۆرێک لە ژنانیش خۆیان هەستی پێ ناکەن، بەبێ مەبەست بەشداری لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەیدا دەکەن، لە ئەنجامدا، وێنە نموونەییە باوکسالارییەکان بەرەبەرە دەچەسپێنرێن و ئاسایی دەکرێنەوە.

 

ئارمیتا یاری (ناوی خوازراو)، ٢٨ ساڵ، وتی: لە ڕاستیدا ئێمە هەمیشە گوێمان لەم جۆرە گۆرانییانە دەگرت لە ناو ئۆتۆمبێلدا، تەنانەت لەسەریان دەمان بوون و  خۆشیمان دەردەبڕی، وەک گۆرانی ”ژنی بێ هاوژین”ی بەناوبانگ، بەڵام قەت بەو شێوازە بیرم نەکردەوە کە ئەم جۆرە فیگرانە لە پشت ئەم گۆرانییانە دەشاردرێنەوە، مۆسیقا بۆ من هەمیشە ئامرازێک بوو بۆ خۆشی و کاتبەسەربردن، نەک ڕەنگدانەوەی تێڕوانینێکی دژە ژنانە، تەنها ئێستا تێگەیشتم کە زۆرێک لەو ڕستەیانەی کە ئاراستەی ژنان دەکرێن بە لێهاتووییەکی نایابەوە شوێنی خۆیان لە ژیانی ڕۆژانەماندا گرتووە، تا ئەو ڕادەیەی خۆمان هەستیان پێ ناکەین، بەڵکو بەشداریش لە بڵاوکردنەوەیاندا دەکەین.

 

ئەم وتانە دەریدەخەن کە تا چەند زانیاری لای خودی ژنان ونە سەبارەت بەو ڕەفتارە دژە ژنانەی کە ئەنجامی دەدەن، بۆ ئەوەی وەک شتێکی ئاسایی یان باو دووبارەی بکەنەوە.

 

خەبات، ق، کە لە ئاهەنگەکاندا لە کرماشان گۆرانی دەڵێت، وتی: ئەو گۆرانییانەی کە لە ئاهەنگە هاوسەرگیرییەکاندا لەسەر ژنی بێ هاوژین دەیانڵێمەوە خاوەن ناوەڕۆکێکی تەنها گاڵتەجاڕانەن، ئامانجەکەیان زیادکردنی خۆشییە، ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لە تێڕوانینی گشتیدا، ژنی بێ هاوژین لە کۆمەڵگەدا سەرنجڕاکێشی و گرنگیدانی زیاتر نیشان دەدات، چونکە جارێکی تر بەدوای هاوبەشێکدا دەگەڕێت و دەیەوێت لە زووترین کاتدا هاوژینێکی نوێ بدۆزێتەوە، لەبەر ئەم هۆکارەیە، ئەم ژنانە زۆربەی کات جلوبەرگی جوان لەبەر دەکەن، زیاتر گرنگی بە ڕوخساریان دەدەن، زۆر نەرمتر لەگەڵ پیاواندا هەڵسوکەوت دەکەن، تاوەکو یەکێکیان لە کۆتاییدا لە ژێر باڵی خۆپارێزیدا بیبات و لە کۆمەڵگەدا بێ پشتوپەنا نەمێنێتەوە.

 

قسەکانی ئەو سەلمێنەری ئەوەیە کە تێڕوانینی باو بۆ بێ هاوژینەکان ئەوان کورت دەکاتەوە لەو کەسانەی کە بەدوای پیاوێکی جێگرەوەدا دەگەڕێن، لە ئەنجامدا ئەمە دەیانخاتە بەر مەترسی گاڵتەپێکردن، تێگەیشتنێک کە ئەوەندە دووبارە بووەتەوە کە هەندێک لە ژنانیش خۆیان قبوڵیان کردووە.

 

گلۆریا جین واکینز، کە بە "بيل هوكس" دەناسرێت، لە پورتوکەکەی خۆیدا "فێمینیزم بۆ هەمووان" ڕوونی دەکاتەوە، کە سیستەمی باوکسالاری تەنها پیاوان ناگرێتەوە، بەڵکو ژنانیش هاندەدات کە وێنە نموونەییە دژە ژنان لە ڕێگەی زمان و هۆشەکەیانەوە دووبارە بەرهەم بهێننەوە، لە سایەی ئەم تێڕوانینەدا، ژنی هاوژین کورت دەکرێتەوە بۆ وێنەی ژنێکی بێ پشتوپەنا، بوون و ناسنامەی تەنها لە چوارچێوەی پەیوەندیی بە پیاوەوە دەناسێنرێت.