چۆپی پەرستاری منداڵی نەبەکامە و خۆشەویستی بۆ منداڵەکان پاڵنەری بەردەوامییەتی لە کارەکەی

هەرچەندە چۆپی خولیای بەشی یاسا بووە، بەڵام پەرستاری دەبێتە ڕۆشنکەرەوەی ڕێگاکەی، هەمیشە بە چالاکییەکانی هەوڵی داوە خزمەت بە پیشە و هەموو نەخۆشەکانی بکات، بووەتە نمونەی ژنێکی گەنجی سەرکەتوو.

شنیار بایز

 

سلێمانی- چۆپی حەسیب، ژنێکی گەنجی ٢٤ ساڵە، پەرستاری منداڵانی نەبەکامە و مامۆستایشە، خوێنەرێکی باشە و لە ڕێگەی ڤیدیۆکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی دەکاتەوە، زانیاری بۆ بینەرەکانی دەخاتەڕوو.

 

چۆپی سەرەتا حەز بە بەشی یاسا دەکات، لە پۆلی ١٢ کۆنمرەیەکی بەرزتر لە یاسا دەهێنێت و بڕیار دەدات بچێتە بەشی پەرستاری، لەکاتێکدا چۆپی نەیدەزانی پەرستاری چییە و چی دەکات لە داهاتوودا.

 

"خولیاکەم لە ناو پیشەکەمدا بەدیکرد"

چۆپی حەسیب، ئاماژەی بەوەدا، لە کاتێکدا چووەتە ئەو بەشە وایزانیوە پزیشکە، بەڵام دواتر بۆی ڕوون بووەتەوە ئەو پەرستارە و کاری تایبەت بە خۆی هەیە، هەر بۆیە لە ئێستادا لە ڕێگای پەڕەکانییەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی هۆشیاری بڵاودەکاتەوە لەسەر کاری پەرستاری تا هاوڵاتیان بزانن ئەرکی پەرستار چییە، وەک خۆی دەڵێت: کاتێک دەچێتە بەشی پەرستاری بە تەواوی تێکەڵ بە بوارەکە دەبێت، هەوڵم دا خولیای خۆم و پیشەکەم یەکبخەم، وەک چۆن لە یاسادا داوای مافی هاوڵاتیانم دەکرد، لەم بەشەشدا خزمەت بە نەخۆشەکانم بکەم و هاوکاریان بکەم.

 

ئەو پەرستارە ڕوونیکردەوە، خوێندکار هەیە کاتێک ناچێتە ئەو بەشەی کە حەزی لێبووە وا هەست دەکات ژیان کۆتایی هاتووە، نازانێت دەکرێت ئەو لەو بوارەدا زیاتر سەرکەتوو بێت و دڵسۆزانە کار بکات، چونکە خۆشەویستی لە نێوان خۆت و بەشەکەت یاخود پیشەکەت، خولیای کاری زیاترت بۆ دروست دەکات.

 

"خۆبەرەوپێشبردن لە بواری کارەکەتدا هۆکاری سەرکەوتنی تۆیە"

دەربارەی دەستبەکاربوونی، چۆپی حەسیب باسی لەوەکرد، لە پاش مانگێک وەرگیرانی لەو بەشە ڕاستەوخۆ دەستی کردووە بە خوێندنەوە دەربارەی پەرستاری، بۆ ئەوەی زانیاری کۆبکاتەوە لەسەری و بزانێت کاری پەرستارێک چییە، چۆپی بۆ ئەوەی زیاتر لە پەرستاری تێبگات زۆرترین کاتی لە نەخۆشخانەکاندا بەسەردەبرد، تا کرداریانە ئەو هەنگاوانەی خوێندویەتی جێبەجێی بکات، وتیشی: ئەوەندە دەچوومە نەخۆشخانەکان هەندێک کات کارمەندەکان دەریان دەکردم، بەڵام من کۆڵم نەدەدا، هەر ئەمەش وایکرد پێش کۆتا تاقیکردنەوە لە قۆناغی چوارەمدا من هەلی کارم بۆ دەهات لەلایەن نەخۆشخانەکانەوە.

 

چۆپی باوەڕی بەوەیە کە دەبێت کەسەکان لە بواری کارکردنیاندا پێشبکەون، ئەگەر یەکەم ڕۆژی دەوام هەمان ئاست بیت لەگەڵ ڕۆژەکانی دواتر، واتە هیچ بەرەوپێشچوونێک دروست نەبووە، دەشڵێت: بەهۆی ئەوەی من بە زووترین کات کارم دەستکەوت، بە بەراورد بە هاوڕێکانم وام هەست دەکرد پاڵەوانم، بەڵام کە ئێستا لەوکاتەم دەڕوانم دەبینم من منداڵێک بووم، گومانی تێدا نییە ئەگەر ئێستاشم بەراورد بکەم بە دە ساڵی دیکە بێگومان هەر منداڵم لە بواری کارکردنمدا.

 

"هەرچەندە خێزان و کۆمەڵگە بەربەستم بوون بۆم، بەڵام توانیومە ئەوەی ئەمەوێت بەدەستی بهێنم"

چۆپی وزەیەکی زۆری هەیە بۆ کارەکەی خۆی، لەگەڵ ئەوەشدا سەرقاڵی ژەنینی گیتار، پیانۆ، خوێندنەوەی کتێب و وێنەکێشانە و دەستی نوسینیشی هەیە، هەروەها دەڵێت: کۆمەڵگە بەربەست بۆ هەموو کەس دروست دەکات بەتایبەت گەنجان، لە ناویشیاندا ژنانی گەنج، تەنانەت هەندێک کات خێزانەکەی خۆت بەربەستت بۆ دروست دەکەن بە ناوی پاراستنەوە بۆ ئەوەی نەکەویتە بەر لێشاوی قسەی کۆمەڵگە.

 

وتیشی: یەکێک بووم لەو کەسانەی خێزانەکەم ڕێگریان لێکردووم بەوەی ئەو کار و چالاکیانەی من هەمبوو بە پێویستیان نەدەزانی، یاخود نەیاندەویست من دەرکەوم لەبەر هێرشی کۆمەڵگە، بەڵام توانیم ئەو بەربەستانە تێبپەڕێنم و بگەمە ئەو ئامانجەی کە خۆم دەمویست، چونکە گومانی تێدا نییە لەگەڵ دەرکەوتنت چەند دەستخۆشیت بۆ دێت ئەوەندەش ڕەخنەت لێدەگیرێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە تۆ لە هەوڵەکانی خۆت بەردەوام بیت و سووربیت لەسەر گەیاندنی زانیاری بەسود.

سووربوونی لەسەر ویستەکانی، چۆپی زیاتر بەرەوپێشبرد، ئەمەش وایکرد ببێتە مامۆستای یاریدەدەری تاقیگەیی لە یەکێک لە زانکۆکانی شاری سلێمانی، هەروەها مامۆستایە لە پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی بەشی پەرستاری، دڵخۆشە بەوەی کاری مامۆستایەتی دەکات چونکە پێی وایە پەرستاری نوێ پێدەگەیەنێت و ئەوانیش لە داهاتوودا خزمەت بە نەخۆشەکان دەکەن.