نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لە تێکچوونی جددی دۆخی مرۆیی لە غەززە و کەناری ڕۆژئاوا
هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانی شەڕی غەززە بۆ پتر لە ٢٤٦ هەزار کوژراو و بریندار لە نێو وێرانکارییەکی بەربڵاودا، بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی لە خراپتربوونی دۆخی مرۆیی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا دا و جەختی لەسەر زیادبوونی ئاوارەبوون .
ناوەندی هەواڵ
کەرتی غەززە شایەتی خراپتربوونی بارودۆخێکی مرۆییە کە ڕۆژانە خراپتر دەبێت، لە کاتێکدایە، کە وێرانکارییەکی بەرفراوان و سنووردارکردنی توند ڕێگرن لە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ دانیشتووان، هاوکات، هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە قەیرانی بەردەوام و کاردانەوەکانی لەسەر هاوڵاتیانی مەدەنی، بەرەو هەڵکشان دەچن.
سەرچاوە پزیشکییەکان لە کەرتی غەززە ٢٩ی حوزەیران ڕایانگەیاند، کە ژمارەی کوژراوانی شەڕی ئیسرائیل لەسەر کەرتی غەززە بۆ ٧٣ هەزار و ٥٨ کەس بەرزبووەتەوە و ١٧٣ هەزار و ٤٨٨ کەسیش بریندار بوون.
ئاژانسی هەواڵی فەڵەستینی ”وەفا” لە زاری سەرچاوەکانەوە بڵاوی کردەوە، کە نەخۆشخانەکانی کەرتی فەڵەستین لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا دەیان کوژراو و برینداریان وەرگرتووە، کۆی گشتی زیان بەرکەووتوان لە دوای ئاگربەستەکەی ١٠ی تشرینی یەکەمەوە هەزار کوژراوی تێپەڕاندووە و سێ هەزار و ٣٨٠ بریندار و ٧٨٦ تەرمی دەرهێنراون.
سەرچاوە پزیشکییەکان ڕوونیانکردەوە، تا ئێستا ژمارەیەک لە زیانبەرکەوتووان لە ژێر داروپەردووەکان و لە شەقامەکاندا گیریان خواردوە، بەهۆی ئەوەی تیمەکانی فریاکەوتن نەیانتوانیوە پێیان بگەنە.
ئازارێکی بێئەندازە
دانیشتووی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخەری مرۆیی بۆ خاکی داگیرکراوی فەڵەستین جەختی لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی نیگەرانییەکان و دابینکردنی پێداویستی و خواستە ڕەواکانی خەڵکی غەززە لە ڕێگەی جێبەجێکردنی تەواوەتی بڕیارنامەی ٢٨٠٣ی ئەنجومەنی ئاسایش کرد.
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لەوەی کە دۆخی کەرتی ڕۆژئاوا بە قودسی ڕۆژهەڵاتەوە بەردەوامە لە تێکچوون، ئاماژەی بە هێرشە ئاسمانییەکان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل کرد لە سەرتاسەری غەززە، بەردەوامی فراوانکردنی کۆنترۆڵی ئیسرائیل لەسەر زەوی و زیادبوونی ژمارەی ئەو ناوچانەی کە پێویستیان بە ئۆپەراسیۆنی مرۆیی هاوئاهەنگ هەیە.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە فراوانبوونی ئیسرائیل بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئەو شوێنانەی کە لەبەردەستی خەڵکی مەدەنیدا ، بەو پێیەی فەڵەستینییەکان لە غەززە لەو ناوچانەدا چڕبوونەتەوە کە بەردەوام لە بچووکبوونەوەدان و لە بارودۆخێکدا دەژین کە بە نائەمنی و پەرەسەندنی توندوتیژی تایبەتمەندە.
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای شەرمەزارکردنی بەردەوامی کوشتن و بریندارکردنی خەڵکی مەدەنی لە غەززە، لەوانە ژن و منداڵ، داوای لە هەموو لایەنەکان کرد کە ئاسانکاری بۆ تێپەڕاندنی تەواو و خێرا و بێ بەربەستی یارمەتییە مرۆییەکان بکەن.
ئاماژەی بەوەدا، کە خێرابوونی فراوانبوونی نیشتەجێبوونی ئیسرائیل لە کەناری ڕۆژئاوا، داگیرکاریی نایاسایی قووڵتر دەکاتەوە و ئەگەری دەوڵەتێکی سەربەخۆ و لە ڕووی جوگرافیاوە یەکگرتووی فەڵەستین تێکدەدات، نیگەرانییەکی زۆری لە تاپۆکردنی زەوی لە ناوچەی سی دەربڕی و هۆشداریدا لەوەی کە ئەم ڕێوشوێنە ئاسانکاری دەکات بۆ فراوانکردنی زیاتری نیشتەجێبوون.
ڕوونیکردەوە، کە سنووردارکردنی جووڵە و ڕووخاندنی خانوو و پەرەسەندنی توندوتیژی و درێژخایەنی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان بووەتە هۆی ئەوەی لە ساڵی ١٩٦٧ەوە گەورەترین شەپۆلی ئاوارەبوونی فەڵەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا ڕووبدات.