زیادبوونی ژمارەی پەنابەران لەگەڵ بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر لوبنان
هێرشە ئاسمانییەکەی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ماڵێک لە ناوچەی عەکار لە باکووری لوبنان کە شوێنی پەنابەران بووە، بووە هۆی گیان لەدەستدانی ٣٠ کەس.
ناوەندی هەواڵ
ژمارەی ئاوارەکان لە لوبنان گەیشتووەتە زیاتر لەیەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس، لە کاتێکدا لە ٢٣ی ئەیلوولەوە لە هەر چوار کەسێک یەکێکیان کەوتۆتە بەر کاریگەری شەڕی بەردەوامی لوبنان.
بەگوێرەی ڕاگەیاندنەکانی لوبنان، ئێوارەی ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە، لە ئەنجامی بۆردومانێکی ئاسمانی کە ماڵێکی دوو نهۆمی ئاوارەکان، لە گوندێک کە دەکەوێتە ناوچەی عەکار لە باکووری لوبنان کرایە ئامانج، ٣٠ کەس کوژراون.
ئاماژە بەوەکراوە، ئەم بەئامانجگرتنە یەکێکە لە دوورترین هێرشەکان لە سنووری لوبنان و ئیسرائیلەوە لە سەرەتای شەڕی نێوان حزبۆڵا و هێزەکانی ئیسرائیلەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی فەرمی لوبنان، لە ئەنجامی بۆردومانی ماڵێک لە شاری سەکیەی کەناراوی سەر بە شارۆچکەی سەیدا، لانیکەم٧ کەس کوژراون و ٧ کەسی دیکەش برینداربوون کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون و ژمارەیەک قوربانیش هێشتا لە ژێر داروپەردووی ماڵەکەدان.
بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی لوبنان، لە سەرەتای لەشکرکێشی زەمینی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ لوبنان، ژمارەی قوربانیان گەیشتووەتە سێ هەزار و ٢٤٣ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە ١٤ هەزار و ١٣٤ کەس.
نائاسایشی خۆراک، لە لوبنان خراپتر دەبێت
لەڕاپۆرتێکی نوێدا، نەتەوەیەکگرتووەکان دوێنێ ڕایگەیاند، ژمارەی پەنابەران لە لوبنان لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە لەم وڵاتە گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە لە هەر چوار کەس لە لوبنان یەکێکیان کاریگەری ئەو شەڕە لە سەر هەیە کەلە ٢٣ی ئەیلوولەوە بەردەوامە.
ڕاگرتنی ١٧ نەخۆشخانە
حەنان بەلخی، بەڕێوەبەری ناوچەیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، دۆخی تەندروستی لوبنان جێگەی داخە دوای ئەوەی لە٨ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە ناوەندە تەندروستییەکان ڕووبەڕووی هێرشی زیاتر بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد،١٠٣ جار هێرش کراوەتە سەر دامەزراوە تەندروستییەکان لە لوبنان، ئەمەش وایکردووە ١٧ نەخۆشخانە کارەکانیان ڕابگرن یان بەشێکیان بەردەوام بن لە کارکردن.
دووپاتیشی کردەوە، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری زیادبوونی قوربانییەکان لە ئەنجامی هێرشە دووبارەبووەکان، زیاتر لە ٥ هەزار و ٥٠٠ کارمەندی تەندروستی لە زیاتر لە١١٢ نەخۆشخانەی لوبنان ڕاهێنانی پێشکەوتوویان لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی قوربانییە بەکۆمەڵەکان و پێشکەشکردنی فریاگوزاری سەرەتایی وەرگرت.