بناری قەندیل
لە گوندی توتمە، لە هەرێمی مارەدوو لە بناری قەندیل، شەوی ڕابردوو بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، دوو مەراسیمی جیاواز بە بەشداریی ژنان و پیاوانی گوند بەڕێوەچوون، کە هەردوو مەراسیمەکە پەیامی کەرامەت، ئازادی، یەکسانی و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییان لە خۆ دەگرت.
لە مەراسیمی یەکەمدا، ژنانی گوند کۆبوونەوە و پەیامی ئەنجومەنی ژنانی قەندیل لەلایەن خاتوو مێر مەلاوە خوێندرایەوە. پەیامەکە بە ناونیشانی ژن؛ شکۆ، ئازادی و ژیان، جەختی لەسەر کەرامەتی ژن، ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان، بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و گرنگی بەشداریی ژنان لە پێشخستنی کۆمەڵگا دەکردەوە.
لە پەیامەکەدا، توندوتیژی دژی ژنان تەنها بە توندوتیژیی جەستەیی سنووردار نەکراوە، بەڵکو هەڕەشە، سووکایەتی، فشارە دەروونییەکان، سنووردارکردنی ئازادی و بێبەشکردنی ژنان لە ماف و دەرفەتەکانیش وەک جۆرەکانی توندوتیژی باس کران. هەروەها، بانگەواز بۆ خێزان، پیاوان، دامەزراوەکان و کۆمەڵگا کرا کە پاراستنی ماف و کەرامەتی ژنان بکەنە بەرپرسیاریەتییەکی هاوبەش.
لە مەراسیمی دووەمدا، پیاوانی گوند لە کۆبوونەوەیەکدا بە بەشداریی هاوسەرۆکی هەرێمی مارەدوو، ئەندامانی ئەنجومەن، ڕێدسپێوان و گەنجان، بەڵێننامەی بناری قەندیل بۆ پاراستنی کەرامەت و مافەکانی ژنان و کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرەکانی توندوتیژییان خوێندەوە. ئەم بەڵێننامەیە لەلایەن ڕێبوار عەبدوڵڵاوە خوێندرایەوە و لە چەند خاڵی گرنگدا پابەندبوون بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، پاراستنی مافە یاساییەکانی ژنان، پشتگیری لە خوێندن و کار، بەرزکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵگا و ڕەتکردنەوەی بێدەنگی بەرامبەر توندوتیژی جەختی لێکرایەوە.
لە بەڵێننامەکەدا، پاراستنی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی وەک بەرپرسیاریەتییەکی هاوبەشی تاک و دامەزراوەکانی کۆمەڵگا باس کرا، هەروەها بەڵێن درا ئەم پەیامە تەنها لە چوارچێوەی مەراسیمدا نەهێڵرێتەوە، بەڵکو لە کردار و هەڵوێستی ڕۆژانەدا جێبەجێ بکرێت.
هەردوو مەراسیمەکە بە پەیامی هاوبەشی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و درووشمی ژن، ژیان، ئازادی کۆتاییان پێهات.












