مەحسومە شەهید ئیبراهیم: خوێندنەوەی پەرتوک ژنان لە دۆخی چەقبەستوویی ڕزگار دەکات
بەهۆی تەکنەلۆژیاو کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خوێندنەوەی پەرتوک بەراورد بە ڕابردوو لای هەندێک کەس کەمیکردووە، چالاکوان و خوێنەر مەحسومە شەهید ئیبراهیم دەڵێت: خوێندنەوە یەکێکە لە شتە پێویست و گرنگەکانی ژیان بەتایبەتی بۆ ژنان.
دێرین ڕەحیم
سلێمانی- پەرتوک کەرەستەیەکی بێ گیانە بەڵام زمانێکی کاریگەرە، کەڵەکە بوونی سامانێکی زۆر لە ڕووی زانست و زانییارییەوە لە مێشکی مرۆڤدا لە خۆی دەگرێت، بێ شک و گومان هەر کۆمەڵگەیەک تاکەکانی دۆست و هاوڕێی پەرتووک بن، ئەوا بە کۆمەڵگەیەکی زیندوو دەمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەی خوێندنەوە هۆکاری سەرەکی پێشکەوتن و فراوانبوونی فکری تاکەکانی هەر کۆمەڵگەیەکە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیا، بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، نەبوونی هەلی کار و چەندین هۆکاری تر، وایکردووە کە ڕێژەی خوێنەر بەشێوەیەکی بەرچاو کەمببێتەوە.
''ژنان هێز و مۆراڵێکی تایبەتیان هەیە''
مەحسومە شەهید ئیبراهیم، چالاکوان ژنێکی خوێنەرەو بۆ ئاژانسەکەمان باسی لە گرنگی خوێندنەوەی پەرتوک کردو وتی: خوێندنەوە چەمکێکی دوورودرێژە ئەگەر بەراوردیکی بۆ بکەین، لەگەڵ کەسێک کەخوێندەوارنییە بەڵام لایەنی ڕۆشنبیری و فکری بەهێزە، خوێندنەوە یەکێکە لە شتە پێویست و گرنگەکانی ژیان بەتایبەتی بۆ ژنان، کە دەتوانێت لەو ڕێگەیەوە بیرو ڕاکانی خۆی دەرببڕێت و دەتوانێت خۆی بەرەوپێش بەرێت لە ڕێگەی خوێندنەوەی پەرتوک، پەیامی من بۆ هەموو ژنێک ئەوەیە تکایە پەرتوک بخوێننەوە، هیواداریشم ژنان بخوێننەوە و ببن بە خوێنەرێکی باش، چونکە لە ئێستادا باشترین هاوڕێ بۆ ژنان پەرتوک تا بتوانن بە باشی و لێهاتووانە بۆچوون و تیڕوانینەکانتان دەرببڕن، ژنان هێزو مۆراڵێکی تایبەتیان هەیە دەتوانن ڕووبەرووی ئەقڵیەتی پیاوسالای ببنەوە، بەڵام خوێندنەوەی پەرتوک و خوێندەواری گرنگتری دەکات، بۆ شرۆفەو گەڵالەکردنی ئەو بابەتانەیی لەسەر ژن و توندو تیژیەکان و بێنرخکردنی ژن دەنووسرێت، گرنگە لەکۆمەلگەی کوردی و لەهەموو دنیادا خوێندنەوەی پەرتوک بکرێت بەکولتوورێکی نەتەوەیی و ئایدیایی و ئایدۆلۆجی بۆ ئەوەی بتوانن لەڕێگەی خوێندنەوەوە ئەو بابەت و زانیاریانەیی لایان نیە لای خۆیان وەربگرن.
''ژنان دەبێت بە خوێندنەوەی پەرتوک بەردەوام خۆیان نوێ بکەنەوە''
ئاماژەی بەوەشکرد زۆر ڕێگا هەیە بۆیە ژنان ئەو پەرتوکەی دەیانەوێت بتوانن بخویننەوە و دەستیان بکەوێت لەکتێبخانەکان و ناوەندی ئەرشیف، چەندان جۆر پەرتوکمان هەیە بەتایبەت لەسەر ژنان،لەسۆسیال میدیادا هەموو جۆرە پەرتوکێک بەردەستە،هەرژنێک بیەوێت گرنگی بەخوێندنەوە بدات، ئەو ژنانەی بەهەر هۆکارێک نەیانتوانیوە بخوێنن دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوەکانی ژنان هەڵبسن بەکردنەوەی خولی نەخویندەواری بۆ ژنان، بۆیە دەرفەتیک بێت بۆیان سوود لەبابەتە بیستراو و نەبیستراو و دەنگیەکان وەربگرن، لە ڕووی کولتووری و پەروەردەیییەوە مرۆڤ پێویستی بە گەشەکردن هەیەو دەبێت بەردەوام خۆی نوێ بکاتەوە، ئەوەش لە ڕێگەی خوێندنەوەی پەرتوکەوە دەبێت، لە هەمانکاتدا لەو ڕێگەیەوە دەتوانیت نووسەران و گەلانی وڵاتانی دیکە بناسێت.
''کولتووری خوێندنەوە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بێت ئەو کۆمەڵگەیە زیندووە و بەلاڕێدا ناڕاوات''
مەحسومە شەهید ئیبراهیم ئەوەشی خستەروو، یەکێک لەهۆکارە گرنگەکانی خوێندنەوە ئەو پەرتوکانەیە تازە دەکەونە بەر دیدی خوینەران، دەبیتە پاڵپشتیکی ئابووری بۆ ئەو نووسەرانەیی کە گرنگی بە نووسینەکانیان دەدەن، دەرفەتێکیشە بۆ ئەو کەسانەی خویندەوارن ئەو پەرتوکانەیی دەکەویتە کتێبخانەکان ببیتە دەرفەت بۆ ئەوەی سوودی لێوەربگرن، کولتووری خوێندنەوە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بێت ئەو کۆمەڵگەیە زیندووە و بەلاڕێدا ناڕوات، بۆیە زۆر گرنگە تاکی ئێمە هەوڵی خوێندنەوەی زیاتر بدەن و بیکەن بەکولتوور، هەرکاتێک ژن لە خوێندنەوە دابڕا لە کۆمەڵگە و ژیان دادەبڕێت، بۆیە خوێندنەوە زۆر گرنگە بۆ دەستکەوتنی زانیای و هەم بۆ ئاگادار بوون لە دەوروبەرەکەت.
''دەبێت ژنان زانست و زانیاریی خۆیان پڕ چەک بکەن''
مەحسومە شەهید ئیبراهیم وتیشی: داواکارم لەژنان بەشداربن لەکۆرو سیمینارەکاندا لەو کاتانەی نووسەر پەرتوکەکانی بەهاونیشتمانیان دەناسێنن، دەرفەتیکە بۆ ئەوەی ئەو پەرتوکە دەکەوێتە دەستی ژنان، هۆشیاریی و ئاستی تێگەشتنی ژن گرنگە بۆیە پێویستە ژنان لە هەر کەسێک زیاتر بخوێننەوە و خۆیان بەرەوپێش ببەن و بە زانست و زانیاریی خۆیان پڕ چەک بکەن، داواکارم لە بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانی شوێنێکی گشتی تەرخان بکرێت بۆ ژنان لەبەردەرکی سەرای شاری سلێمانی، کتێبخانەیەک هەبێت بۆ ژنان بۆیە کاتێک سەردانی ناو بازاڕ دەکەن بچنە ئەو کتێبخانانەوە هەم پشویەک بدەن هەم بتوانن سوود وەربگرن لەخوێندنەوەی پەرتوک.
لەکۆتایی قسەکانیدا مەحسومە شەهید ئیبراهیم وتی: هەرچەندە لە ئێستادا دەتوانین تەکنەلۆژیا وەک سەرچاوە بەکاربهێنین، لەگەڵ ئەوەی تەکنەلۆژیا لە ژیانی ڕۆژانەماندا ڕۆڵی هەیە، بەڵام هیچی وەک ئەوە نییە کە پەرتوکێکت بەدەستەوە بێت، چونکە خوێندنەوەی پەرتوک بیرکردنەوە و وردەکاریی تێدایە، دەکرێت وەک سەرچاوەی زیاتر سوودی لێ ببینرێت، داواکارم ژنان پەرتوک خوێندنەوە بکەن بەکولتوور و هاوڕی تەمەنیان و پەرتوک بخوێننەوە بۆ ئەوەی لە مێژووی خەبات و شۆڕشگێڕی خۆمان شارەزا بین، تا بزانین بە چیدا تێپەڕیووین و چۆن گەشتووینەتە ئەم ڕۆژگارەی ئەمڕۆ، لەبەر ئەوە پێویستە بخوێنینەوە و خوێندنەوەکە ڕەنگدانەوەی لە ژیانی خۆماندا هەبێت و کاری پێ بکەین تا بەرپەرچی ئەو توندوتیژیانە بدەینەوە، کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە ڕۆژانە.