ژنانی كوردستان کۆدەبنەوەو گەشت دەکەن؛ بەرەو ئازادی و سەربەخۆیی هەنگاو دەنێن

ژنان بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان بەشداری کۆمەڵەو سەنتەرەکان دەکەن و ئازادی خۆیان بونیاد دەنێن، خومار رەفیق، بەرپرسی سەنتەری کۆییان لە سلێمانی دەڵێت: پیاو حەزی لە پیاوسالاریە، بەڵام گەر خاوەن ئابووری خۆت بویت، ئەوكاتە لەژێر چەتری پیاودا نابی

شلێر کۆیی

 

کۆیە- ژنانی کوردستان لە سەردەمی نوێدا؛ پێگەی سەربەخۆیی، چالاکیی مەدەنی و بەرەنگاریژنانی کوردستان لە قۆناغێکی هەستیار و وەرچەرخانێکی مێژووییدا دەژین، کە تێیدا توانیویانە لەم ساڵانەی دواییدا سنوورو نەریتەکان تێپەڕێنن و لە زۆربەی کایەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و ڕۆشنبیريدا پێگەی خۆیان بسەلمێنن، ئەمڕۆ ژنی کورد تەنها زیانبەرکەوتووی قۆناغە سەختەکان نییە، بەڵکو بووەتە بڕیاربدەر، پێشەنگ و هێزێکی کارا لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنیدا، ئازادی و سەربەخۆیی ئێستای ژنان لە کوردستاندا، زیاتر لە هەر شتێک لە ڕێگەی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ئابووری، خوێندن، بەشداریکردن لە ناوەندەکانی بڕیار و چالاکییە هۆشیارییەکانەوە ڕەنگی داوەتەوە.

 

ژنانی ئەندامی سەنتەری کۆییان لە سلێمانیسەرقاڵی گەشەپێدانی خۆیانن و کۆدەبنەوەو بە چالاکیی پەیوەندی کۆمەڵایەتییان پتەو دەکەن.

  

خومار رفیق، بەرپرسی سەنتەری کۆییان لە سلێمانی قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: سەنتەرەکەمان لە ساڵی ٢٠١٦ دامەزراوە. من لە ساڵی ٢٠٢٣ پۆستی سەرۆکی ئەو سەنتەرەم وەرگرت. لەو کاتەی کە من سەرپەرشتی ئەو سەنتەرە دەکەم، چالاکییەکانمان،جۆرارجۆرن  وئامانجمان  پتەوكردنی پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان لە ناو کۆیەکانی کە لە سلێمانی و دەورووبەری دەژین، ئیستا جگە لە چالاكی رۆشنبیری و تەندروستی و پەروەردەیی و ژینگەیی گرنگی  دەدەم  بە گروپی ژنان. حەز دەکەم بە ڕاستی چالاکی ژنانمان هەبێت. لە ماوەی ئەو ٣ ساڵی کارکردنمان، ئەوا ٤، ٥ جا رە  دانیشتن دەکەین  تایبەت بە ژنان.لە ٢ی ئابی ٢٠٢٣ چالاکییەکی گەورەمان کرد بە ئامادەبوونی ژنانی سەنتەر لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەمساڵ سەیرانێکی گشتییمان کرد،  هەروەها چەندین گەشتمان سازكردووە و كۆبۆتینەوە وژنانیش بەدەنگمانەوە دێن حەزیان لەو جۆرە سەردان وكۆبوونەوەو دانیشتنانەیە، ئەمرۆ هاتووین بۆكۆیەی خۆشەویست بەدوو بەش هاتووین ئێمە لەسلێمانیەوە ئەو هاوڕییانەی هەولێریش لە هەولێرەوە هاتوون لەسەر بانگهێشتی ئێمە.

 

"ژنان ئازادو هۆشیارن بەڵام هەندێک ژن لەماڵدا کۆت و بەندن"

سەبارەت بە ئازادی ژنان خومار رەفیق وتی: ژنان ئیستا بەهێزن، ژنان خاوەن كار وموچەی خۆیانن وكەسایەتی خۆیان هەیە،  ژن لەماڵەوە خێزانە خوشكە بۆیە توانیویەتی پشت بەخۆی ببەستێت، بەتایبەت لە ئێستادا ژنان ئازادن بەشداری لە هەموو كۆرو كۆبوونەوەیەك دەكەن، هۆشیارن ئەوەش وایكردوە پشت بەخۆیان ببەستن نەك كەسێك پێی بڵێت چی بكات وچی نەكات، ئەوەی ئیستا لەناو ژنان دەیبینم بەتایبەت لە سلێمانی ژنان لەو پەڕی بوێری دان، بۆ هەموو شوێنێک دەرۆن و دەگەڕێن  تەنانەت ئیستا ژنان بە گروپ بۆدەرەوەی وڵاتیش بەتەنها گەشت دەكات، بەڵام هیشتا هەندێک لەژنان كۆت وبەندن لەناوماڵەكان و بەهۆی ئەوەی نایانەوێت خێزانەكەیان تێكبچێت دەستبەرداری ئادی تاكەكەسی بوونەتەوەو بەرگەی هەموو شتێك دەگرن، بەڵام كەسانی وەك ئێمە هەریەكەو لە پلەو پیشەی خۆیدا بووە هەریەكەو كەسایەتیەكی بەهێزی هەیە ئەوەش وادەكات ئازاد بیت، هەرچەندە هێشتا هەندێک بیری خێڵەكی لەناوماندایە.

 

" پیاو حەزی لەوەیە بەردەوام ئەو زاڵ بێت وكۆنترۆڵی دەوروبەر بكات حەزی لە پیاوسالاریە"

خومار رەفیق پێیوایە ژن كە كاری خۆی هەبوو خاوەن داهاتی خۆی بوو ئەوە دەتوانێت ببێت بەكەسی بەهێز، بۆیە تا خۆی خاوەن دەستی خۆی نەبێت ناتوانێت لەژێر دەستی پیاو بێتە دەرێ، بۆیە هەردەبێت بۆخۆی كارێكی هەبێت تا پیاو نەڵێت من بەخێوت دەكەم، بەم شێوەیە ئازادی تەواوی خۆت وەردەگریت، وتی: هیچ لە ئازادی خۆشتر نییە ئەمرۆ وەك ژنێك زۆر دڵم خۆشە كە توانیومە ئەو ژنانە كۆبكەمەوەو بێمە شارەكەم، هەستێكی زۆر خۆشە كە بەرەو پیرت دێن و بەدڵنیایەوە هەموو ئەوژنانەی دیكەش وەك من دڵخۆشن، بۆیە هیوای ئازادی بۆهەموو ژنێك دەخوازم چونكە ئەو كۆبوونەوانە بەهێزكردنی پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكانە خۆشەویستی دروست دەكات لەنێومان، بۆیە ئیستا كاتیەتی ژنانیش  بۆخۆیان بن ئازاد بن بچنە دەرەوە گەشت بكەن چونكە پێچەوانەی ئەوەی دەوترێت ژن نیوەی كۆمەڵە ئیستا  پیاو بۆتە ڕێگر لە كۆمەڵ، من وادەڵێم ئەوە بۆچوونی منە، چونكە پیاو حەزی لەوەیە بەردەوام ئەو زاڵ بێت وكۆنترۆڵی دەوروبەر بكات حەزی لە پیاوسالاریە، بەڵام گەرخۆت بوی خاوەن ئابوری خۆت بوی ئەوكاتە لە ژێر چەتری پیاودانابیت.