ژیاننامەی ئەمڕۆ: پڕۆفیسۆر نەسرین فەخری

دکتۆر نەسرین فەخری یەکێکە لە ڕووناکبیرەکانی شاری سلێمانی کە خزمەتی بە ئەدەب و زمانی کوردی کردووە، یەکەم کەس بووە کە نامەی دکتۆرای لەسەر زمانی کووردی بنوسێت و خاوەنی زیاد لە ٣٣ کتێب و دەستنوسە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی.

ناوەندی هەواڵ

 

نەسرین محەمەد فەخری سابونچی لە ڕۆژی ٢٧ی کانوونی یەکەمی ١٩٣٧ لە گەڕەکی سابونکەرانی شاری سلێمانی لەدایکبووە، خێزانی نەسرین یەکێک بوون لە خێزانە ڕۆشنبیر و کورد پەروەرەکانی شاری سلێمانی.

 

بەهۆی ئەوەی باوکی نەسرین یەکێک بووە لە ئەفسەرانی سوپای عێراق و زۆربەی شارەکانی کوردستان گەڕاونبەو هۆیەوە نەسرین قۆناغەکانی خوێندنی لە هەریەک لە شارەکانی کەرکوک، هەولێر و بەغدا تەواو کردووە، لە ساڵی ١٩٥٩ بڕوانامەی بە کالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی لە کۆلێجی ئادابی زانکۆی بەغداد بەدەست دەهینێت.

 

یەکەم کەس بووە کە نامەیدکتۆرای لەسەر زمانی کوردی نووسیوە

نەسرین سەرەڕای ئەوەی بە کالۆریۆسەکەی لەسەر زمان و ئەدەبی عەرەبی بوو، بەڵام بەهۆی خۆشویستنی بۆ زمانی دایک لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی بیستەمدا ڕوودەکاتە یەکێتی سۆڤیەت و لە شاری باکۆی پایتەختی ئازەربایجان دەست دەکات بە خوێندن و دکتۆرا لە هەردوو زمانی کوردی شێوەزاری کرمانجی خواروو و ژوورودا بەدەستدەهێنێت. ئەم نامەیەی نەسرین یەکەم نامەی دکتۆرا بووە کە لەو سەردەمەدا لەسەر زمانی کوردی بنوسرێت. لە دواتردا بە دکتۆر نەسرین فەخری ناسرا.

 

دکتۆر نەسرین درێژە دەدات بە خوێندن و پلەی پرۆفیسۆر بەدەستدەهێنێت، دوای تەواوکردنی خوێندن وەک پڕۆفیسۆر دەگەڕێتەوە بەغداد و لە کۆلێجەکانی ئاداب، پەروەردە و زمان دەبیتە مامۆستا و سەدان خوێندکار لە بواری زمانی کوردیدا پێدەگەیەنێت.

 

پڕۆفیسۆر نەسرین لە ڕێگەی قەڵەمەکەیەوە خزمەتێکی زۆری بە زمانی کوردی کردووە، خاوەنی دەیان لێکۆڵینەوەی زانستییە لە بواری زمان و ئەدەبی کوردیدا، نەسرین فەخری خاوەنی خەرمانێک بەرهەمی چاپکراوە و نزیکەی ٤٠ کتێبی بە زمانی کوردی و عەربی نوسییوە.

١١کتێبی بەزمانی شیرینی کوردی نووسیوە و ١٢ کتێبی دەستنووسی کوردیشی لەدوا بەجێماوە، هەروەها١٠ کتێبیشی بەزمانی عەرەبی نووسیوە و سێ‌ دەستنووسی عەرەبیشی لەپاش بەجێماوە، دکتۆر نەسرین لەگەڵ زمانەوانیدا بایەخی بە شیعریش داوە و بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی چوار دیوانی شیعری چاپکردووە. لەگەڵ ئەمانەشدا لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا سەدان وتار و لێکۆڵینەوەی بە هەردوو زمان بڵاوکردۆتەوە.

 

لە دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد و کۆڕی زانیاری کورد دا ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر بووە، لەو ڕێگەیەوە خزمەتی بە گەل و نیشتیمان کردووە. هەروەها ئەندامی لیژنەی دانانی پڕۆگرامی خوێندن بووە لە وەزارەتی پەروەردە و لە ڕادیۆی بەغداد شوێن دەستی دیار بووە،  جێگای داخە کە بەشێک لە کتێبەکانی فەوتاون و ئەوەی ماوەتەوە لەلایەن بەرپرسانی بنکەی ژینەوە پارێزراوە کە دکتۆر نەسرین خۆی پێشکەشی کردوون.

 

نەسرین فەخری بەشداری دەیان کۆنگرە و کۆنفرانسی زانستی و ئەدەبی لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات کردووە، چەندین خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشراوە.دکتۆر نەسرین لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا دەڵێت "ڕقم لە وشەی خانەنشینییە، خانەنشین نیم، خاک نشینم تا مردن خزمەتی گەل دەکەم"

 

 پاش خزمەتێکی زۆر بە بوارەکانی زمان، ئەدەب، کەلەپوور و کلتووری کوردی، لە ڕۆژی ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨، د.نەسرین فەخری بۆ دواجار ماڵئاوایی کرد و لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی بەخاک سپێردرا.

 

ت.پ