ژنانی کورد لە هێڵی بەرکەوتندا ئاگری نەورۆزیان کردەوە

بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد لەسەر هێڵی بەرکەوتن کە ڕووبەڕووی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەبنەوە، ئاگری نەورۆزیان کردەوە، ژنان دەڵێن: بە کردنەوەی ئاگر سەرکەوتن و ئازادی دەستەبەر دەکەن.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- نەورۆزی ٢٠٢٤ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە ئاگرکەوتنەوە لە چەندین گوند و ناوچە و شار و کانتۆن پیرۆز دەکرێت، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و مەترسی فڕینی فڕۆکەی گەڕان و فڕۆکە جەنگییەکان بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە هێڵی بەرکەوتمدا بەردەوامە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە کوردەکانی ئەو هێڵە ئاگری نەورۆزی ٢٠٢٤ نەکەنەوە.

 

شەوی ڕابردوو، ئەو کوردانەی لە گوندی باب ئەلخەیر لەسەر ڕێگای زرگان-تل تەمر دەژین، کە دەکەوێتە هێڵی بەرکەوتن، جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیان لەبەرکردو پشتێنەکانیان بەست و بە بەرزکردنەوەی پەنجەی سەرکەوتن و وێنەی عەبدوڵا ئۆجالان چوونە ناو گوندەکان، ژنان و پیاوان و منداڵان ئاگری نەورۆزیان بە دروشمی "ژن، ژیان ئازادی" و "ژیان بەبێ سەرۆک بوونی نییە" کردەوە.

 

"جۆشی نەورۆزی ٢٠٢٤ خۆشی سەرکەوتنە"

عەدلا داوود نەورۆزی ٢٠٢٤ی لە کوردستان و جیهان بە گشتی پیرۆز کردو وتی: پەرۆشی نەورۆزی ئەمساڵ زۆر جیاوازە، پەرۆشی سەرکەوتنە، به ڕاستی له هێڵی بەرکەوتنداین، بەڵام خاوەن دۆزین و بەدواداچوونمان هەیە، بە بیرو فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان، بەهێزتر دەبین، سەرچاوەی هێزمان لە بیرۆکەکانیەوە دێت، نەورۆز ساڵی نوێیە بۆ ڕزگارکردنی ژنان لە ستەم و دڕندەیی و سەرکوتکردن، نەورۆز بۆ ئێمە زۆر پیرۆزە، با دوژمنەکانمان وا بیر نەکەنەوە کە ڕێگەیان پێدەدەین دڵخۆش بن، ئێمە ئاڵا و وێنەی ڕێبەرمان بەرز دەکەینەوە و ئاگری نەورۆزمان دادەگیرسێنین، هەروەک کاوەی ئاسنگەر شکستی بە زوحاک هێنا، زوحاکی سەدەی ٢١ ئەردۆغانە، بە پەرەپێدانی ئاگری نەورۆز لە ٢١ی ئادار بە یەکخستنی ژنان، جیهان لە زوڵمەکەی ڕزگار دەکەین.

 

"ئاگرەکەمان بەگوڕتر دەبێت و ناکوژێتەوە"

یازی ئەحمەد وتی: نەورۆز جەژنێکی مێژوویی و کۆنی کوردییە، گرنگ نییە دەوڵەتی تورکیا چەند هێرش بکاتە سەرمان، ناتوانن گەرمی و ئاگری نەورۆزمان بکوژێننەوە، هەرچی بارودۆخ و مەترسییەکمان هەیە، ئێمە هێشتا هەموو ساڵێک ئاگرەکەمان گەش دەکەین، کۆتایی بە دەسەڵاتی داگیرکەران دەهێنین.

 

پەیامی منداڵان

ئەحمەد عەبدولغەنی، منداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵ، لەگەڵ خێزانەکەی نەورۆزی پیرۆزکردو وتی: نەورۆز پیرۆز دەکەم، هیوادارین هەموو منداڵان پێکەوە جەژنی نەورۆزی  ٢٠٢٤ پیرۆزبکەن، بژی سەرۆک ئاپۆ، بمرێ داگیرکەرانی تورکیا.

 

هەروەها پێلا ئەحمەدی تەمەن ٨ ساڵان هیوای خواست بۆ ئەمساڵ و وتی: بە هیوای ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بکرێت و پێکەوە نەورۆز پیرۆز بکەین. بژی سەرۆک ئاپۆ.