ناوەندی هەواڵ
شەوی ڕابردوو لە ناوچەی "ڕەکەی حاجی سوهەیل"ی سەر بە شارەدێی داروسەلام لە سنووری شاری بەعقوبەی پارێزگای دیالە هێزێکی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی دەستگیرکردنی داواکراوێک بەپێی ماددەی ٤٠٦ی یاسای سزادان (کوشتنی بەئەنقەست)، ڕووبەڕووی تۆمەتبارەکە بوونەتەوە کە بە ئۆتۆمبێلەکەی پابەندی فەرمانی وەستان لە بازگەکە نەبووە و هەوڵی هەڵاتنی داوە.
بەپیی زانیارییەکان، لەو کاتەی هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی تۆمەتبارەکە کردووە، سێ منداڵ (دوو کوڕ و کچێک) گیانیان لەدەستداوە و پێنج منداڵی دیکەش بریندار بوون، کە سەرجەمیان ئەندامانی خێزانەکەی بوون و لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا لەگەڵ تۆمەتبارەکەدا بوون.
لە دوای ڕووداوەکە، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە تۆمەتبارە داواکراوەکە دەستگیر بکەن و بریندارەکانیش بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون کە باری تەندروستیی بەشێکیان ناجێگیرە.
هەروەها وەزیری ناوخۆی عێراق دەستبەجێ بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەی بە سەرپەرشتیی ئەفسەرانی پلە باڵا دەرکردووە، هاوکات ئەفسەرێک و ١٠ کارمەندی ئەو هێزە ئەمنییە دەستبەسەر کراون و ڕێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر.




