تولای حاتمئۆغڵو: پێویستە هەموو لایەنەکان بەرپرسیارێتی خۆیان لە پێناو ئاشتیدا جێبەجێ بکەن
تولای حاتمئۆغڵو هاوسەرۆکی دەم پارتی لە کۆنگرەی ئەرزروم ڕایگەیاند، کە پرۆسەکە لە قۆناغێکی نوێدایە و دەڵێت: تورکیا پێویستی بە بەڕێوبردنێکی دیموکراتی هەیە، ئێمەی کورد، عەلەوی، ژنان ئامادەین بۆ بەڕێوبردنی دیموکراتی.
ناوەندی هەواڵ
دەم پارتی دووەمین کۆنگرەی ئاسایی شارەکانی ڕێکخستنی شاری ئەرزرومی خۆی بەڕێوەبرد، کۆنگرەکە کە لە هۆتێلی شارەکە بە دروشمی "خۆمان بۆ کۆمەڵگەیەکی ئاشتیانە و دیموکراتیک ڕێکدەخەین" بەڕێوەچوو، هاوسەرۆکی گشتی تولای حاتمئۆغڵو و بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیان ئامادەی بوون.
تولای حاتمئۆغڵو لە کۆنگرەکەدا ڕایگەیاند، کە ئەم کۆنگرەیە هەنگاوێکی سیاسیشە و وتی: لە سەردەمێکدا کە سیاسەت ئاوەدان دەکرێتەوە، لە کاتێکدا خەریکی بونیادنانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتین، هەر کۆنگرەیەک کە دەیبەستین هەنگاوێکی سیاسیشە.
"پێویستە هەموو لایەنەکان ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن"
تولای حاتمئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا، کە یاسای چوارچێوە دەرفەتی زۆر گرنگی بە تورکیا بەخشیوە و وتی: بەڵام بەو مەرجەی کە جێبەجێ بکرێت، ئەگەر هەنگاوی کۆنکرێتی لەو پرۆسە کردەییانەی کە ئەم یاسای چوارچێوە دایدەمەزرێنێت، نەگیرێتەبەر، ئەوا پێکەوە ئەم پرۆسەیە لەدەست دەدەین، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەکان بەتایبەت دەوڵەت و دەسەڵات، لایەنە بەرپرسەکان ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن و بەو تێگەیشتنە مامەڵە بکەن.
"گەلی کورد بوونی خۆی سەلماندووە"
تولای حاتمئۆغڵو باسی لەوە کرد، کە پرۆسەکە بە بینین و چاوەڕوانی سەرکەوتوو نابێت وتی: پڕۆسەی ئاشتی لەسەر دەفرێکی زێڕین پێشکەشمان ناکرێ، ئێمە بە خەبات بەدەستی دەهێنین، بە بانگەوازی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی دەرگاکانی بەڕووی پرۆسەیەکی نوێدا کردۆتەوە، گەلی کورد ڕووبەڕووی خەباتێکی مانەوە و نەبوون بووەتەوە، بەڵام ئێستا جیهان بوونی کەرامەتی گەلی کوردی بینیوە، گەلی کورد لە جیهان خۆی سەلماندووە، خۆی نیشانداوە، بە خەبات و تێڕوانین و هەڵوێستی ڕێکخستنیان لە سووریا، عێراق، ئێران، تورکیا، بوونی خۆیان لە جیهاندا سەلماندووە، بەڕێز ئۆجالان دەڵێ دەبێ کات بۆ ئاستێکی نوێ تێپەڕێت، بەم قۆناغە نوێیەدا ناچارین دەستکەوتی سیاسی و یاسایی پیشان بدەین، بە واتایەکی تر ئێمە لەو قۆناغەداین کە بتوانین بە بەهێزترین شێوە خەبات بۆ دیموکراتی ئەنجام بدەین و چارەسەری کێشەی کورد بگەیەنینە ناسنامەیەکی سیاسی و بنەمایەکی یاسایی.
"ئێمەی کورد و عەلەوی و ژنان ئامادەین بۆ بەڕێوبردنی دیموکراتی"
تولای حاتمئۆغڵو ڕایگەیاند، کە ئەوان بە تێگەیشتنی بزووتنەوەی کۆماری دیموکرات ئامادەن وڵات بەڕێوەببەن و وتی: ئەم وڵاتە پێویستی بە بەڕێوبردنێکی دیموکراتی هەیە، ئێمە وەک دەم پارتی کاندیدین بۆ بەڕێوبردنی تورکیا بە شێوەیەکی دیموکراتی، ئێمە تێگەیشتنێکی نیشتمانی بۆ کارگێڕی دروست دەکەین کە تێیدا کەس لەم وڵاتەدا بەدەر نەمێنێت، هیچ کەسێک بە هەرشتێک لێپرسینەوەی لێ نەکرێت، ئێمە تەنها دیموکراتی ناکەین بە چەتری خۆمان، بەڵکو دیموکراتی واتە نزیکبوونەوەیەکی یەکسان بۆ هەمووان، ئێمە جیاواز نابین، ئێمەی کورد، عەلەوی، ژنان ئامادەین بۆ بەڕێوبردنی دیموکراتی.
"دروستکردنی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی"
تولای حاتمئۆغڵو لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمە لە قۆناغێکی نوێداین، ڕستەی سەرەتای لاپەڕەیەکی نوێ دەنووسین، ڕستەی سەرەتا بۆ گەورەکردن و فراوانکردن و بەهێزکردنی خەبات بۆ دیموکراتی دەبێت، ئەمە ڕستەی سەرەتای ئەم لاپەڕەیە، دەتوانین بەسەر ئەمەدا زاڵ بین، هیچ شتێک نییە هێزێکی ڕێکخراو نەتوانێت بەسەریدا زاڵ بێت، لەوانەیە کەموکوڕیمان هەبێت، ڕەنگە ڕێبازی هەڵەمان هەبێت، ڕەنگە هەڵەمان هەبێت، لە ئاستی ناوخۆییەوە تا ناوەند، ڕەنگە هەموویان لەوێ بن، گرنگترین ڕێبازی ئێمە لەم بابەتەدا ڕێکخستن و ڕەخنەگرتنە، هەمیشە وێنە گەورەکە ببینە، وێنەی گەورە بونیادنانی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکە.