لە تەعز ڕێپێوانێکی بەرفراوانی ژنان گەمارۆ و کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل شەرمەزار دەکات
سەدان کەس لە دانیشتوانی شاری تەعز بەشدارییان لە ڕێپێوانێکی بەرفراوان کرد بۆ شەرمەزارکردنی ئەو تاوان و کۆمەڵکوژیانەی کە لە غەززە ئەنجام دەدرێن.

رانیا عەبدوڵا
یەمەن- شاری تەعز لە باشوری ڕۆژئاوای یەمەن، ڕۆژی١٣ی ئاب، شایەتحاڵی ڕێپێوانێکی کۆمەڵایەتی بەرفراوان بوو بۆ هاوسۆزی لەگەڵ گەلی فەڵەستین لە کەرتی غەززە و بۆ شەرمەزارکردنی شەڕی بەردەوامی ئیسرائیل کە هەزاران قوربانیی بەجێهێشتووە و زۆربەیان ژن و منداڵن، جگە لە سیاسەتی برسێتی کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە بەسەر کەرتی فەڵەستین سەپێنراوە.
لەو ڕێپێوانەدا کە ژنانی شارەکە بەشدارییان کرد، ئاڵای فەڵەستین لە پاڵ ئاڵاکانی یەمەن هەڵکرا، هەروەها بەشداربووان دروشمیان هەڵگرتبوو کە شەرمرزارکردنی تاوانە ئەنجامدراوەکان و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان دەربڕیبوو، لەگەڵ وێنەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە کەرتەکە کوژراون.
"ئەمڕۆ ئێمە بە هاودەنگی لەگەڵ هاوڵاتیانی غەززە وەستاوین بەو شتانەی کە هەمانە"
بەشداربووان توڕەیی و دڵتەنگی خۆیان دەربڕی بەرامبەر بەو برسێتی و تاوانانەی کە لە کەرتەکە لە نێوان بێکردەوەیی و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ڕوودەدەن، لە پەراوێزی ڕێپێوانەکەدا، حوریە وابل، بەشداربوی ڕێپێوانەکە وتی: ڕێپێوانەکەی ئەمڕۆمان شەرمرزارکردنی ئەو کۆمەڵکوژی و گەمارۆیانەیە کە گەلی فەڵەستین تووشی بووە، بەتایبەتی لە کەرتی غەززە، لەبەردەم گەمارۆ و برسێتی و بۆردوومان و جینۆسایدی دانیشتووانەکەیدایە لە ڕوانگەی تەواوی جیهانەوە، بەو شتانەی کە هەمانە و ئەوەی لە تواناماندایە بە هاوسۆزی لەگەڵ هاوڵاتیانی غەززەدا وەستاوین، جا لەڕێگەی خۆپیشاندانەوە بێت، چ لەڕێگەی نوسین لەسەر ئازارەکانی کەرت، یان لەڕێگەی پۆستەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی، بۆ ئەوەی ئازارەکانیان لە بیر نەکەین و ئەوەی لە تواناماندایە بیکەین.
ئەبرار نەبیل، ژنی گەنج وتی: دۆخەکە بەرگەی ناگیرێت، ئەوەی ئەمڕۆ دەیکەین تەنها شتێکە کە دەتوانین بیکەین، پاڵپشتیمان بۆ گەلی فەڵەستین و کەرتی غەززە لە قسە و نزا تێدەپەڕێت، ئەمە تەنها شتێکە کە ئێمە وەک گەلێکی خەمگین هەمانە، ئەوەی لە غەززە دەگوزەرێت بۆ هەمووان ڕوونە، هیچ پاساوێک بۆ ئەم تاوانە قێزەونانە نییە.
نەسیبە خالد، بەشداربوو وتی: ئەمڕۆ هاتینە دەرەوە بۆ ئەوەی بڵێین ئێمە وەک گەلێک دەست لە دەست لەگەڵ هاوڵاتیانی غەززەین و لە پێناو ئەواندا وەستاوین، ڕێپێوانەکەی ئەمڕۆمان ئامانجی ئەوەیە دەنگی ئێمە ببیسترێت کە ئێمە لەگەڵ گەلی فەڵەستینین و لە تەنیشت ئەوانین، ئەو سیاسەتی برسێتیەی کە ڕوبەڕوی کەرتی غەززە دەبێتەوە ئامانجی لەناوبردنی هاوڵاتیانی غەززەیە، هێزەکانی ئیسرائیل نەک هەر بە فڕۆکە و موشەک بۆردوومانی کەرتی غەززەیان کردووە، بەڵکو بەردەوام بوون لە برسیکردنی هاوڵاتیانی غەززە بە شێوەیەکی سیستماتیک و ڕێگرییان کردووە لە وەرگرتنی خۆراک و دەرمان تا لە تینوێتی و برسێتیدا دەمرن.
"ئامانجکردنی ڕۆژنامەنووسان سوکایەتییەکی ئاشکرایە بۆ ئازادی ڕاگەیاندن"
لە ڕاگەیاندراوەکەدا کە لە ڕێپێوانەکەدا بڵاوکراوەتەوە، سیاسەتی برسێتی سەپێنراو بەسەر هاوڵاتیانی کەرتی غەززە، ئەو تاوانە سیستماتیکیانەی کە بەردەوامە لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی و بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسانی فەڵەستینی، بە "سوکایەتییەکی ئاشکرا بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری و یاسا نێودەوڵەتییەکان" دادەنرێت، هەروەها ئەو حکومەتانەی بە چەک پاڵپشتی ئیسرائیل دەکەن بە "بەشداریکردن لەم تاوانە" تۆمەتبار کردووە.
هەر لەو ڕاگەیاندراوەیەدا جەختی لەسەر یاسای خەباتی گەلی فەڵەستین بۆ گەیشتن بە مافە تەواوەکانی خۆی کردەوە، لەوانە مافی گەڕانەوە، چارەی خۆنوسین و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ کە قودس پایتەختەکەی بێت، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایش کرد کە بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی خۆیان لە ئەستۆ بگرن بۆ ئەوەی دەستبەجێ دەستدرێژییەکە ڕابگرن.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە ڕاگەیاندراوەیەکدا ڕایگەیاند، ژمارەی قوربانیانی برسێتی بۆ زیاتر لە ٢٠٠ کەس بەرزبووەتەوە کە ١٠٦یان منداڵن، جەخت لەوە کراوەتەوە کە قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەززە بە گەمارۆکان و کەمیی کەلوپەلی خۆراک و پزیشکیدا بەردەوام لە خراپتربووندایە، بانگەوازی خۆی نوێکردەوە بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە فریاگوزاریەکان دەستبەجێ و بەپەلە دەستوەردان بکەن.
بەپێی ئاماری نووسینگەی ناوەندی ئاماری فەڵەستین، ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە گەیشتووەتە ٦٢ هەزار و ٦٢٨ کەس و ١٦٣ هەزار و ١٢٢ کەسیش بریندارن و دوو ملیۆن کەسیش ئاوارەبوون.