یوکسەل موتلو: پێویستە کاردانەوەی زیاتر هەبێت بەرامبەر بە کوشتنی عەلەوی و ژنان لە سووریا
یوکسەل موتلو، لە کۆمیسیۆنی گەلان و بیروباوەڕی دەم پارتی، سەرنجی بۆ ئەو هێرشانە ڕاکێشا کە لە سووریا دژی ناسنامە و بیروباوەڕی جیاواز ڕوودەدەن و ڕایگەیاند، پێویستە بیروڕای گشتی نێودەوڵەتی ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بەو هێرشانە دەرببڕێت.

ئەبرو شاهین
ئەنقەرە-لە سووریا، دوای کۆتاییهاتنی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤و دامەزراندنی ئیدارەیەکی کاتی لەلایەن هەتەشە (HTS) لە شوێنی ئەو، هێرش و کۆمەڵکوژییەکان دژی پێکهاتەکانی عەلەوییەکان لەو وڵاتەدا زیادیان کرد.
لە سووریا ژمارەی ئەو عەلەوی و کریستیانانەی کە لە ماڵەکانیان وەرگیراون و دەستیان پێناگات لە زیادبووندایە، دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گرتەی ڤیدیۆیی سووکایەتی و فشار بەرانبەر بەشێک لە کەمینەکان و بەتایبەتی عەلەوی عەرەبی بڵاوکرایەوە، کاردانەوە زیاتر بوو و چالاکیی ناڕەزایەتی لە زۆرێک لە وڵاتان بەڕێوەچوو.
لە شاری حەلەب، هەندێک لە چەتەکان گۆڕی حەسیبییان سووتاندبوو کە شوێنێکی پیرۆزی عەلەوییەکان بوو و پاسەوانەکانیان لەوێ کوشتبوو، گرژییەکان زیاتر بوون، بەتایبەت دوای ئەوەی گرتە ڤیدیۆییەکانی ڕووداوەکان بڵاوکرانەوە.
عەلەوییەکان لە شامی پایتەخت، شارەکانی حەما، حومس، تەرتوس، لازقییە، جەبلا و بانیاس چالاکیی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا. ئەکادیمیستەکانی بەشی زمانی عەرەبی زانکۆی حومس، د. ڕێشا ناسر کە بە ناسنامەی عەلەوی ناسرابوو، لەلایەن چەتەکانەوە کوژرا. کوشتنی ئەو ژنە لە ڕۆژنامەکانی جیهاندا بڵاوکرایەوە، دوای گۆڕانکاری لە ئیدارەی وڵاتدا، زۆرێک لە عەلەوییەکان کرانە ئامانج و هێرشیان کرایە سەر، عەلەوییەکان لە سووریاوە ترساون و نیگەرانن لە وڵاتەکەیان و داهاتوویان.
"ژن گەورەترین باج دەدەن"
یوکسەل موتلو، لە کۆمیسیۆنی گەلان و بیروباوەڕی دەم پارتی هەڵسەنگاندنێکی بۆ ئاژانسەکەمان کرد سەبارەت بەو ڕووداوانەی لە چەند مانگی ڕابردوودا لە سوریا ڕوودەدەن، کە خەڵک و بیروباوەڕەکان دەکرێنە ئامانج، ئاماژەی بەوەدا کە مەترسییەکی گەورە هەیە، سەرەڕای ئەمەش دۆخەکە چاوپۆشی لێدەکرێت وتی: ئەو شتانەی لەم جوگرافیایە ڕوودەدەن ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە، کۆمەڵکوژییەکانی سووریاش کاریگەرییان لەسەر عەلەڤییەکان لێرە هەیە و ترسی لێدەکەوێتەوە، نازانین ئایا عەلەوی لە چوارچێوەی ئەو ئیدارە کاتیەدا دەتوانێت خۆی دەرببڕێت یان نا. لە لایەکی دیکەوە، پێموایە ئاژانسە هەواڵییە نێودەوڵەتییەکان – بە سی ئێن ئێنیشەوە – ئەم بابەتانە بە باشی ڕووماڵ ناکەن و ئەمە بە مەترسیدار دەزانم، ئەم هەڕەشەیە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی یان بە تەواوی جێگیربوونی هەتەشە لە کاتەکانی داهاتوودا، لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا ژنان گەورەترین باج دەدەن.
"لە بارودۆخی ئێستاوە دیارە دیموکراسی بەدی نایەت"
یوکسەل موتلو باسی لەوەشکرد، هەوڵدەدرێت ژنان بخرێنە ژێر فشارەوە لە سووریا و گۆڕانکاری ئایدیۆلۆژیی بەم قسانە ڕوونکردەوە:
بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیم بینی کە ژنێک کە باڵاپۆشی لەبەردا بوو ویستویەتی وێنەکەی بگیرێت، بەڵام ئەو کەسەی لەوێ بووە پێی وتووە 'سەری داپۆشە.' هەرچەندە ئەمە ڕەنگە وەک دەستەواژەیەکی باو دەرکەوێت، بەڵام لەڕاستیدا دەستوەردانێک لە شێوازی ژیان و ناسنامەکاندا نیشان دەدات، ئەم فشارە تەنها بۆ ژنانی عەرەبی عەلەوی یان کۆمەڵێک گروپی دیاریکراو نییە، بەڵکو بۆ هەموو ئەو ژنانەیە کە لەوێ دەژین، چونکە هەوڵی سەپاندنی بیری پشتیوانی ئایدیۆلۆژی خۆیان بەسەر حزبدا دەدەن. ئەم دۆخە دەبێتە هۆی کۆچی زۆرەملێ و زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان و ژنکوژی، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە زلهێزە هەژموونخوازەکان هەوڵ دەدەن کە هەتەشە بە ڕوانگەیەکی ئەرێنی نیشان بدەن و ئەم سیاسەتە ئاشکرا دەکەن، بۆیە دەبێت بزانین دیموکراسی لەم شتانەی کە ڕوودەدەن سەرهەڵنادات.
"پێویستە هێڵێکی بەهێزی خەبات دابمەزرێت"
یوکسەل موتلو، سەرنجی بۆ پێشهاتەکانی سووریا و شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا ڕاکێشاو وتی: پێویستە هاودەنگی لە ڕۆژئاوا لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوبێتەوە، هێرشکردنە سەر گەلان لە زیادبووندایە و ئەم دۆخە تەنیا بە خەباتی هاوبەش کۆتایی پێدەهێنرێت، بۆیە پێویستە هەموو پێکهاتەکانی دەرەوەی ئەم سیستمە کۆببنەوە و هێڵێکی بەهێزی خەبات پێکبهێنن، کورد و عەلەوی و عەرەب و هەموو ئەو گەلانەی لەوێ دەژین دەبێ بەرخۆدانیان زیاتر بکەن، ژنانیش پێشەنگایەتی بکەن، نموونەی ئەمەش دەبینین، نابێت ئەم هاوپشتییە تەنیا لە ناوچە دیاریکراوەکاندا سنووردار بێت، بەڵکو دەبێت لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوبێتەوە.
"پێویستە تێکۆشانێکی گەورە بکرێت"
سەبارەت بەو ڕووداوانەی کە ڕوودەدەن و کاریگەرییەکانیان لە تورکیا، یوکسەل موتڵو ڕایگەیاند کە دەنگی تەڤگەری ژنان لەسەر ئەم پرسە لاواز و سنووردارە، و دەبێت هەڵوێستێکی بەهێز لە بەرامبەر ئەوەی ڕوودەدات بگیرێتەبەرو وتی: دەم پارتی و تەڤگەری ژنانی کورد دەنگی خۆیان لەسەر ئەم پرسە بەرز دەکەنەوە، بەڵام پێویستە ئەم دەنگە بەرزتر بێت، هەروەها پێویستە لایەنەکانیش لەسەر ئەم بابەتە شتێک بڵێن، چونکە جوگرافیاکەمان نزیکە، دراوسێین، هەر بۆیە پەیوەندی بە هەموومانەوە هەیە، دۆخێک هەیە هەم مرۆڤەکان دەترسێنێت و هەم نیگەران دەکات و ئەوەش تێکۆشانی دەوێت،هێرش و کوشتنی ژنان هەرگیز قبوڵکراو نییە، دەبێت تیکۆشانێکیگەورە لە دژی ئەمە بکرێت.