"ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردیی بۆنەیەکە بۆ نوێکردنەوەی بەڵێنمان، لەسەرڕێی نوژیان ئەرهانین"
ژنانی ئێزدی پیرۆزبایی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردییان کردو وتیان: ئێمە ئێستا بە شوێنپێی نوژیان ئەرهان کار و چالاکییەکانمان ئەنجام دەدەین.

بێریڤان چیا
شەنگال-لە ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨ یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان لە قاهیرەی پایتەختی میسر دەرچوو. هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا ڕۆژنامەگەریی کوردی ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری زۆر بووەتەوە، بەڵام ڕۆژنامەنووسانی کورد بە هەمان مەبەست و ئیرادە بەردەوامن لە کارەکانیان.
ڕۆژنامەگەری پێشتر لە کۆمەڵگەی ئێزیدیدا زۆر دەگمەن بوو، لە دوای ساڵی ٢٠١٥، نوژیان ئەرهان،ڕۆژنامەنووس بۆ ماوەیەک ئەرکی بەڕێوەبردنی چالاکییەکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی لە شەنگال گرتە ئەستۆ ،چەندین گەنجی لەو بوارەدا ڕاهێنان. لەو کاتەوە ڕۆژنامەگەری شەنگال پەرەی سەندووە، لقەکانی وردە وردە فراوان بوون،بڵاوبوونەوە، بەتایبەتی پێشکەوتنی بەرجەستە و گرنگ لەبواری ڕاگەیاندن، ڕۆژنامەگەریی ژناندا بەدی هاتووە.
"ئەمڕۆ لە سایەی کار و هەوڵی شەهیداندا ڕۆژنامەنووسین"
ئەمیرە زۆزان، ئەندامی ڕاگەیاندنی ژنانی یەکێتی ژنانی گەنجی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی ڕۆژی ڕۆژنامەنووسانی لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسان کرد، ٢٢ی نیسان ڕۆژێکی مێژووییە، ناوەکەی بە پیتی زێڕین نووسراوە، وەک ڕاگەیاندنی ژنان لە شنگال، ئەمڕۆ لە سایەی هەوڵی شەهیدانی ڕۆژنامەگەریدا بەردەوامین لەسەر ئەم کارە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "پێشتر ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندنی وامان نەبووە، تەنها ڕاگەیاندنی جەنگی تایبەت و ڕۆژنامەگەری هەبووە، دژ بە ئێمە و کۆمەڵگەکەمان کاری کردووە، ئەگەر پێش جینۆسایدی شینگال بوونی هەبووایە، دۆخی شینگال لە کاتی فەرمانەکەدا نەدەگەیشتە ئەم ئاستە. ئەمڕۆ وەک ژنانی گەنجی شنگال، ڕاگەیاندنی خۆمان دامەزراندووە،بەهۆی شەهید نوژیان ئەرهان، دامەزرێنەری شنگال ڕاگەیاندن لە ساڵی ٢٠١٥.
"ئێمە دەبینە دەنگ و ڕەنگی کۆمەڵگەی ئێزدیمان"
سەرنجی بۆ کاری ڕاگەیاندنی ژنانی ئێزیدی لە شنگال ڕاکێشا. وتی: لەسەرەتادا ڕووبەڕووی سەختی بووینەوە، ئەو شتانە لە کۆمەڵگەکەماندا بوونیان نەبووە، بە سوپاسەوە بۆ شەهیدان و دۆستانی وەک نوژیان ئەرهان ئەمڕۆ گەیشتوینەتە ئەم ئاستە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئێمە مێژووی خۆمان و مێژووی ڕاگەیاندنی ژنان بزانین، هەوڵی گەورەش بدەین، ئەمە هەمووی لە سایەی بیرکردنەوە و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلاندایە. ئەمڕۆ بە گشتی هەوڵی گەورە لە شنگال دەدرێت. لە ڕاستیدا شەڕ و هێرشێکی تایبەت لە شنگال دژی ژنە ڕۆژنامەنووسان دەکرێت. لەگەڵ ئەوەدا خەبات و خۆڕاگری و ئیرادەیەکی گەورەش هەیە. ڕۆژنامەنووسانی زۆریش بوونەتە شەهید و بریندار، بەڵام ئێمە شوێنپێی ئەوان دەڕۆین،هەمیشە دەنگی ڕاستی دەبین وەک ژنە ڕۆژنامەنووسان تا کۆتایی ڕەنگ و دەنگی کۆمەڵگەی ئێزیدیمان دەبین.
"مرۆڤ لە بیرکردنەوەکانیدا ئازادە"
ئەمیرە زۆزان جەختی کردەوە کە ئەوان خوێندکاری نوژیان ئەرهانن، هەمیشە کار بۆ ڕاستی دەکەن. وتیشی: هەرچییەک ڕووبدات، ژنانی ئێزیدی دەبنە دەنگی ژنان و کۆمەڵگەکەیان، ئێمە دەزانین شەڕێکی تایبەت لە دژی شنگال و بەتایبەتی دژی ژنان و گەنجان بەڕێوەدەچێت، لە شەنگالیشدا هێزی ڕاستی دەبین. نوژیان ئەرهان وانەی زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسانی فێرکرد، ئێمەش قوتابیی ئەوین.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەداخەوە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا پیاوان دەسەڵاتێکی گەورە بەسەر ژناندا دەسەپێنن. پێویستە هەمیشە لەگەڵ هەموو ژنان کاربکەین، خۆمان کۆمەڵگەکەمان ڕێکبخەین. مرۆڤەکان لەگەڵ گەشەکردنی بیرکردنەوەکانیان گەشە دەکەن. ئێمە وەک ڕۆژنامەنووس بەتایبەتی دەبێت پەرە بە بیرکردنەوەکانمان بدەین، هەمیشە پشت بە پەروەردە ببەستین.
ئاماژەی بەوەشکرد، شەنگال شایەتی گەشەسەندنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن بووە، کە زۆربەیان شەڕێکی تایبەت دەکەن. ئێمە وەک ڕاگەیاندنگ ژنان دەبێت جیاوازییەکانمان دەرببڕین و کۆتایی بەم شەڕە تایبەتە بهێنین.
"رۆژنامەنووسان دەکرێنە ئامانج"
هێڤیدار شەنگالی، پێشکەشکاری کەناڵی جین تیڤی، بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسان کرد. دەڵێت: پیرۆزبایی لە هەموو ڕۆژنامەنووسێک دەکەم، ژن و پیاو، کە لە بەرەکانی پێشەوەی خەبات و ئاهەنگەکاندا کاردەکەن. نزیکەی ١٠ ساڵە ڕاگەیاندن لە شەنگال لەلایەن ژنانەوە پێشەنگایەتی دەکرێت، ئێمە وەک ژنانی ئێزیدی، جێگەی خۆمان دەگرینەوە، بەشداری ئەم کارە دەکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژنامەنووسان لە هەموو شوێنێک دەکرێنە ئامانج و دەکوژرێن و دەستگیر دەکرێن. لەکاتێکدا ئەوان ڕاستییەکان دەگەیەنن و ڕوماڵی ڕووداوەکانی بەرەکانی جەنگ دەکەن، لە شنگال کاتێک دەچینە سەر کار، کارەکانمان ئەنجامدەدەین، بە هێرشەکانیان ئێمە دەکەنە ئامانج. نموونەی ئەمە ئەوەیە کە دوو ساڵ لەمەوبەر ڕوویدا کاتێک لە ڕێگەی کارکردن بووین. ئۆتۆمبێلەکەمان لە هێرشێکدا کرایە ئامانج، یەکێک لە هاوکارەکانمان شەهید بوو.
"تەنانەت ئەگەر ئامانجیش ببین، بەدوای ئامانجەکەماندا دەکەوین"
لە کۆتایی قسەکانیدا هێڤیدار شەنگالی دڵنیای کردەوە؛ کە وەک ڕۆژنامەنووس هەرچەندە ئامانج بن، دەستبەرداری ئامانجی خۆیان نابن،شەهید بین، ئێمە خاوەنی ئامانج و دۆسیەکە دەبین، ئێمە ئێستا کار و چالاکی خۆمان بە شوێن پێی نوژیان ئەرهان دەکەین، دەمانەوێت وەک ئەو بین، ببینە دەنگ و ڕەنگی ڕاستی، جارێکی تر وەک ڕۆژنامەنووسانی شەنگال پیرۆزبایی لە هەموو ڕۆژنامەنووسان دەکەین، بانگهێشتی هەر ژنێکی گەنج دەکەین کە هێزی خۆی دۆزیوەتەوە ببێتە دەنگی ڕاستی.