ژنان لە وان: پسوولەی بەرز و زستانێکی بێ گەرمکەرەوە لە ژێر سایەی قووڵبوونەوەی قەیرانی بژێویدا

لەگەڵ هاتنی زستاندا، دانیشتووانی تورکیا و باکووری کوردستان ڕووبەڕووی سەختییەکی ڕوو لە زیادبوون دەبنەوە لە دابینکردنی تێچووی پسوولە بەرزەکانی خزمەتگوزارییەکاندا، هاوکات ژنان ناچار دەبن بەکارهێنانی غازی سروشتی کەم بکەنەوە.

ژنان لە وان: پسوولەی بەرز و زستانێکی بێ گەرمکەرەوە لە ژێر سایەی قووڵبوونەوەی قەیرانی بژێویدا

مەمیهان هلبین زەیدان

 

وان- قەیرانە بەردەوامەکەی تورکیا و باکووری کوردستان کاریگەرییە گەورەکانی خۆی لەسەر پسوولەی خزمەتگوزارییەکانیش دەردەخات، لەگەڵ هاتنی وەرزی زستاندا، پسوولەکان زیاتر بەرز بوونەتەوە، پسوولەی غازی سروشتیشیان هاتووەتە سەر کە بە باجە بەرزەکان بارگران کراوە. لە وان، کە وەرزی زستان تێیدا درێژ دەبێتەوە، ماوەی دوو مانگە لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرمادا بەکارهێنانی غازی سروشتی دەستیپێکردووە.

 

بەپێی توێژینەوەی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی تورکیا بۆ مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوو، بڕی پارەی مانگانەی پێویست بۆ خێزانێکی چوار کەسی تەنها بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی خۆراک لە تورکیا گەیشتووەتە ٣٨ هەزار و ٢٤ لیرەی تورکی.

 

لە کاتێکدا خەڵک ناتوانن پێداویستییەکانی بژێویی خۆیان دابین بکەن، زۆرێک لە بوارەکانی کارکردن لەگەڵ هاتنی وەرزی زستاندا وەستاون، هەروەها خەڵک ناتوانن تەنانەت کەمترین ئاستی کرێیش (موچەی بنەڕەتی) بەدەست بهێنن، لە پاڵ هەموو ئەمانەشدا، خۆیان ناچار دەبینن کە پسوولەی ئاو، کارەبا و غازی سروشتی بدەن لە بەرامبەر خزمەتگوزاریگەلێکدا کە بەکاریان نەهێناون.

 

ژنان لە شاری وان، کە لە میانەی ڕاپرسییەکی مەیدانیدا قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد، ئاماژەیان بەوەشکرد، کە ناتوانن بە بڕی پێویست غازی سروشتی بۆ گەرمکردنەوە بەکاربهێنن، ناچارن پسوولەی زۆر بەرز بدەن سەرەڕای ئەوەی ناتوانن ماڵەکانیان گەرم بکەنەوە، هەروەها حکومەت بەرپرسیارە لە قەیرانەکە و بەرزبوونەوەی باجەکان.

 

"لە ماڵەوە بە بەتانی خۆمان دادەپۆشین و دادەنیشین"

مەهتاب سومەر ڕوونیکردەوە، کە پسوولەکان لەگەڵ هاتنی وەرزی زستاندا زۆر بەرز دەبنەوە، سەرەڕای گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنان، هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر بەهای پسوولە بەرزەکاندا نەهاتووە.

 

وتیشی: پسوولەکانی ئاو هەر لە بنەڕەتدا لە کۆنترۆڵ دەرچوون، کاتێک سەیری پسوولەکە دەکەم، لە خۆم دەپرسم: ئایا فەرشم شتووە؟ ئایا باخچەکانم ئاو داوە؟ سەرەڕای ئەوەی پلەی گەرمیی گەرمکەرەوەی غازی سروشتی زۆر بەرز ناکەمەوە، کەچی پسوولەکە زۆر بەرز دێتەوە، من خانەنشینم، و سەرەڕای ئەوەش ناچارم دایبگیرسێنم، سەرمامان دەبێت و لە ماڵەوە بە بەتانی خۆمان دادەپۆشین و دادەنیشین، بەرپرسە باڵاکانی دەوڵەت موچەکان بەرز دەکەنەوە، پاشان نرخی هەموو شتەکانی تر بە ڕێژەی زۆر گەورەتر بەرز دەکەنەوە.

 

باجەکان نیوەی بەهای پسوولەکە پێکدەهێنن

بەسنا ئۆزلو ئاماژەی بە دابەزینی پلەکانی گەرما کرد و ڕوونیکردەوە، کە سەرەڕای بەرزبوونەوەی تێچووەکەی، ناچارن غازی سروشتی بۆ خۆگەرمکردنەوە بەکاربهێنن وتی: ناتوانین بە شێوەیەکی ڕێکوپێک پسوولەکان بدەین، وامان دەزانی دەوڵەت هاوکاریمان دەکات، بۆیە چەندین داواکاریمان پێشکەش کرد، بەڵام هیچ هاوکارییەکمان پێ نەگەیشت، تەنانەت لە مانگەکانی هاوینیشدا، کاتێک تەنها بۆ گەرمکردنی ئاو غازی سروشتی بەکاردەهێنین، پسوولەکانی کارەباش هەر بەرز دەمێننەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەرزبوونەوەی ڕانەگەیاندراو لە نرخەکاندا هەیە، وتی: دەوترێت هیچ زیادبوونێک لە نرخەکاندا نییە، بەڵام ڕوونە کە زیادبوونگەلێک دەسەپێنرێن بەبێ ئەوەی ڕابگەیەندرێن، هەروەها ئەو باجانەی دەخرێنە سەر پسوولەکان بەهای پسوولەکە زیاتر بەرز دەکەنەوە. نزیکەی نیوەی بەهای پسوولەکە بۆ باج دەڕوات.

 

وتیشی: هەموو شتێک زۆر گران بووە، تەنانەت هەزار لیرە بەشی پڕکردنی یەک زەرف لە پێداویستییەکانی بازاڕ ناکات، لە ژێر سایەی بەرزبوونەوەی زۆری نرخی خۆراک و کەرەستەکانی پاککردنەوەدا، دەوڵەت بەرپرسە لەم زیادبوونانە.

 

"ژیان زۆر سەخت بووە"

بەسنا کوڵتەر ڕوونیکردەوە، کە چوار کەس لە ئەندامانی خێزانەکەی، کە هاوژینەکەشی لە نێویاندایە، لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانن، لە دابینکردنی پێداویستییەکانی بژێوییاندا ڕووبەڕووی سەختیی زۆر دەبنەوە وتی: هاوژینەکەم خاوەن پێداویستیی تایبەتە و ناتوانێت کار بکات، مانگانە سێ هەزار لیرە تەنها لە بەرامبەر پسوولەی ئاودا دەدەم، هاوکات پسوولەی غازی سروشتی دەگاتە نزیکەی هەشت هەزار لیرە، کارەباش لانیکەم پێنج هەزار لیرەی تورکی، چیتر توانای بەرگەگرتنی ئەم بارگراناییانەمان نەماوە، بەتایبەت کە هیچ کەسێک لە ماڵەوە کار ناکات،  ئەمانە ژمارەی پسوولەکانی ساڵی ڕابردوون، چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ زیاتر بەرز ببنەوە.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە ئازار و مەینەتییەکانیان تەنها لە پسوولەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو خەرجییەکانی خۆراک و چاودێریی تەندروستیش دەگرێتەوە، لە ژێر سایەی نەبوونی ئەو هاوکارییانەی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان تەرخان کراون، وتی: کەمترین ئاستی موچەی بنەڕەتی بەشی پێداویستییەکانی بژێوی ناکات.

 

"ئەم باجانە بۆ کوێ دەڕۆن؟"

ژنێک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕەخنەی لە بەرزبوونەوەی نرخی غازی سروشتی گرت و پێی وابوو کە تورکیا، وەک وڵاتێک کە غاز پێیدا تێدەپەڕێت، دەبوو بە نرخی کەمتر دابینی بکردایە وتی: دەبوو بە نرخێکی داشکێنراو دەستمان بکەوتایە، بەڵام بە پێچەوانەوە بە نرخێکی زۆر گران دەیکڕین، باشە، باج دەسەپێنرێت، بەڵام ئامانج لە باج پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بۆ کۆمەڵگە، سەرەڕای ئەوەش، هیچ خزمەتگوزارییەک پێشکەش بە کۆمەڵگد ناکرێت، هەروەها باج بەپێی بەرزترین توێژەکان دەبڕدرێت، ئەم باجانە بۆ کوێ دەڕۆن؟ لە وڵاتەکەماندا تەنانەت ڕێگاوبانی گونجاویشمان نییە، نەخۆشخانەکانیش کەم و کەموکوڕن، باس لە کارەبا، ئاو و غازی سروشتی دەکەین، پسوولەکانی غازی سروشتی زۆر بەرزن، کارەبا بەردەوام دەبڕێت، ئاویش بە شێوەیەکی دووبارە دەبڕێت، بۆچی ئەم باجانە دەدەین؟ بۆچی پسوولەکان دەگەنە ئەم بڕە بەرزانە؟

 

"نیوەی ئەو خەڵووزەی دابەشی دەکەن بریتییە لە بەرد"

سیبەل باشتیر ناڕەزایی توندی خۆی بەرامبەر پسوولەکان دەربڕی، بە شێوەیەکی تایبەت ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی زۆری پسوولەکانی ئاو کرد.

 

وتیشی: لە بەرامبەر ئاودا پسوولەگەلێک دەدەین کە هاوتای پسوولەکانی کارەبان، پسوولەکان لە سێ هەزار لیرە کەمتر نین، ئێمە لە گوند دەژین و غازی سروشتی بەکارناهێنین، دوایین پسوولەی کارەبا گەیشتە دوو هەزار و ٥٠٠ لیرە، لە کاتێکدا هێشتا زستان دەستی پێ نەکردووە، هەر لە بنەڕەتیشدا زۆر بەکارناهێنین، چونکە گەرمکەرەوەی کارەبایی بەکارناهێنین، بەڵکو سۆپای داری ئاسایی دادەگیرسێنین.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە هاوژینەکەی تاکە کەسە لە خێزانەکەدا کار دەکات، وتی: هاوژینەکەم دوای مانگێک یان دوو مانگی تر بەپێی سروشتی کارەکەی لە بواری بیناسازیدا، ناچار دەبێت بۆ کارکردن بچێتە شارەکانی تر، چونکە وەرزی کارکردن بە کردەیی کۆتایی هاتووە، دوو خوێندکارمان لە ماڵەوە هەیە، پێداویستییەکانی پەڕاوگەی قوتابخانە زۆر گرانن، هەروەها خەرجیی ژەمی خواردنی قوتابخانەشیان هەیە، لە هەمووی گرنگتر دابینکردنی خواردنەکەیانە، تەنانەت لە دابینکردنی ئەمەشدا تووشی ئازار و سەختی بووین، منداڵەکان خۆراکی پێویستیان پێ ناگات، ئاخۆ دۆخەکە چۆن دەبێت؟ هۆکاری سەرەکیی قەیرانەکە بڕیارەکانی بەڕێوەبەرانی وڵاتە، چونکە کارەکان بەو شێوەیە بەڕێوە دەچن کە ئەوان دەیانەوێت.

ڤیدیۆی زیاتر ببینەهەموو ڤیدیۆکانی هەواڵەکانمان لە یەک شوێن.