پارێزەر نەسرین ستودە خەڵاتی مافی مرۆڤی ئەنجومەنی ئەوروپای بەدەستهێنا

نەسرین ستودە، پارێزەری مافی مرۆڤی ئێرانی، بەهۆی بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان، خەڵاتی مافی مرۆڤی ئەنجومەنی ئەوروپای پێبەخشرا. بەهۆی زیندانیکردن و سنووردارکردنەکان، خەڵاتەکە لەسەر ناوی نەسرین ستودە بە خەندانی کچی بەخشرا.

ناوەندی هەواڵ

 

نەسرین ستودە، پارێزەری مافی مرۆڤی ئێرانی، خەڵاتی مافی مرۆڤی ئەنجومەنی ئەوروپای پێبەخشرا، بەهۆی داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ، بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان و هەڵوێستی دژی پەردەپۆشکردنی ناچاری. ئەم خەڵاتە ئەمڕۆ لە شاری ستراسبۆرگ ڕاگەیەندرا.

 

ئەنجومەنی ئەوروپا پابەندبوونی بەردەوامی ئەو پارێزەرە تەمەن ٦٣ ساڵەی بە بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ و دژایەتیکردنی سزای لەسێدارەدان و بەرەنگاربوونەوەی لەچکی ناچاری – سەرەڕای چەندین ساڵ لە دەستبەسەرکردنی دووبارە، سزای توندی زیندانیکردن و مەترسییە کەسییە بەرچاوەکان – وەک هۆکاری خەڵاتەکە هێنایەوە، ئەم بڕیارە دوێنێ لە شاری ستراسبۆرگ لەلایەن ئەنجومەنی پەرلەمانی ئەنجومەنی ئەوروپاوە ڕاگەیاندرا.

 

لە مەراسیمی خەڵاتکردندا لە ستراسبۆرگ، مەهراڤ خەندان، کچی نەسرین ستودە، بەناوی دایکیەوە خەڵاتەکەی وەرگرت.

 

نەسرین ستودە کە لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوودا دوای دەستبەسەرکردنی کورت بە دانانی بارمتە ئازاد کرا، لە پەیامێکی ڤیدیۆیی کە لە تارانەوە نێردراوە، وتی: لەم جۆرە کاتانەدا خەباتەکانی ڕابردوومان و ئایدیاڵە هاوبەشەکانمان لەبیرە، ڕۆژێک دێت، ڕۆژی ئازادیش بەسەر وڵاتەکەماندا دەدرەوشێتەوە.

 

نەسرین ستودە کە داکۆکی لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەمینەکان و منداڵانی مەترسی لەسێدارەدان دەکات، پێشتر لە ساڵی ٢٠١٢ خەڵاتی ساخارۆڤی پەرلەمانی ئەوروپای بەدەستهێنا.