لە ئەڵمانیا بۆ پشتیوانیکردن لە سێ زیندانیی سیاسیی ژن بانگەوازی ڕاگەیەندرا
هەفتەی داهاتوو لە ئەڵمانیا دژی پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی وریشە، پەخشان و شەریفە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەدەچێت و داوا لە هاوڵاتییان دەكرێت بەشداری گردبوونەوەکە بکەن.

ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی شەممەی داهاتوو کاتژمێر ٣:٣٠ خولەكی پاشنیوەڕۆ لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا دژی پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی گردبوونەوەی ناڕەزایەتی ئەنجام دەدرێت.
هەروەها گردبوونەوەکە بە ئامادەبوونی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، مافەکانی مرۆڤ، چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنان و ئازادیخوازان بەڕێوەدەچێت و هاوکات داوای بەشداربوونی هاوڵاتییان دەكرێت تێیدا.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی زیندانیی سیاسیی لە زیندانی لاکانی ڕەشت لە لایەن لقی ٣٩ی دادگای باڵای ئێران بە تەواوەتی پەسەند کرا، هەروەها لەلایەن دەزگای باڵای ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لە ٨ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ و وریشە مورادی لە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ بە تەواوەتی پەسەند کراوە و ژیانیان لە مەترسیدایە.