تاژێ: هێرشی میدیایی بۆسەر دیلەکانمان بەشێکە لە شەڕی تایبەت

تاژێ دەڵێت: بەرامبەر هەر پیلانێکی پیس لە دژی دیلەکانمان بێدەنگ نابین، هیچ هێزێک ناتوانێت بمانوەستێنێت و تۆڵەی هەر ژن، منداڵ و مرۆڤێکی خۆمان دەکەینەوە، هێرشی میدیایی بۆسەر دیلەکانمان پیلان بۆداڕێژراوە و بەشێکە لە شەڕی تایبەت.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ئەوەی ١٩ی تەمووز، هەندێک دەزگای ڕاگەیاندنی شەڕی تایبەت لە ئەنبار، دیمەنی ژنێکی ئێزدی دیلکراویان بڵاوکردەوە، لە دژی ئەو کردەوە نامرۆڤانەیە، تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی "تاژێ" ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

 

دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیەیە:

بەرامبەر هەر پیلانێکی پیس لە دژی دیلەکانمان بێدەنگ نابین، ئێمە وەک تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی (تاژێ)، لە نزیکەوە چاودێریی یاری و پیلانە پیسەکانی ئەم دواییەی سەر دۆسیەی ژنانی ڕزگاربوو دەکەین، بەتایبەتی ئەو شەڕە تایبەتەی لەژێر ناوی دۆسیەی ‘ئوم وەسفی’دا بەڕێوە دەچێ، ئێمە لە دژی ئەو هەوڵانە توندترین هەڵوێستی خۆمان ڕادەگەیەنین، فەرمان بەردەوامە؛ ئێمە بێدەنگ نابین، تا ئەو کاتەی یەک دیلی ئێمە لە دەستی بکوژ و چەتەکاندا مابێت، فەرمان لەسەر کۆمەڵگاکەمان بەردەوامە. هیچ هێزێک ناتوانێت بمانوەستێنێت و تۆڵەی هەر ژن، منداڵ و مرۆڤێکی خۆمان دەکەینەوە. ئێمە ئەم شەڕە میدیایی و هەوڵەکانی هێرشکردنە بە توندی شەرمەزار دەکەین، ئەو دەزگا میدیاییانەی کە ئازار و فەرمانی دژی کۆمەڵگاکەمان دەکەنە ئامرازی سیاسەتە پیسەکانیان، بە توندی شەرمەزار و تاوانبار دەکەین. درووستکردنی ئەم بەرنامە تایبەتانە لەم کاتەدا کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی فەرمانەکە ڕێکەوت نییە، بەڵکو هێرشێکی پیلان بۆداڕێژراو و ئامانجدارە، ئەوان دەیانەوێت پەیامێک بدەن کە گوایە کچەکانی ئێمە بە ئیرادەی خۆیان بوونەتە ئیسلام، ئەمە درۆیەکی گەورەیە و هەوڵێکە بۆ چەواشەکردن و ڕەشکردنی ڕاستییەکانی فەرمانەکە.

 

هەموو جیهان لە کاتی فەرمانەکەدا شایەتحاڵی ئەو دیمەنە دڕندانەیەی چەتەکانی داعش بوون کە چۆن مامەڵەیان لەگەڵ ژنان و منداڵەکانمان کرد، ئەوان هەموویان بە زەبری هێز، هەڕەشەی کوشتن و توندوتیژی دەیانویست لە ناسنامە و باوەڕەکەیان دایانببڕن. کچ، ژن و منداڵەکانمان کە لە ماوەی ئەم ١٢ ساڵەدا ڕزگار بوون، شایەتحاڵی ڕاستەقینەی ئەو دڕندەییەی چەتەکانی داعشن کە بەسەر کۆمەڵگاکەمانیان هێنا، دوای دەرچوونی خێزانی چەتەکان لە کامپی هۆڵ، ئێمە بڕوامان وایە کە چەندین ژنی ئێزدی بە زۆر و بە ناسنامەی ساختەوە لە زۆرێک لە ناوچەکانی عێراقدا بوونیان هەیە، بێدەنگی لە بەرامبەر ئەم دۆخەشدا، بە واتای هاوکاریکردن دێت.

 

ئێوە شکۆ و بوونی ئێمەن، لە هیچ فشار، ترس، هەڕەشە و سیاسەتێکی شەڕی تایبەت مەترسن، کۆمەڵگەی ئێزدیی خۆڕاگر بە دڵ و بە شکۆیەکی گەورەوە چاوەڕێی گەڕانەوەتانە، خاک و پیرۆزییەکانتان هەمیشە چاوەڕێتان دەکەن، بانگەوازیشمان بۆ کۆمەڵگاکەمان هەیە کە لە بەرامبەر ئەم کردەوە نامرۆڤانانەدا خاوەن هەڵوێستێکی هاوبەش بن، لە دژی ئەو شەڕە تایبەتەی لە کەسایەتیی ژنانی ئێزدی و بەتایبەتی لەسەر ژنانی دیلکراو بەڕێوە دەچێت، بە وریاییەوە مامەڵە بکەن، ئێمە وەک کۆمەڵگە و ژنانی ئێزدی لەو هێز و بڕوایەداین، کە لە دژی هەموو جۆرە هێرشێک بوەستینەوە و هەڵوێستی پێویست نیشان بدەین.

 

بانگەواز بۆ ژنانی بەدیلگیراو

تاژێ لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەیدا بانگەوازی بۆ ڕای گشتی کرد و وتی: هەروەها بانگەوازیی لە سەرجەم ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، دامەزراوە نێونەتەوەییەکان و ڕای گشتیی جیهان دەکەین کە لە دژی ئەم قڕکردنە کەلتوورییە و فەرمانە سپییەی کە ئەمڕۆ لە دژی کۆمەڵگاکەمان بەڕێوە دەچێت، بێدەنگ نەبن، دەبێت ئەم هێرشانەی کە شکۆی ژنانی ئێزدی دەکەنە ئامانج بوەستێندرێن. بێدەنگی تاوانە.