شاندێکی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا گەیشتنە ئەورووپا
شاندێکی ژنانی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا گەیشتنە ئەورووپا و لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان و گرووپەکانی مافی مرۆڤ و پەرلەمانتارانی ئەورووپا کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی سووریا و پرسەکانی ژنان و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.

ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ، شاندێکی ژنانی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا گەیشتنە ئەورووپا بە مەبەستی سەردانکردنی و بەشداریکردنی چالاکییەکانی وڵاتانی سویسرا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا و بەلجیکا لەوانە، کۆنفرانس و سیمیناری دیالۆگ و ڤیستیڤاڵی کولتووری و هەروەها کۆبوونەوە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان و مافەکانی مرۆڤ کە لە ئەوروپا کار دەکەن، سەردانەکەیان مانگێک دەخایەنێت.
هەروەها شاندەکە لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمانی بەلجیکا و سویسرا کۆدەبێتەوە وەک بەشێک لە پەرەپێدانی هاوکاری و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموون لەسەر چەندین بابەتی بەرژەوەندی هاوبەش.
کێشەکانی سووریا تاوتوێ دەکرێت
هاوکات ئەندامانی شاندەکە، لە کۆبوونەوەکاندا تیشک دەخەنە سەر کێشەی سووریا بەتایبەتی مۆدێلی ئێستای باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و کێشەکانی ژنان و ئەزموونەکانیان لەکاتی قەیرانەکاندا و گونجاوترین شێوازی حوکمڕانی لە سووریا و دۆسییەی ئاوارەکانی سووریا و ئاوارەی زۆرەملێ.
شاندەکە نوێنەری چەندین ڕێکخراوی ژنان لەخۆ دەگرێت کە بریتین لە، ئامینە عومەر بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، مونا یوسف وتەبێژی ئەنجوومەنی ژنانی سووریا، شەهرزاد جاسم وتەبێژی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا، ژیان حسێن ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەستار، ژۆرژێت بارسوم وتەبێژی یەکێتی ژنانی سووریان.