لە ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژناندا، ژمارەیەک لە ژنانی چالاکوان ڕێکخراوەکانی ژنان، لەبەردەم قەڵای هەولێر گردبوونەوەیەكی ناڕەزاییان ئەنجامدا، هەر دوێنێ ڕادیۆی دەنگى یەکسانی و جێندەری بە مەبەستی گەیاندنی دەنگی ژنان لە هەولێر کرایەوە.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ بەبۆنەی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان، ژمارەیەک لە ژنانی چالاکوان و هەماهەنگی ڕێکخراوەکانی مافی ژنان، لەبەردەم قەڵای هەولێر گردبوونەوەیەكی ناڕەزاییان ئەنجامداو وێنەی ئەو ژنانەیان بەرزكردەوە كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە كوژراون.
داوایانكرد، کوشتنی ژنان ڕابگیرێت و چیتر ژنان نەکوژرێن، هەروەها حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە یاسا سزای ئەو کەسانە بدەن کە بکوژی ژنان.
لە لایەکی دیکەوە هەر دوێنێ ٨ی ئادار، بەمەبەستى گەیاندنى دەنگى ژنان و بڵاوکردنەوەى هۆشیارى خێزانى ڕادیۆی دەنگى یەکسانی و جێندەری لەسەر شەپۆلی ١٠١.٩ بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی یونیسێف و بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان لە هەولێر کرایەوە.




