توێژینەوە: زەریاکان سەوزایی خۆیان لەدەست دەدەن و ئیکۆسیستەمەکان مەترسی داڕمانیان لەسەرە

زیاتر لە ٣٢٪ی ڕووبەری زەریاکان کەمبوونەوەی بەرچاوی کلۆرۆفیلیان بەخۆوە بینیوە، لەکاتێکدا کەمتر لە ١٨٪ی زیادبوونی بەرچاوی سەوزبوونی زەریاکانیان نیشانداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە چڕیی کلۆرۆفیل لە زەریاکاندا- کە بنەمای بایۆماسەی فیتۆپلانکتۆنە- لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا کەمیکردووە، بەتایبەتی لە ناوچە کەنارییەکان، ئەمەش مەترسی لەسەر ئیکۆسیستەمی زەریاکان و کەناراوەکان دروستکردووە.

 

شارەزایان، وتیان: فیتۆپلانکتۆن بنەمای تۆڕی خۆراکی دەریایی پێکدەهێنێت، پشتگیری لە ماسیگرتن و ئیکۆسیستەمی فراوانتر دەکات، بۆیە دابەزینی دەتوانێت لێکەوتەی دوور مەودای هەبێت.

 

کلۆرۆفیل ئەو ڕەنگە سەوزەیە کە لە فیتۆپلانکتۆندا هەیە، ئەمەش وا دەکات زیندەوەران تیشکی خۆر بگۆڕن بۆ وزە.

 

گروپی توێژینەوەکە لە چاودێری مانگی دەستکرد و داتای ژینگەیی لەسەر بنەمای نموونە سوودیان وەرگرتووە، بۆ نموونە داتای سوێری و پەستانی ڕووی دەریا، ئەم زانیاریانەیان خستۆتە ناو نمونەیەکەوە کە بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد پەرەیان پێداوە.

 

لە ناوچە نزم و ناوەڕاستەکانی پانی توێژینەوەکەدا، چڕیی کلۆرۆفیل بە ڕێژەیەکی تێکڕا نزیکەی ٠،٠٠٠٣٥ میلیگرام بۆ هەر مەتر سێجایەکە لە ساڵێکدا، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠١ و ٢٠٢٣ دابەزیوە، لەکاتێکدا تێکڕای ڕێژەی لەدەستدان لە ناوچە کەنارییەکان نزیکەی دوو هێندە بووە.

 

زیاتر لە ٣٢٪ی ڕووبەری زەریاکان کەمبوونەوەی بەرچاوی کلۆرۆفیلیان بەخۆوە بینیوە، لەکاتێکدا کەمتر لە ١٨٪ی زیادبوونی بەرچاوی سەوزبوونی زەریاکانیان نیشانداوە.

 

هەروەها توێژەران کەمبوونەوەی بەرچاویان لە زیادبوونی کلۆرۆفیلی قەوزەکاندا دۆزیەوە، هەروەها توێژینەوەکانی تر ئاماژەیان بە زیادبوونی زیانبەخشەکان کردبوو، بەتایبەتی لە هەندێک ئاوی ناوچەیی یان ناوخۆیی.

 

کورتیس دۆیچ، پڕۆفیسۆری زانستی زەوی لە زانکۆی پرینستۆن لە ئەمریکا، وتی پێدەچێت ئەمە بە واتای کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی ماددە ئۆرگانیک و قەوزەکانی نوێ لە زەریاکەدا بێت، هەروەها دابەزینی فیتۆپلانکتۆن تاڕادەیەک خاو بووە و پێشبینی داڕمانی کتوپڕ دەکرێت.

 

کورتیس دۆیچ ئاماژەی بەوەشکرد، دۆزینەوەکان جێگەی سەرسوڕمان نین، چونکە زاناکان پێشبینیان کردبوو کە ئەگەری لەدەستدانی کلۆرۆفیل هەبێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی نایەکسانی زیاد دەکات لە ڕووی دەریا، واتە جیاوازی چڕی نێوان ئاوی سەر ڕووی دەریا و ئاوی قووڵ زیاد دەکات، کە ئەمەش دەبێتە هۆی تێکدانی بەرزبوونەوەی ئەو ماددە خۆراکیانەی کە فیتۆپلانکتۆنەکان لێیان دەخۆن.

 

لە کۆتاییدا توێژەران جەختیان لەوە کردەوە، کە ئەم گۆڕانکاریانە لە بارستە و چڕیی کلۆرۆفیلدا کاریگەری قووڵی لەسەر قەبارە و دابەشبوونی ئیکۆسیستەمی دەریایی دەبێت، هەروەها سەوزبوونی زەریاکان دەتوانێت بەهۆی ئاوی کشتوکاڵی یان پیسبوونی مرۆڤەوە بێت و هەندێکیان دەتوانن ژەهر بەرهەم بهێنن کە دەبێتە هۆی ناوچەی مردوو.

 

توێژینەوەکە پەیوەندییەکی هۆکارانەی لە نێوان پلەی گەرمی ڕووی دەریا و چڕیی کلۆرۆفیل و قەوزەکاندا ئاشکرا کردووە، بەو پێیەی دی لۆنگ، پڕۆفیسپری بەشی ئەندازیاری هایدرۆلیکی زانکۆی سینگوا و نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە، دەرکەوتووە کە قەوزەکان بە تایبەتی هەستیارن بە گۆڕانی پلەی گەرمی.

 

دی لۆنگ ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو دۆزینەوانە جێگەی نیگەرانییە بۆ ئەو کەسانەی کە پشت بە بەرهەمهێنانی زەریاکان دەبەستن، بەتایبەتی کۆمەڵگە کەنارییەکان و دەکرێت کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر پیشەسازی ماسیگرتن هەبێت، هەروەها کەنارەکانی ڕۆژئاوای ئەفریقای وەک ناوچەیەکی نیگەرانکەر نیشان کرد، کە لەدەستدانی ڕووەک بە ڕێژەیەکی زیاتر لە ئاستی سروشتی ڕوودەدات، ئەم جۆرە ناوچانە بە هۆکاری جیاواز زیاتر تووشی ئازار دەبن.

 

بەگوێرەی نووسەرانی توێژینەوەکە، جگە لە تێکدانی تۆڕی خۆراک، لەدەستدانی ڕووەک، ڕەنگە توانای زەریاکە بۆ هەڵمژینی کاربۆن کەم بکاتەوە، تا ئێستاش زەریاکە بە لانیکەم چارەکێکی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی دەردانی چالاکییەکانی مرۆڤی هەڵگرتووە، ئەمەش وەکو پارێزەرێک لە دژی گۆڕانی کەشوهەوا کاردەکات.

 

هۆکارێک کە زەریاکە خاوەنی ئەم توانایەیە ئەوەیە کە فیتۆپلانکتۆن کاربۆن دەگۆڕێت بۆ ماددە ئۆرگانیکییەکان و هەندێکیان نوقم دەبن بۆ قووڵایی دەریا، دوور لە بەرگەهەوا.

 

دی لۆنگ، لە کۆتایدا، وتی: کاریگەرییە ئەگەرییەکان لەسەر نوقوومبوونی کاربۆن پێویستە بە ڕاستی وەربگیرێت، داڕێژەرانی سیاسەت لەم بوارەدا پێویستە بە ڕاستی چالاکی گەرمبوونی جیهان لەبەرچاو بگرن و سیاسەتی زیرەکتر و ئاگادارتر لەبارەی کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن بگرنەبەر.