کۆبانێ
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ٢٦ ساڵەی پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، چالاکییەکان لە چوارچێوەی هەنگاوی ‘ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" بە شێوەیەکی بەرفراوان بەردەوامن.
بە دروشمی "بە ژن، ژیان، ئازادی، ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد"، کۆنگرە ستار و یەکێتی ژنانی گەنج لە کانتۆنی فورات ڕێپێوانێکی ژنانیان ئەنجامدا، سەدان ژن لە پێکهاتەی کورد و عەرەب، خۆبەڕێوەبەری، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بنەماڵەی شەهیدان، خوێندکاران، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ-ژنان و لایەنە سیاسییەکان ئامادەی ڕێپێوانەکە بوون.
ڕێپێوانەکە بە ئاڵای کۆنگرە ستار و ژنانی گەنج و پۆستەر و وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجالان لە گۆڕەپانی ژنیئازادەوە دەستیپێکرد و لە گۆڕەپانی ئاشتی کۆتایی هات، لە میانی ڕێپێوانەکەدا دروشمی "بێ سەرۆک ژیان نییە" و "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرانەوە.
دوای خولەکێک ڕێزگرتن، ئاڤاشین میستۆ، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەنجان و وەرزش قسەی کرد.
"بە چالاکییەکانمان ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەدەست دەهێنین"
ئاڤاشین میستۆ ڕایگەیاند، ژنان بە دەستەبەرکردنی فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی سیستمی ئیمراڵی لەناو دەبەن و ئازادی جەستەیی ئۆجالان بەدەست دەهێنن و وتی: ٢٦ ساڵە ڕێبەر ئاپۆ بەرخۆدانێکی بێ وێنە بۆ ژنان و گەلی کورد و مرۆڤایەتی جێبەجێدەکات، ڕێبەر ئاپۆ خەباتی خۆی بۆ پێکهاتەی کورد دەستپێکرد، بەڵام ئێستا دەبینین ئایدۆلۆژیاکەی بووەتە جیهانیی، هەموو مرۆڤایەتی لەخۆ گرتووە، بەتایبەت بۆ ژنان ڕێبەر ئاپۆ بوو بە سەرچاوەی ئازادی و بووژانەوە، ڕێبەر دەڵێت "سەدەی بیست و یەک ئازادی ژن و کۆمەڵگەیە"، بۆیە بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی ئەم سەدەیە دەگۆڕین بۆ ئازادی ژن، ئەو فەلسەفەیەی کە پشت بە ئایدۆلۆژیای ڕێبەر ئاپۆ دەبەستێت ئێستا بەربڵاو بووە و ئەمەش یەکێکە لە هەنگاوە ڕادیکاڵەکان بۆ لەناوبردنی سیستمی ئیمراڵی، بە پێشەنگایەتی ژنان و چالاکییەکان، ئازادی جەستەیی مسۆگەر دەبێت.
ڕێپێوانەکە بە سڵاوکردن لە بەرخۆدانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمرالی کۆتایی هات.




