تەژەئا: لە کارە کشتوکاڵییەکاندا ژنان ڕووبەڕووی چەوساندنەوە دەبنەوە
تەژەئا ڕاپۆرتێکی بە ناوی "سەرکێشییەکانی کار و ژیانی نادیاری ژنان لە کارە کشتوکاڵییە وەرزییەکاندا"، بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، لە کارە کشتوکاڵییەکاندا ژنان ڕووبەڕووی چەوساندنەوە دەبنەوە.
ناوەندی هەواڵ
لە ڕاپۆرتەکەی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا)دا باس لەو هەژاری، توندوتیژی، نەبوونی سەلامەتی، جیاکاری و نایەکسانییە فرەلایەنە کراوە کە ژنان لە کارە کشتوکاڵییە وەرزییەکاندا ڕووبەڕووی دەبنەوە. توێژینەوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە کاری کشتوکاڵیی وەرزی تەنها چالاکییەکی ئابووری نییە، بەڵکوو گۆڕەپانێکە بۆ تۆخکردنەوەی نایەکسانییە ڕەگەزییەکان. ڕایدەگیەنێت کە ژنان هەم لە کارە کشتوکاڵییەکاندا و هەم لە کارەکانی ناو ماڵدا کاریان پێ دەکرێت، بەم شێوەیە ڕووبەڕووی چەوساندنەوەی فرەلایەنە دەبنەوە.
تەژەئا لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆربەی ئەو ژنانەی کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، لە نێوان ٢٥-٥٥ ساڵدان و بەشداریکردن لە کاری کشتوکاڵیی وەرزیدا بە گشتی لە منداڵییەوە دەستپێدەکات و ڕایگەیاندووە، "بەشێکی زۆری ژنان لە تەمەنێکی کەمدا دەکەونە ناو ئەم دۆخەوە و چەندین ساڵ لە هەمان هەلومەرجدا دەمێننەوە. ئاماژە بەوە کرا کە زۆربەی ژنەکان هاوسەرگیرییان کردووە، بنەماڵەی گەورە زۆرن و زۆربەیان لەناو بنەماڵەی گەورە دەژین. ئەم دۆخە دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەم کار بۆ بژێوی و هەم کاری ناو ماڵ لە هەمان کاتدا بکەن.
زۆربەی ژنەکان ئاستی خوێندنیان نزمە، زۆربەیان تاوەکو خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانە دەمێننەوە و بەشێکیشیان هەرگیز ناچنە قوتابخانە. کاری وەرزیش خوێندنی منداڵان ڕادەگرێت. ژنان لە بارەی ئەم دۆخەوە دەڵێن، "منداڵەکانمان ناتوانن بە ڕێکوپێکی بڕۆنە قوتابخانە" و توێژینەوەکە نیشانی دەدات کە ئەم سووڕە بە درێژایی نەوەکان بەردەوام دووبارە دەبێتەوە و هەژاری سەرلەنوێ دروستدەکاتەوە.
ژنان بە گشتی بەهۆی پێویستیی ئابوورییەوە کاری کشتوکاڵی وەرزی دەکەن. دەرفەتە سنووردارەکانی کارکردن لە ناوچەکە، هەلومەرجە ناسەقامگیرەکانی کار و هەژاریی قووڵ، ژنان ناچار دەکات کە لەگەڵ خێزانەکانیاندا کۆچ بکەن. ژنان ئەم دۆخە بە ئاشکرا باسدەکەن: "هەرچەندە ناشمهەوێ کە بڕۆم، بەڵام پێویستە بڕۆم؛ کاری تر نییە." ئەم وێنەیە ئاشکرای دەکات کە کاری وەرزی بژاردەیەک نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی نایەکسانییە لە وەبەرهێناندا.
ژیانی ڕۆژانەی ژنان لە بەیانییانەوە دەستپێدەکات، دوای ئامادەکردنی خواردن، چاودێریی منداڵان و تەواوکردنی کارەکانی ناو ماڵ، دەچنە سەر زەوییەکان. دوای ڕۆژێک لە کاری قورسی کشتوکاڵ، دووبارە ئێواران دەست بە کاری ناو ماڵ دەکەنەوە.
ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە کاتژمێرەکانی کارکردنی ژنان دەگەنە ١٤-١٦ کاتژمێر و مافی پشوودانیان کەمە.
وێڕای ئەوەی زۆربەی ژنەکان بێبەشن لە سەلامەتیی کۆمەڵایەتی، لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی تەندروستیشدا ڕووبەڕووی ئاستەنگیی جددی دەبنەوە. گواستنەوە، خەرجی و ئاستەنگییەکانی زمان، دەستڕاگەیشتن بە تەندروستی دژوار دەکەن. ژنان سەبارەت بەم دۆخە دەڵێن، "ناتوانین بچینە نەخۆشخانە، زۆر دوورە و زۆر گرانە". دەستڕانەگەیشتن بە پێداویستییەکانی پاکوخاوێنیی مانگانەش، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر تەندروستیی ژنەکان هەیە.
بەهۆی کارکردنی زۆر، نەبوونی پاکوخاوێنی و کەمبوونەوەی خواردن، ڕووبەڕووی کێشەی تەندروستی دەبنەوە. بەڵام، ئەم کێشانە زۆر جار چارەسەر ناکرێن. باس لەوە دەکرێت کە مافەکانی ژنان بۆ پشوودان، مۆڵەت و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی تەندروستی، زەوت دەکرێن.
ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە ژمارەیەکی زۆری منداڵ ناچارن کە لە زەوییەکاندا کار بکەن. ئەو منداڵانەی واز لە قوتابخانە دەهێنن، لە تەمەنێکی کەمدا پەلکێشی ناو کار دەکرێن. ژنان ناچارن کە منداڵەکانیان ببنە شوێنی کار، لەبەرئەوەی شوێنی پارێزراو نییە تاوەکو منداڵەکانی لێ جێبهێڵن.
ژنان شوێنی ژیانی سەلامەت، ئاساییشی کۆمەڵایەتی، دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری تەندروستی، دەرفەتی خوێندن بۆ منداڵەکانیان و هەلومەرجی کارکردنی مرۆییان دەوێت. جەخت لەسەر پێویستییان بە پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەکو ئاوی پاک، پاکوخاوێنی و سەلامەتی دەکەنەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، ژنان ڕێکخراوبوون، تێکۆشانی بەکۆمەڵ و کارکردنی ژنان وەکو چارەسەر دەبینن. توێژینەوەکە ئاشکرای دەکات کە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ کە ژنان لە کاری کشتوکاڵی وەرزیدا ڕووبەڕووی دەبنەوە، پێویستی بە دەستوەردانی بەپەلە هەیە و تیشک دەخاتە سەر پێویستی بۆ برەودان بە سیاسەت لەسەر بنەمای مافەکان لەم بوارەدا."