لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە سێ ژن کە یەکێکیان دووگیانە زیندانی کران
هەڵمەتی زیندانییکردنی ژنان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بۆ بێدەنگکردنی دەنگیان چڕتر کراوەتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا، سێ ژنی ئێران بۆ زیندانی کرمان گواستارانەوە کە یەکێکیان دووگیانە.
ناوەندی هەواڵ
دەنگی دەستگیرکراوانی کورد و ئێران لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، سێ ژنی بەهایی خەڵکی شارۆچکەی ڕەفسەنجانی سەر بە شاری کرمانی ئێران بەناوەکانی بەشاری مستەفەوی، ناهید "ئێلنا" نەعیمی و دیدار ئەحمەدی، دوای بانگهێشت کردنی بۆ یەکەی سزاکانی لەسێدارەدان، بۆ گرتووخانەی کرمان گواسترانەوە، هەر یەکێکیان سزای چوار مانگ زیندانییکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، پێشتر لەلایەن لقی سێ دادگای تاوانەکانی ڕەفسەنجان بە پشتبەستن بە بەڵگەی پێویست بێتاوان بوون، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی و تانەکانی داواکاری گشتی سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندرا.
باس لەوەشکراوە، یەکێک لەو ژنە سزادراوانە دووگیانە و ئەمەش زیاتر نیگەرانییەکان لەبارەی تەندرووستی و بارودۆخی لە ماوەی زیندانیکردنیدا درووست دەکات.
ئەوە لەکاتێکدایە، کە ئەو سێ ژنە بەهاییە بەهۆی بیروباوەڕی ئایینیەوە سزا دراون، کە پێچەوانەی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و بێلایەنی دادوەرییە.