شاندی ئیمرالی دەم پارتی: کۆبوونەوەکانی هەولێر دەرئەنجامی ئەرێنییان هەبوو

دوای هەردوو کۆبوونەوەکەی شاندی ئیمرالی دەم پارتی، ئاماژە بەوەکرد لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا دوو کۆبوونەوەی زۆر گرنگمان ئەنجام دا و دەرئەنجامی ئەرێنیی باشیان هەبوو.

ناوەندی هەواڵ

 

شاندی ئیمرالی دەم پارتی کە ماوەی دوو ڕۆژە لە هەولێرن و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پەدەکە و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی کاربەرێکەری هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیان ئەنجامدا، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانیان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا بڵاوکردەوە.

 

کەسکین بایندر، لەسەر ناوی شاندەکە سڵاو و ڕێزی خۆیان ئاراستەی ڕاگەیاندنەکان کردو وتی: دوێنێ کۆبوونەوەمان لەگەڵ مەسعود بارزانی ئەنجام دا و کاتژمیر  و ٤٥ خولەک گفتوگۆیەکی برایەتی و باشمان کرد و سڵاو و پەیامی بەڕێز ئۆجالانمان سەبارەت بە پرۆسەکە پێیان گەیاند، ئەمڕۆش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆبووینەوە و بە هەمان شێوە سڵاو و پەیامی بەڕێز ئۆجالانمان گەیاند، ئەوانیش پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو پرۆسەیە کە بەڕێز ئۆجالان دەستپێشخەریی کردووە دووپات کردەوە.

 

وتیشی: لە کۆبوونەوەکاندا باسمان لە ڕۆڵ و هەوڵەکانی هەموو لایەنەکان بۆ چارەسەری کێشەی کورد کرد، هیوای گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە کە کێشەی کورد بە شێوەیەکی یاسایی و سیاسیی چارەسەر بکرێت، لایەنەکان بە ئەرێنی نزیک بوونەوە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا کەسکین بایندر ئاماژەی بەوەدا، بەڕێز ئۆجالان لەم هەلومەرجە سەختەدا دەستپێشخەرییەکەی گەورەی کردووە و کە کێشەی کورد چارەسەر ببێت و ئەم ڕێگایەی بەڕێز ئۆجالان گرتوویەتییەبەر هەموو کێشە و ئاڵۆزیی و قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر دەکات.

 

وتیشی: کۆبوونەوەکانمان لە هەولێر بەکۆتاهات و دەچینە سلێمانی لەگەڵ بەڕێز بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەنەکە و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبینەوە.

 

ئاشکراشیکرد، دەرئەنجامی هەموو کۆبوونەوەکانمان پاش گەیشتن بە باکووری کورستان بە ڕاگەیاندراوێکی نووسراو بڵاودەکەینەوە.