قەڵغانی زیندوو: داوا لە گەنجان دەکەین بەشداری جەنگی ئازادی بن بۆ پارێزگاری لە نیشتمان

دوای ئەوەی لە بازگەی دەرەکۆتر لە شارەدێی سەنگەسەر، چالاکی قەڵغانی زیندوو ڕێگری لێکرا بچنە قەندیل، بە بەیاننامەیەک داوایان کرد کە لایەنە سیاسییەکان هەڵوێستی خۆیان دیار بکەن، بانگەوازیشیان لە گەنجان کرد بەشداری هەڵمەتی جەنگی ئازادی ببن.

ناوەندی هەواڵ

 

بڕیاربوو ئەمڕۆ  کۆمەڵێک لە ژنانی گەنج، گەنجان، دایکان و ڕۆشنبیرانی باشوری کوردستان بە بەشداری ئەندامانی شاندی ئاشتی و ئازادی بۆ کوردستان، لە چوارچێوەی هەڵمەتی "وەرن بۆ جەنگی ئازادی" بچنە قەندیل و چالاكی قەڵغانی زیندوو دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامبدەن، بەڵام لەلایەن ئاسایشی بازگەی دەرەکۆتر لە شارەدێی سەنگەسەر ڕێگریان لێکرا بچنە قەندیل.

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا کاروان گابار، ئەندامی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان ئاماژەی بەوەدا: ئێمە وەک گەنجان و چالاکوانان لە باشوری کوردستان ویستمان بچینە قەندیل و هەڵوێستی خۆمان دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا نیشان بدەین کە بێدەنگ نابین، بەڵام لەلایەن ئاسایشەوە ڕێگریمان لێکرا، بێدەنگی لایەنەکان مەترسییە بۆ سەر خاکەکەمان و پێویستە لایەنە سیاسییەکانیش هەڵوێستی خۆیان دیار بکەن.

 

هەروەها وتیشی: بانگ لە گەنجانی چوار پارچەی کوردستان دەکەین کە بێن و پارێزگاری لە خاک و نیشتمانەکەیان بکەن و بەشداری لە جەنگی ئازادی بکەن.

 

جێسیکا خەڵکی وڵاتی ئیتاڵیا و ئەندامی شاندی ئاشتییە، ئاماژەی بەوەدا: ئێمە لە ٥٠ وڵاتەوە لێرەین بۆ ئاشتی و ئازادی بۆ کوردستان، ئێمە هاتوین تا پشتیوانی لە گەلی کورد بکەین، لەوکاتەوەی هاتووین حکومەتی هەرێم ڕێگری لێکردووین لە کارەکانمان و ئێستاش ناهێڵن بچینە قەندیل، ئێمە دڵگرانین لەو ناکۆکییە ناوخۆییەکان و دەمانەوێت ناکۆکییەکان بە دیالۆگ کۆتایی پێبهێنین و ڕێگری بکەین لە شەڕی براکوژی.

 

جێسیکا ئەوەشی خستەڕوو کە ئەم ناکۆکییانە خزمەت بە دەوڵەتی تورکیا دەکات و لە زیانی گەلی کورد و دۆزەکەیاندایە.

 

ت.پ