بناری قەندیل
ڕێوڕەسمی یادی شەهیدانی ١٦ی ئایار ئەمڕۆ لە گۆڕستانی شەهیدانی بناری قەندیل بەڕێوەچوو و بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزلێنان لە گیانی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان چەندین پەیام و وتاری تایبەت خوێندرایەوە.
لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا، غەریب محەمەد پەیامی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی خوێندەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکرد کە مانگی گوڵان لە مێژووی خەباتی گەلی کورددا بە “مانگی شەهیدان” ناسراوە و کۆمەڵکوژی هەولێر بەشێکە لە مێژوویەکی خوێناویی کە بە دەستی خیانەت و داگیرکاری ئەنجامدراوە.
لە ناوەڕۆکی پەیامەکەدا هاتبوو کە لە ساڵی ١٩٩٧دا نزیکەی ٨٣ تێکۆشەر و چالاکوانی مەدەنی، کولتووری و پزیشکی لە هەولێر کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کران، کە بە وتەی کۆمیتەکە زۆربەیان بێ چەک بوون و لە ناو دامەزراوە و ناوەندە مەدەنییەکاندا کاریان دەکرد.
کۆمیتەی بنەماڵەی شەهیدان هەروەها ڕایگەیاند کە بە تێپەڕبوونی ٢٧ ساڵ، هێشتا شوێنی بەخاکسپاردن و چارەنووسی تەرمەکانی شەهیدان ئاشکرا نەکراوە و هیچ وەڵامێکی فەرمی بە خانەوادەکان نەدراوەتەوە. لە هەمان کاتدا، ئەم ڕووداوەیان بە “پەڵەیەکی ڕەش” لە مێژووی سیاسی کوردستان وەسف کرد و داوای دادوەری و ئاشکراکردنی ڕاستییەکانیان کرد.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، پەیامی ئەنجومەنی گەلی بناری قەندیل لەلایەن ئەحمەد حاجی خوێندرایەوە. لەو پەیامەدا ١٦ی ئایار بە “برینێکی کراوە” ناوبرا و ئاماژە بەوە کرا کە هێزە ناوخۆییەکان بە جێبەجێکردنی ئەجێندای داگیرکەران، نزیکەی سەد شۆڕشگێڕ و خەباتکاریان شەهید کردووە.
پەیامەکە هەروەها ئاماژەی بە چەند ڕووداوێکی دیکەی مێژوویی کرد و رایگەیاند کە هەندێک لە سیاسەتە ناوخۆییەکان لە قۆناغە جیاوازەکاندا بوونەتە هۆی پشتگیری لە ئەجێندا دەرەکییەکان.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، ئامادەبووان جەختیان لەسەر بەردەوامی خەبات بۆ ئازادی، دادپەروەری و پاراستنی مێژوو و بیری شەهیدان کردەوە و بە دروشمی “شەهیدان نامرن” ڕێزیان لە گیانی شەهیدانی ١٦ی ئایار گرت.




