ئێڤلین بۆرێت کە یەکێک لە گوندەکانی میسری کردە شوێنی گەشتیاری، کۆچی دواییکرد

باڵیۆزخانەی سویسرا هەواڵی کۆچی دوایی یەکێک لە هاوڵاتییەکانی بەناوی ئێڤلین بۆرێت ڕاگەیاند کە لە گوندی تونس لە میسر ژیانی بەسەردەبرد.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرۆکی خزمەتگوزاری کۆمەڵگەی داهێنەری سویسری، ئێڤلین بۆرێت ڕۆژی ٢ی حوزەیران، لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا کۆچی دواییکرد، ئێڤلین سەرکەوتوو بوو لە گۆڕینی گوندی تونس لە پارێزگای فەیومی وڵاتی میسر بۆ ناوچەیەکی گەشتیاری کە لە جیهانەوە خەڵک سەردانی دەکرد.

 

ئێڤلین لە گوندەکەدا قوتابخانەی فێرکاری کاری دەستی گڵکاری کردەوە بۆ خەڵکی گوندەکە، وای لێهات هەموو گوند نشینان سەرچاوەی داهاتیان لەو کارە دەستیانەوە بەدەست دەخست کە لە پێشانگای ساڵانەی بەناوبانگی نێودەوڵەتی گوندەکەوە بۆیان دەهاتەوە.

 

دوای ١٠ ساڵ لە مانەوەی لە گوندەکەدا یەکەمین پێشەنگای خۆی بۆ بەرهەمی سیرامیک کردەوە، ئەمەش بووە هۆکارێک کە کاربەدەستانی میسڕ ئاور لە گوندەکە بدەنەوە و ئاو و کارەبا بۆ گوندەکە ڕابکێشن.

 

ئێڤلین خاوەنی بڕوانامەی زانکۆیە لە هونەری دەستیدا لە سویسرا، لە سەرەتای ساڵانی شەستەکاندا دەچێتە میسر و هاوسەرگیری لەگەڵ شاعیری میسری سەید حیجاب دەکات، دوێنێش لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا لە گوندی تونس کۆچی دواییکرد.

 

ت.پ