ڕیما مەحمود: هەڵمەتێک بۆ پشتیوانی لە یەپەژە دەستیپێکرد
ڕیما مەحمود، ئەندامی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی پارتی سووریای داهاتوو باسی لەو هەڵمەتە کرد، کە بۆ پشتیوانی لە یەپەژە ڕاگەیەندراو وتی: یەپەژە خەباتێکی گەورەی لە دژی تاریکی ئەنجامداوە و بووەتە هێزێکی جیهانی.
نەغم چاچان
قامیشلۆ- پلاتفۆرمی چالاکی هاوبەشی تەڤگەر و ڕێکخستنەکانی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان هەڵمەتێکی بۆ پشتیوانی لە یەپەژە دەستپێکرد، جەختی لەوە کردەوە کە یەپەژە نوێنەرایەتی ئیرادەی ژنان دەکات، سیمبولی پاراستنی ئازادی و کەرامەتە.
ڕیما مەحمود ئەندامی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی پارتی سووریای داهاتوو سەبارەت بەو هەڵمەتەی کە بۆ پشتیوانی لە یەپەژە ڕاگەیەندرا، بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.
ڕیما مەحمود ڕایگەیاند، یەپەژە لە ساڵی ٢٠١٣ دامەزراوە و یەپەژە ئیرادەی ژنانی ئازادە، یەپەژە دەسەڵاتی هەموو ژنانی جیهانە، ژنان لە هەموو پێکهاتەیەکەوە بەشێکن لە یەپەژە، یەپەژە چەند ساڵێکە شەڕ و بەرخۆدان دەکات. دژی گروپە چەتەکان کە بە ناوی جیاواز شەڕی کردووە و داعشی تێکشکاندووە، هەمووان پرسیاریان دەکرد کە ئایا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، حکومەتی نوێ یەپەژە دەکاتە هێزێکی سەربازیی گەورە لە سووریا، چونکە یەپەژە بووەتە هێزێکی جیهانی.
”ژنان هیوایەکی زۆریان بە کارگێڕی سووریا هەبوو”
ڕیما مەحمود وتی: لەگەڵ هاتنی حکومەتی کاتی زۆر ڕووداوی نەرێنی و کۆمەڵکوژی ڕوویانداوە، لە دیمەشق ژنان ناچار بوون سەریان داپۆشن و ئەکادیمیای ئایینی کرانەوە، ئەمەش ڕێگری لە چوونە دەرەوەی ژنان کرد، بەهۆی ئەمەوە هەستکردن بە ترس هاتە ناو دڵی خەڵکەوە. هیوای ژنان زۆر بەرز بوو، دەیانوت بە حکومەتی نوێ، ئاشتی لە سووریا دەگەڕێتەوە و شۆڕشی ژنان قبوڵ دەکرێت. لە دوای هاتنی حکومەتی کاتیەوە، کۆبوونەوەی زۆر ئەنجام دراوە و لە هەموو کۆبونەوەکاندا ڕوون بوو کە ئەم دەسەڵاتە ژن قبوڵ ناکات.
”یەپەژە بەرهەمی شۆڕشی ژنانە”
ڕیما مەحمود سەرنجی بۆ ڕەتکردنەوەی ژنان لە یەکگرتن ڕاکێشا و وتی: حکومەتی کاتی سیستەمی هاوسەرۆکایەتی قبوڵ نەکرد، یەپەژە پێشەنگایەتی خەباتی دژ بە تاریکی کردووە و باجێکی زۆر قورسی داوە، هەموو ژنانی جیهان بە دروشمی ”ژن، ژیان، ئازادی” چالاکیی بۆ یەپەژە ئەنجام دەدەن، یەپەژە ئەقڵیەتی پیاوسالاری ڕاستکردۆتەوە، ڕێگەی خۆشکردووە بۆ ئەوەی ژنان لە هەموو بوارێکدا خۆیان بسەلمێنن، کاتێک حکومەتی کاتی وتی: ژن قبوڵ ناکەین، واتای ئەوەیە داعش خۆیەتی.
”زۆر چالاکی لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا بەڕێوەدەچێت”
ڕیما مەحمود ئاماژەی بەوەدا کە لە ٢٦ی نیساندا هەڵمەتێک بۆ پشتیوانی لە یەپەژە ڕاگەیەندرا، هەڵمەتێک بۆ پشتیوانی یەپەژە بە ناوی پلاتفۆرمی چالاکی هاوبەشی تەڤگەر و ڕێکخستنەکانی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیەندرا، لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا چەندین چالاکیی بەڕێوەدەچن، تەنانەت ئەو دەوڵەتانەی کە سوپای ژنانیان هەیە نامە بۆ یەپەژە دەنێرن. حکومەتی کاتی ناتوانێت سووریا بەبێ سوپای ژنان بونیاد بنێت. ژنان لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان دەستکەوتی زۆریان بەدەستهێناوە. چالاکییەکانمان بەردەوام دەبن تا یەپەژە قبوڵ دەکرێت، ئەم چالاکییانە لە سەرانسەری جیهاندا کاریگەر دەبن، دروشمی هەڵمەتەکە بریتییە لە هەموومان یەپەژەین و یەپەژە ناسنامەی ئێمەیە.