ناوەندی هەواڵ
ئەو ڕاپۆرتانەی کە لە لایەن ڕێکخراوەکانی مافی ژنان لە ئەرجەنتین ئامادە کراون، ئاستی توندوتیژیی بەرانبەر بە ژنانی خستە ڕوو. چاودێریی لوسیا پێرێز لە ١٠ مانگی یەکەمی ساڵدا ٢٤٣، چاودێریی ئاهۆرا کە کە سە نۆس ڤێن ٢٤٢، لا کاسا دێل ئەنکۆنتڕۆ ٢٤٠ و مومالایش ٢٣٩ تاوانی کوشتنی ژنانیان تۆمار کردووە.
بەپێی داتای چوار ڕێکخراوەکە، مانگی تشرینی یەکەم بوو بە کوشندەترین مانگی ساڵ، چاودێریی لوسیا پێرێز ڕایگەیاند، تەنها لە مانگی تشرینی یەکەمدا ٤٨ تاوانی کوشتنی ژنان تۆمار کراون و ئەم ژمارەیەش بەو مانایەیە کە لە هەر ١٥ کاتژمێرجارێکدا ژنێک دەکوژرێت.
لە سیاسەتەکانی گشتییدا شەڕوپێکدادان
ئاماژە بەوەکراوە، جیاوازیی ژمارەکان لە نێوان ڕێکخراوەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سیستەمێکی فەرمی و فراوانی تۆمارکردن. ڕێکخراوەکان سەرنج دەخەنە سەر ئەوەی کە ڕووداوەکان کەمتر ڕاگەیەندراون و لەوانەیە ژمارەی ڕاستەقینە هێشتا زۆرتر بێت.
ڕێکخراوەکانی مافی ژنان، لە سەردەمی حکوومەتی خافێر میلەیدا کە لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ هاتە سەر کار، رەخنە لە داخستنی وەزارەتی ژنان و کەمکردنەوەی بودجەی بەرنامەکانی تێکۆشان دژی توندوتیژیی لەسەر بنەمای ڕەگەزی کۆمەڵایەتی دەگرن.
بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی لا کاسا دێل ئەنکۆنتڕۆ، ٥٥٪ـی تاوانەکانی کوشتنی ژنان لە لایەن هاوژین یان هاوژینە پێشووەکانی قوربانییەکانەوە ئەنجام دراون و ٦٦٪ـی کوشتنەکانیش لە ناو ماڵەکانی خودی ژناندا ڕوویان داوە. ڕێکخراوەکە ئاشکرای کرد کە لە ئەنجامی ئەم کوشتنانەدا ٢٨٢ منداڵ بێ دایک ماونەتەوە.
هەروەها ڕێکخراوی مومالای لە ماوەی ساڵەکەدا ٧٢٨ هەوڵی کوشتنی ژنانی تۆمار کردووە. بەپێی داتاکانی ڕێکخراوەکە، لە ٦١٪ـی ئەم ڕووداوەدا تاوانباران هاوژین، هاوژینە پێشووەکان یان ئەندامانی خێزان بوون و ٥٩٪ـی ڕووداوەکانیش لە ماڵەکانی قوربانییەکاندا ڕوویان داوە.
چاودێریی ئاهۆرا کە سە نۆس ڤێنیش لە ڕاگەیەندراوەکەیدا هۆشداری دا کە حکومەتی میلەی سیاسەتە گشتییەکانی تایبەت بە ڕێگرییکردن لە توندوتیژیی لەسەر بنەمای ڕەگەزی کۆمەڵایەتی پاشەکشەی پێ کردووە.




