نووسەرێکی فەڵەستینی داوای بەڵگەنامەکردنی گێڕانەوەی نەتەوەیی و ڕووبەڕووبوونەوەی میدیای چەواشەکارانە دەکات
فەیحا عەبدولهادی، نووسەر و لێکۆڵەری فەڵەستینی لە چوارچێوەی بیست و هەشتەمین پێشانگای نێودەوڵەتی پەرتوکی جەزائیر لە سیمینارێکدا بەشداری کرد و جەختی لە گرنگی بەڵگەنامە و نووسین بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەواشەکاری میدیا، بەتایبەتی سەبارەت بە دۆخی غەززە کردەوە.
					نەجوا ڕاهم
جەزائیر- پێشانگای نێودەوڵەتی پەرتوکی جەزائیر دەستیپێکرد، بە بەشدارییەکی بەرفراوان لەلایەن دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و نووسەرانی جیهانەوە، پێشانگاکە خوێنەران و داهێنەران لە شوێنێکدا کۆدەکاتەوە کە ئاهەنگ دەگێڕێت بە وشەی نووسراو و پەروەردەی گفتوگۆی کولتووری نێوان گەلان دەکات.
لە چوارچێوەی بیست و هەشتەمین خولی پێشانگای نێودەوڵەتی پەرتوکی جەزائیر، کە بە ناوی "پەرتوک: شوێنی کۆبوونەوەی کولتوورەکان" بەڕێوەچوو، کە لە ٢٨ی تشرینی یەکەم تا ٥ی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت، نووسەر و لێکۆڵەری فەڵەستینی فەیحا عەبدول هادی بەشداری لە سیمینارێکدا کرد بە ناوی "فەڵەستین لە بەرامبەر بێدەنگیدا".
فەیحا عەبدول هادی، جەختی لە گرنگی گێڕانەوەی مێژوویی فەڵەستین و ڕۆڵی لە بەرەنگاربوونەوەی گێڕانەوەی هەڵبەستراوی زایۆنیستی کردەوە، کە توانیویانە دزە بکەنە ناو میدیای ڕۆژئاواییەوە و وەشانێکی شێواوی دۆزی فەڵەستین بەرەوپێش ببە، وتی: ئێمە خاوەنی مافی زەوی و گێڕانەوەی ڕاستەقینەین، بۆیە زۆر گرنگە نووسین و بەڵگەنامەکردن و دامەزراندنی ڕاستییە مێژووییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی جیهان بەو شتانەی کە ڕاستەقینە و ڕوونن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەوڵانەی ساختەکردن و شێواندن کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە پراکتیزەیان کردووە، چیتر لە هیچ کەس شاراوە نین، بەو پێیەی ئێستا جیهان بە ڕوونی شاهیدی ڕاستییەکانە، سەرەڕای ئەوەی ڕێگری لە میدیاکان دەکرێت بچنە ناو غەززە بۆ ڕووماڵکردنی تاوانە جەنگییەکان و جینۆسایدەکان کە ماوەی دوو ساڵە بەردەوامە و تا ئێستاش شایەتحاڵی هەندێک پێشێلکاری ئاگربەستن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە هێزەکانی ئیسرائیل نەک تەنها کۆمەڵکوژی دژی گەلی فەڵەستین و وێرانکردنی کەرتی غەززە دەکەن، هەروەها ئۆپەراسیۆنە تاوانکارییەکانیان بە وێنە بەڵگە کردووە، سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ئەم وێنانە بە جیهاندا، ئەوەی ئەمڕۆ لە فەڵەستین ڕوودەدات تاڕادەیەکی زۆر بە شاراوەیی ماوەتەوە، وە پاکتاوی نەتەوەیی لە فەڵەستین و جینۆساید لە غەززە و ئاوارەبوونی زۆرەملێ لە کامپی پەنابەرانی جنین و تولکارمدا هەیە.
جەختی لەوە کردەوە، کە فەڵەستینییەکان لەمڕۆدا، پێویستە زیاتر لە هەموو کاتێک، گێڕانەوەی ڕاستەقینەی خۆیان جێگیر بکەن و بە هەموو ئامرازە بەردەستەکان، لەوانەش ئامرازە یاساییەکان، ڕووبەڕووی گێڕانەوەی زایۆنیستی ببنەوە،وتی: خەبات بۆ دادپەروەری و شکۆمەندی مرۆڤ دۆسیەیەکی هاوبەشە لە نێوان گەلانی جیهاندا.
لە کۆتایی قسەکانیدا، داوای لە ڕۆشنبیران و نووسەران کرد بەردەوام بن لە خەباتی ڕۆشنبیری و داهێنەرانە و وتی: هیچ کەسێک نییە لە جیهاندا نەیەوێت بە شکۆمەندی و ڕێزەوە بژی، هەر بۆیە دەبێت بەردەوام بین لە نووسین و بەرەنگاربوونەوە و بەڵگەنامەکردن، چونکە ڕۆمان چەکی ئێمەیە لە بەرامبەر بێدەنگیدا.