توندوتیژی دژی ژنان لە تونس لەزیادبوونەو دوو ژن لە چوارچێوەی توندوتیژی خێزانییدا کوژران

تونس لە ماوەی دوو ڕۆژدا دوو ڕووداوی دڵتەزێنی بەخۆیەوە بینی کە تێیدا دوو ژن لە چوارچێوەی توندوتیژی خێزانییدا کوژران، یەکەمیان دوای زیاتر لە سێ هەفتە لە چاودێری چڕدا گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە تونس، دیاردەی کوشتنی ژنان لە ناو خێزاندا دووبارە سەرهەڵدەداتەوە، لە دیمەنەکاندا کە مەترسی توندوتیژی دژی ژنان دەردەخەن، بەتایبەت کاتێک ناکۆکییە خێزانییەکان یان کێشەکانی پەیوەست بە خەرجی دەکرێنە بەهانە بۆ پەرەسەندن و هێرشکردن.

 

لە نوێترین ئەم تاوانانەدا، ژنێک بە ناوی "مریەم عامر" ١٦ی ئاب ژیانی لەدەستدا، ئەوەش دوای زیاتر لە سێ هەفتە کە لە بەشی چاودێری ورد لە نەخۆشخۆری قابس مایەوە، بەهۆی کاریگەری برینە قووڵەکانی کە لە ئەنجامی لێدانی بە ئامێریتیژ لە لایەن هاوژینەکەیەوە تووشی بووبوو، بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوبووانەوە سەبارەت بە ڕووداوەکە.

 

مردنەکەی لە دوای ماوەی چارەسەرکردن و ململانێ بۆ مانەوەیە، پرسی توندوتیژی دژی ژنان لەناو خێزاندا و ئەو هێرشە کوشندانەی کە دەتوانێت بەدوای خۆیدا بهێنێت، دەهێنێتەوە پێشەوە.

 

لە ڕووداوێکی دیکەدا، کە ١٧ی ئاب ناوچەی بورج تەویلی پارێزگای ئاریانای هەژاند، داواکاری گشتی لە دادگای یەکەمی ئاریانا ڕێگەی بە دەستبەسەرکردنی پیاوێکی تەمەن ٦٠ ساڵ دا بە گومانی تێوەگلانی لە کوشتنی هاوژینکەی بە ئامێری تیژ.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ماڵپەڕی "باب نات" بڵاویکردووەتەوە، پیاوەکە چووەتە یەکێک لە بنکە ئەمنییەکانی ناوچەکە و بە پۆلیسی ڕاگەیاندووە، کە هاوژینەکەی کوشتووە و تەرمەکەی لە ناو ماڵەکەیدایە.

 

دوای ئاگادارکردنەوەی داواکاری گشتی، نوێنەرەکەی بە هاوڕێیەتی دادوەری لێکۆڵینەوەی ڕاسپێردراو چوونە شوێنی تاوانەکە، لەوێ پشکنین بۆ تەرمی زیانبەرکەوتووەکە کرا، پشکنینە سەرەتاییەکان دەریخستکە زیانبەرکەوتووەکە تووشی زیاتر لە چل لێدانی ئامێری تیژ بووە لە ناوچە جیاوازەکانی جەستەیدا، ئەوەش بووەتە هۆی مردنی، داوکاری گشتی فەرمانی داوە کە تەرمەکە لەسەر ئەرکی پزیشکی دادوەری دانرێت بۆ دیاریکردنی هۆکارە زانستییەکانی مردن، هاوکات لێکۆڵینەوەیەکی دادوەری کراوەتەوە بۆ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی تاوانەکە و دیاریکردنی بەرپرسیارێتییەکان.

 

ئەم ڕووداوانە جارێکی تر پرسی کوشتنی ژنان و توندوتیژی خێزانی لە تونس دەخەنە بەردەم کۆمەڵگە و دامەزراوەکان، نەک وەک ناکۆکییەکی سادەی خێزانی، بەڵکو وەک دیاردەیەکی توندوتیژی کە ڕەنگە بە هەڕەشە، بێڕێزی، کۆنتڕۆڵکردن و توندوتیژی جەستەیی دەست پێبکات، پاشان پەرەبسێنێت بۆ تاوانی مەترسیدارتر.

 

هەروەها ئەم تاوانانە کاردانەوەی بەردەوام دەوروژێنن سەبارەت بەو وتار و ۆەو شێوازە قسەکردنەی کە لەگەڵیدا دێت، بەتایبەت کاتێک بەدوای پاساوێکدا دەگەڕێن بۆ ڕەفتاری تاوانبار یان بەرپرسیارێتی خستنەسەر زیانبەرکەوتووەکە بۆ ئەوەی تووشی بووە، ئەم ڕووداوانە گرنگی مامەڵەکردنێکی جددی لەگەڵ ئاماژەکانی پێشوەختەی توندوتیژی پێش تاوانەکەش دەردەخەن، لە هەڕەشە، هێرش، بەدواداچوون، کۆنتڕۆڵکردن و زۆرەملێ.