سیمینارێک بە ناونیشانی "جیهانی ژینگە پێویستی بە بایەخدان هەیە" بەڕێوەچوو
دوابەدوای وێرانکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا کە بەسەر ژینگەی ڕۆژئاوای کوردستان و عەفرین هێناویەتی، گەنجان لە هەوڵی بونیادنانەوەی سروشتدان، بەوهۆیەوە سیمینارێکی تایبەت بە چاکسازی ژینگە لە شەهبا بەڕێوەچوو.

فيدان عەبدوڵا
شەهبا- ڕۆژی هەینی ٢٤ی ئەیلول تەڤگەری خوێندکارانی دیموکرات لە میانەی سیمینارێکدا تیشکیان خستە سەر هەرسێ بابەتی "ژینگە، وێران بوونی ژینگە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و ئەرکی گەنجان لە چاکسازی ژینەدا"، ئەوەشیان خستەڕوو ژینگە و بەتایبەتی پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا کە بە هۆیەوە سروشت وێران بووە و پێویستی بە گرنگی پێدانە.
ئامینە محەمەد، ئەندامی تەڤگەری خوێندکارانی دیموکرات بە ژنهای وت: "بەهاوکاری تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕی پارتی یەکێتی دیموکراتی، سیمینارێکی دیالۆگمان لەسەر جیهانی ژینگە ڕێکخستووە بەو ئامانجەی خوێندکاران و گەنجان هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن لە ئاست وێرانبوونی ژینگە".
دەربارەی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا ئامینە ئاماژەی بەوەدا، تورکیا لەپێناو وێرانکردنی کوردستان هەستا بە بڕینەوەی چەندین هەزار دار لە عەفرین و سوتاندنی دارستانەکان، ئامانجی ئەوان لە پاش داگیرکردن وێرانکردنی ژینگەیە هەربۆیە پێویستە گەنجان بە ڕووی ئەو داگیرکاریانەدا بووەستنەوە و هەوڵی باشترکردنی دۆخی ژینگە بدەن.
نارین هلاوی، یەکێکی دیکە لە خوێندکارەکان لەو بارەیەوە وتی: "بوونی سروشت لە هەر ناوچەیەک زۆر گرنگە و ژێرخانێکە بۆ ناوچەکە، هەرچەند داگیرکاران هەوڵی وێرانکردنی ژینگە بدەن پێویستە گەنجان هەڵوێستیان هەبێت لە بەرامبەر ئەوجۆرە سیاسەتانەدا".
فاتمە ئەحمەد ڕوونیکردەوە، لە پاش ئەو هێرش و تۆپبارانکردنانەی ڕووبەڕووی ڕۆژئاوا دەبێتەوە، ئامانجیان تێکدانی ژینگەیە بە ئەنقەست، دەربارەی پەیوەندی نێوان ژنان و سروشت وتی: "جێگەیەک ژنی تێدابێت ڕەنگێکی جیاوازتری هەیە و بەرەوپێشچوونی پێوەدیارە لە ڕووی ئاوەدانییەوە".