سەرەڕای مەترسیی دەستبەسەرکردنی؛ سویسرا دایکێک و دوو منداڵەکەی ڕادەستی تورکیا دەکاتەوە

پاش دیپۆرتکردنەوەیان لە سویسرا، ژنێکی کورد لە ئیستەنبوڵ دەستگیرکرا. سویسرا پێشتر ئاگاداری فەرمانی دەستگیرکردنەکەی بووە، بەڵام بەپێی یاسای کۆچبەریی وڵاتەکە ڕەوانەی کردووەتەوە، ئەمەش ڕەخنەی توندی ڕێکخراوەکانی لێکەوتووەتەوە

ناوەندی هەواڵ

 رەنج پشدەری، چالاکوان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک ڕایگەیاند، بەهار یاڵچنکایا، لەگەڵ دوو کچەکەیدا لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانی سویسراوە ئاودیوی سنووری تورکیا کرانەوە. دەستبەجێ دوای گەیشتنی بۆ فڕۆکەخانەی ئیستەنبوڵ، یاڵچنکایا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە بە تۆمەتی پڕوپاگەندەکردن بۆ تیرۆر دەستبەسەرکرا.

 

لە بارەی ڕێکارە یاساییەکانەوە، پارێزەری کەیسەکە ئاشکرای کرد کە دەسەڵاتدارانی سویسرا پێشتر بە تەواوی ئاگاداری بوونی فەرمانی دەستگیرکردنی یاڵچنکایا بوون لەلایەن داواکاری گشتیی تورکیاوە. بەڵام بەپێی یاسای کۆچبەریی سویسرا، بوونی فەرمانی دەستگیرکردن یان ئەگەری دەستبەسەرکردن لە وڵاتی دایک، بە تەنیا نابێتە ڕێگر لەبەردەم جێبەجێکردنی پرۆسەی دیپۆرتکردنەوە.

 

ئەم هەنگاوەی سویسرا ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی پارێزەران و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بووەتەوە. چالاکوانان دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە بنەما نێودەوڵەتییەکانی پاراستنی پەنابەریان پێشێل کردووە و ژیانی ئەو خێزانەیان خستووەتە مەترسییەوە.