پارکی ئازادی، شایەتحاڵی مێژووی خوێناوی نۆی حوزەیران
ئەمڕۆ، ٥٨ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر ڕۆژە خوێناوییەکەی شاری سلێمانیدا، کە سوپای عێراق بەهۆی دۆڕانی بەرامبەر پێشمەرگە توڕەیی خۆیان بە خەڵکی شارەکە ڕشت، زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتیان دەستگیرکرد.

ناوەندی هەواڵ
پارکی ئازادی، ئەو باخەی ئێستا بووەتە هەوارگەیەک بۆ پشوودان و بەسەربردنی کاتێکی خۆش بۆ هاوڵاتیان، شایەتحاڵی مێژوویەکی تاڵی ئەم شارە و شەهیدبوونی گەنجەکانی ئەم نیشتیمانەیە بە دەستی ستەمکارترین ڕژێمی بەعس.
بەهۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و بەغدا لە ساڵی ١٩٦٣، ڕژێمی بەعس بۆ تۆڵەسەندنەوە لە کوردەکان بە سەرۆکایەتی زەعیم سدیق جاسم، کە یەکێک بوو لە خوێنڕێژترین و دڕەندەترین لیوای ناو ڕژێمی بەعس، لیوای ٢٠ سوپای عێراق دەنێرێتە شاری سلێمانی تا کارەساتێک لەو شارە ئەنجام بدەن.
لە ڕۆژی ٨ی حوزەیراندا زەعیم سدیق و لیواکەی دەچنە شاخی ئەزمەڕ تا هێرش بکەنە سەر پێشمەرگە، پێشمەرگەش ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و سوپاکەی زەعیم سدیق دەدۆڕێت، لە بەرامبەردا زەعیم سدیق توڕەیی خۆی بە خەڵک شارەکە دەڕێژێت.
٩ی حوزەیران قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەندرا
لە ڕۆژی ٩ی حوزەیراندا قەدەغەی هاتوچۆ (مەنع تەجەول) ڕادەگەیەنێت، دواتر دەکەوێتە گیانی هاوڵاتیانی سلێمانی و کوشتارگەیەک و ڕووبارێک لە خوێن دروستدەکات، زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی دەستگیردەکات و ١٠٠ کەسی مەدەنیش شەهید دەکات.
هەر لە بەرە بەیانی زووی ئەو ڕۆژەدا دەکەوێتە گەڕان بە ماڵەکاندا بۆ چەک و پێشمەرگە، سەدان هاوڵاتی، فەرمانبەر، مامۆستا و خوێندکار دەستگیردەکات، بەرەو حامییەکەی سلێمانییان دەبات.
حامی سلێمانی، کە دەکاتە پارکی ئازادی ئێستا، سەربازگەیەکی گەورە بووە، بە سەدان هاوڵاتی کوردی تێدا شەهید کراوە، ئەو ڕۆژە هەزاران کەس دەبنە ئەو حاویە و لە تەویلەی ئەسپەکاندا زیندانیان دەکەن، دواتر لە دادگایەکی ڕووکەشیدا بە ناوی دادگای (وادی) سەرجەمیان بڕیاری گولەبارانکردنیان بۆ دەردەچێت و شەهید دەکرێن.
زەعیم سدیق، جگە لە گولەباران کردنی ئەو کەسانەی لە حامییەکەدا دەستگیرکرابوون، لە یاریگای سلێمانیش (مەلعەبەکە) لە چوارباخ چوار کەسی دیکە لەسێدارە دادەت.
ئێستا لە پارکی ئازادیدا مۆنۆمێنتێک بۆ شەهیدانی ٩ی حوزەیران دروستکراوە و ناوی ئەو شەهیدانەی لەسەر نوسراوە کە شەهیدکراون، ئێستا پارکی ئازادی شایەتحاڵی ئەو ڕۆژە خوێناوییەی شاری سلێمانی و ستەمکاری زەعیم سدیق و ڕژێمی بەعسە، کە پێش ٥٨ ساڵ ڕوویداوە.
ت.پ