تورکیا وەڵامی پرسیارەکانی سی پی جەی دەربارەی تیرۆرکردنی دوو ڕۆژنامەنووسەکە نەداوەتەوە

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنوسان "سی پی جەی" دەربارەی هێرشە درۆنییەکەی نزیک سەیدسادق و گیان لەدەستدانی دوو ڕۆژنامەنووس دەڵێت: تورکیا دەربارەی هێرشەکە وەڵامی پرسیارەکانی نەداوینەتەوە.

تورکیا وەڵامی پرسیارەکانی سی پی جەی دەربارەی تیرۆرکردنی دوو ڕۆژنامەنووسەکە نەداوەتەوە

ناوەندی هەواڵ

 

لە بڵاوکراوەیەکدا کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنوسان "سی پی جەی" ڕایگەیاند، ڕۆژی هەینی لە شاری سلێمانی هێرشکی درۆنی ئەنجامدرا و لە ئاکامدا دوو ڕۆژنامەنووس بە ناوەکانی هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا گیانیان لە دەستدا و ڕێبین بەکریش برینداربووە.

 

ئاماژەی بەوە کردووە پەیامێکیان بۆ نوێنەری هەمیشەیی تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ناردووە و پرسیاریان دەربارەی ئەو هێرشە ئاڕاستە کردووە بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ڕێکخەری پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان وتوویەتی: وەک سی پی جەی دڵگرانین بەو هێرشەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە ڕۆژی ٢٣ی ئاب  لە هەرێمی کوردستان ڕوویدا و لەئاکامیدا دوو ڕۆژنامەنووس گیانیان لە دەستدا و ڕۆژنامەنووسێک بە سەختی بریندار بوو، زۆر بەداخەوە پێویستە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لە سەر ئەم هێرشە دەست پێ بکەن و دیاری بکەن کە ئایا تیمی ڕاگەیاندکارەکە بە چ هۆکارێک کراونەتە ئامانج.