مردنی گوماناوی ژنێکی گەنجی قوربانی هاوسەرگیری پێشوەختە
ڕۆژی یەکشەممە ٨ ی تەمووز، کچێکی تەمەن ١٦ ساڵ، قوربانی هاوسەرگیری پێشوەختە بەهۆی وەستانی دڵەوە لە ئورمیە گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ
بەگوێرەی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، دوێنێ ژنێکی گەنجی تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوی 'ئاینار عەزیزی' خەڵکی گوندی 'سۆفییەکان' لە شاری ورمییە، بەهۆی وەستانی دڵەوە گیانی لەدەستداوە.
بە پێی زانیارییەکان ئەو ژنە گەنجە بەبێ ویستی خۆیی لە هەفتەی پێشوودا بە پێداگیری بنەماڵەکەی هاوسەرگیری کردووە، بە پێی بەڵگەکان گومان لە مردنەکەی دەکرێت و هەندێکیش بە خۆکوشتن ناوی دەبەن، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری مردن یان خۆکوشتنی ئەو ژنە گەنجەی قوربانی هاوسەرگیری پێشوەختە بەدەست نەگەشتووە.
هەژاری و نەبوونی خۆشگوزەرانی و ئاسایش بۆ هەرزەکاران و بەتایبەتی کچان، کێشەی خێزانی و خراپی باری ئابوری بووەتە هاندەری خێزانەکان بۆ ناچارکردنی منداڵەکانیان بۆ بەشوودان لە تەمەنێکی زۆر کەمدا، هاوسەرگیریی منداڵان یەکێکە لەو کێشانەی کە دەبێتە هۆی ئەوەی قوربانیانی منداڵ دووچاری زیانی جەستەیی و دەروونی درێژخایەن ببن و زۆربەشیان خۆیان بکوژن.
ت.پ