ڤایرۆسی ئیبۆلا لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات ژمارەی پێوانەیی تێپەڕاند

بەگوێرەی ئامارەکانی پەیمانگای تەندروستی گشتیی کۆنگۆ، کۆی گشتی تووشبوون گەیشتووەتە چوار هەزارو ٩٤٥ کەس و ژمارەی گیانلەدەستدانیش بۆ دوو هەزارو ٣٢٥ کەس بەرزبووەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەگوێرەی ئامارەکانی پەیمانگای تەندروستی گشتیی کۆنگۆ، کۆی گشتیی حاڵەتەکانی تووشبوون گەیشتووەتە چوار هەزارو ٩٤٥ کەس و ژمارەی گیانلەدەستدانیش بەهۆی پەتاکەوە بۆ دوو هەزارو ٣٢٥کەس بەرزبووەوە.

 

خێرایی بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە و ڕێژەی بەرزی قوربانییەکانی جێگەی نیگەرانییە؛ بە جۆرێک کە شەپۆلی یەکەمی بڵاوبوونەوەی پەتاکە پێنج مانگی خایاند، ژمارەی مردنیش گەیشتە هەزار کەس، بەڵام لەم شەپۆلەدا پەتاکە بە شێوازێکی زۆر خێراتر پەرەی سەندووە.

 

ڤایرۆسی ئیبۆلا لەڕێگەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ شلەمەنییەکانی جەستەی تووشبووان دەگوازرێتەوە.

 

تووشیبووانی ئەم پەتایە دووچاری تای توند، ڕشانەوە، سکچوون و لە حاڵەتە قورستەکاندا خوێنبەربوونی ناوەکی و دەرەکی  دەبنەوە و تاوەکو ئێستاش هیچ دەرمان یان ڤاکسینێکی فەرمی بۆ چارەسەرکردنی بەردەست نییە و دەسەڵاتدارانی تەندروستیی جیهانی لە هەوڵی بەردەوامدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە.