پانێلێک لەبارەی هەوڵدان بۆ سڕینەوەی شوناس و کلتوری کوردان بەڕێوەچوو
پانێلێک دەربارەی "دژی داگیرکارییەکانی سەر خاکی کوردستان" ئەنجامدرا، لەلایەن ڕۆژنامەنووسێکیشەوە باس لە ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و ژنان کرا.
پانێلێک دەربارەی داگیرکارییەکانی سەر کوردستان ئەنجامدرا، کە دەوڵەتانی داگیرکەر بە چەندین شێوازی جۆراوجۆر هەوڵی داگیرکردنی کوردستانیان داوە، لەلایەن ڕۆژنامەنووسێکیشەوە باسی لە ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و ژنان کرد، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە ژنان و منداڵان سوتووی یەکەمی شەڕ و داگیرکارییەکانن.
ناوەندی هەواڵ
ئێوارەی دوێنێ ١٨ی ئایار پانێلێک بە ناوی 'کەلتور و شوناس' بۆ هەریەک لە دکتۆر هۆگر شێخ محمود، پەرێز سابیر ڕۆژنامەنووس و لوقمان حەسەن لە دەزگای ڕۆشنبیری جەمال عیرفان ئەنجام درا.
لە پانێڵەکەدا باس لە کەلتوری کورد و ئەو داگیرکارییەکانی بۆ سەر کەلتوری کوردستان کرا، کە دەوڵەتانی داگیرکەر لە ڕێگای زمان، جلوبەرگ و کەلتورەوە داگیرکارییەکانی ئەنجام دەدات، هەروەها بەهۆی دراماکانیانەوە کە دەیفرۆشنەوە بە کەناڵە کوردییەکان، کەلتوری خۆیان زاڵدەکەن بەسەر کەلتوری کوریدا و داگیرکاری بە شێوازێکی دیکە و لە ڕێگای هونەر و کەلتورەوە ئەنجام دەدەن.
پەرێز سابیر، ڕۆژنامەنووس و یەکێک لە بەشداربووانی پانێڵەکە، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە ئێستا میدیاکان بەدەست حزبەکانەوەیە، هەموو بابەتێک بە فلتەری حزبەکاندا تێدەپەڕێت، لەبەر ئەوە ئەرکی میدیا بووەتە گواستنەوەی وتاری حزبەکان.
هەروەها ئەوەی خستەڕوو، ئەوانەی سوتووی یەکەمی ئاگری جەنگن، ئەوەی دەکوژرێت و دەبێتە کۆیلە و زیاتر لە هەمووان دەبێتە قوربانی ژنان و منداڵانن، ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا هێندەی سیاسەت و دەسەڵات خەمی پرسە سیاسییەکانیانە خەمی کێشەی ژنان و کێشە کۆمەڵایەتییەکان نییە.
ت.پ